عێراق میوانداریی گەڕێكی تری دانوستاندنی نێوان ئێران و سعودیە دەكات
  2022-01-10       440       

وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت، عێراق میوانداریی گەڕێكی تری دانوستاندنی نێوان تاران و ڕیاز دەكات.

ئاوێنه‌: سەعید خەتیب زادە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، “ڕێكخستنی گەڕی داهاتووی دانوستاندنی نێوان ئێران و سعودیە كە عێراق میوانداریی دەكات، لەسەر خشتەی كارەكانمانە و هەوڵمانداوە بەردەوامی بەو دانوستاندنانە بدەین”.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وتی، “سەرباری ناكۆكییەكانی نێوانمان، پەیوەندییەكانمان لەگەڵ سعودیە جێگیرن”.

گرژیی پەیوەندییەكانی نێوان ئێران و سعودیە بەدرێژایی ساڵانی ڕابردوو لە هەڵكشانی بەردەوامدا بوو، بەڵام ماوەی ساڵێكە هەوڵێك بە نێوەندگیریی عێراق هەیە بۆ هێوركردنەوەی ئەو گرژییە.

شەڕی یەمەن یەكێكە لە سەرەكیترین خاڵەكانی ناكۆكیی نێوان ئێران و سعودیە، لەو بارەیەوە سەعید خەتیب زادە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، “داوا لە هاوپەیمانیی عەرەبی دەكەین دەستبەرداری ڕێگەی هەڵە ببێت، داواكارین لەڕێگەی گفتوگۆیەكی یەمەنییانەوە كۆتایی بە قەیرانی یەمەن بهێنرێت”.
 

زۆرترین بینراو
© 2023 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×