هەڵوێستی كۆشكی سپی لەبارەی فەرمانەكەی پوتین بۆ خستە حاڵەتی ئامادەباشی هێزی ئەتۆمی وڵاتەكەی
  2022-02-27       787       

جین ساكی، سكرتێری رۆژنامەوانی كۆشكی سپی لەبارەی فەرمانەكەی ئەمڕۆی ڤیلادیمێر پوتین، سەرۆكی روسیا كە تێیدا هێزی ئەتۆمی وڵاتەكەی خستە حاڵەتی ئامادەباشییەوە، رایگەیاند، روسیا هیچ كات روبەڕوی هەڕەشەی ناتۆ نەبۆتەوە، پوتین هەڕەشەی هەڵبەستراو بەكاردەهێنێت بۆ ئەوەی بیكاتە پاساوی دەستدرێژی زیاتر.

ئاوێنە: ئەمڕۆ یەكشەممە، ڤیلادیمێر پوتین، سەرۆكی روسیا، فەرمانی دا بە هێزە چەكدارەكانی وڵاتەكەی كە هێزی ئەتۆمی بخرێتە حاڵەتی ئەوپەڕی ئامادەباشییەوەو راشیگەیاند، ئەو هەنگاوە وەك بەرپەرچدانەوەی بەرپرسانی رۆژئاوایە كە بەقسەی ئەو "تەنها بە هەنگاوە دوژمنكارانە ئابورییەكانیانەوە نەوەستاون...بەڵكو بەرپرسانی ناتۆ لێدوانی دوژمنكارانەیان دژبە روسیا داوە."

ئاوێنە لە تەلەگرام جۆین بكە

جین ساكی، سكرتێری رۆژنامەوانی كۆشكی سپی لەوبارەیەوە بە كەناڵی "ئەی بی سی" ئەمریكی راگەیاند"ئەمە ئەو شێوازەی پوتینە كە لەماوەی ئەم ناكۆكیانەدا لێمان دیوە، كە ئەوەش هەڵبەستنی هەڕەشەگەلێكە كە بونیان نییە تا بیانكاتە پاساو بۆ دەستدرێژی زیاتر."

جین ساكی وتیشی"ئەو شێوازەمان چەندین جار لە سەرۆكی رۆسیا دیوە"و جەختیشی كردەوە كە "هیچ كات روسیا روبەڕوی هەڕەشەی ناتۆ نەبۆتەوە. ئایا روسیا لەلایەن ئۆكرانیاوە روبەڕوی هەڕەشە ببوەوە؟ ئەمە شێوازەی پوتین خۆیەتی."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×