عەممار حەکیم: به‌شدارى حکومه‌تى داهاتوو ناکه‌ین و ته‌نیا پشتیوانى سه‌رکه‌وتنیان ده‌بین
  2022-02-04       498       


سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتیمانی عێراق رایگەیاند: " ئەمڕۆ ئەوەندە ئەزموونی ئەمنیی و سەربازییمان هەیە کە بتوانین پشت بەخۆمان ببەستین بێ ئەوەی پێویستمان بە هیچ هێزێکی بیانی هەبێت."  ده‌ڵێت:" به‌شدارى حکومه‌ت ناکه‌یهن به‌ڵام یەکەم پاڵپشتی و پشتیوانیکاریان دەبین بۆ هەر خزمەتکردنێک کە ناوچەکانمان لە قەیران و پێداویستییەکانی دەربهێنێت".

ئاوێنه‌: عەممار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتیمانی عێراق بە بۆنەی ساڵیادی شەهیدانی عێراق، رۆژی هەینی 04-02-2022 لە نەجەف لە بەردەم هەزاران ئەندام و لایەنگری رەوتەکەی وتارێکی پێشکەشکرد و رایگەیاند، "سەروەریی نیشتمانیی لە هەموو دۆخەکاندا لەپێشترینێکی باڵایە، ئەمڕۆ ئەوەندە ئەزموونی ئەمنیی و سەربازییمان هەیە کە بتوانین پشت بەخۆمان ببەستین بێ ئەوەی پێویستمان بە هیچ هێزێکی بیانی هەبێت."

لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا، سەرۆکی رەوتی حیکمەی عێراقی وتی، "بەڵی، بەڵێ بۆ سەروەری، پێویستە لەسەر حکومەتی داهاتوو جیددی بێت لە بونیادنانی ئەو سیستەمە و بۆ دروستکردنی بیروباوەڕێکی سەربازیی نیشتیمانی یەکگرتوو و گشتگیر سوود لە هەمەجۆریی و چاڵاککردنی جومگەکانی ئەو هێزە سەربازییانە ببینێت کە لە سوپا، پۆلیس، دژەتیرۆر، حەشدی شەعبیی و پێشمەرگە پێکهاتوون."

هەروەها سەرۆکی رەوتی حیکمە باسی لەوەش کرد، "ئومێدی دەستکەوت و سەرکەوتنە گەورەکان بۆ حکومەتی داهاتووی عێراق دەخوازین، وە یەکەم پاڵپشتی و پشتیوانیکاریان دەبین بۆ هەر خزمەتکردنێک کە ناوچەکانمان لە قەیران و پێداویستییەکانی دەربهێنێت."

لە بەشێکی وتارەکەیدا عەممار حەکیم، ئاماژەی بەوە کردووە، " هۆشداریی لە کەمکردنەوەی دامەزراوەی حەشدی شەعبیی دەدەین. ئەو دامەزراوەیەی هەموو گرانبەهایەکی لەپێناو بەدەمەوەچوونی بانگەوازی نیشتمان و بەرگریی لێی و بەرگریکردن لە گەلەکەی بەخشیووە."

بەپێی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی 10ی ئۆکتۆبەری 2021ی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، رەوتی سەدر بە 73 کورسییەوە بووەتە هێزی یەکەم لەسەر ئاستی عێراق و پارتی دیموکراتی کوردستانیش بە 31 کورسییەوە هێزی یەکەمی هەرێمی کوردستانە. هەروەها هاوپەیمانیی تەقەدوم بە سەرۆکایەتیی محەممەد حەلبووسی 37 کورسی، دەوڵەتی یاسا 33 کورسی، هاوپەیمانیی فەتح 17 کورسی، یەکێتی نیشتیمانی کوردستان 18 کورسی و هاوپەیمانیی عەزم 14 کورسییان بەدەستهێنا.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×