پنتاگۆن: ئاگاداری سەرجەم هەڕەشە و مامەڵە خراپەکانی ئێرانین
  2021-11-17       447       

بەرلە سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی لوید ئۆستن وەزیری بەرگریی ئەمریکا بۆ ناوچەکە، ئەمریکا جەختیکردەوە کە بەردەوامە لە ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی ئێران لەسەر ناوچەکە.

جۆن کێربی وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا ڕایگەیاند، مامەڵە و ڕەفتارە خراپ و پیسەکانی ئێران و بابەتی ئێران بەگشتی و هەڕەشەکانی لەسەر ئاسایشی ناوچەکە ئێستا لەسەروو هەموو بابەتێکەوەیە.

بەپێی ڕاگەیەندراوی پنتاگۆنیش، لوید ئۆستن لە سەردانەکەیدا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەشێوەیەکی سەرەکی باس لەو پرسە دەکات.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئۆستن لەسەردانەکەیدا لەگەڵ سەرکردە سیاسی و سەربازییەکانی ئیمارات و بەحرەین کۆدەبێتەوە و سەردانی هێزەکانی ئەمریکا لەهەردوو وڵاتەکە دەکات.

هەروەها مێرا ڕیسنیک جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری ئاسایشی ناوچەیی ئاشکرایکرد، هەڕەشەکانی ئێران ئامانجی دورستکردنی ئاڵۆزی و ناسەقامگیرییە لە ئاسایشی ناوچەکە و دروستکردنی مەترسییە بۆسەر هاوپەیمانەکانی واشنتن.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×