ئا: ئاوێنە
سوپای پاسداران بەرپرسیاریەتی هێرشكردنە سەر هەولێری بە12 موشەكی بالیستی لەئەستۆگرت، كۆماری ئیسلامی ئێران لەڕێگەی ئەم موشەكانەوە سێ پەیامی بەپارتیو بارزانیو بەهاوپەیمانە عێراقییەكانیو بەئەمەریكاش گەیاند.
سوپای پاسداران دو فەرماندەی لەسوریا لەلایەن ئیسرائیلەوە لێدەكوژرێو لە"هەولێر" تۆڵەیان دەكاتەوە، وەک لەبەیاننامەکەی سوپای پاسداراندا هاتوە "گوایە لەتۆڵەی ئەو دوو پاسدارەدا بنكەیەكی موسادی لەنزیك هەولێری پایتەخت كردوەتە ئامانجو چەند بەرپرسێكی باڵای موسادیان لەم هێرشەدا كوشتوەو رژێمی زایۆنیو پیلانگێڕانیان تەمێ كردوە".
ئەوەی بەلای چاودێرانەوە جێی پرسیارە: كوشتنی فەرماندەكانی سوپای پاسداران لەسوریا لەلایەن ئیسرائیلەوە، روداوێكی نوێ نییەو لەماوەی چەند ساڵی رابردودا سەدان جار ئیسرائیل بنكەو فەرماندەكانی سوپای پاسدارانی لەناو خاكی سوریادا كردوەتە ئامانجو رۆژانە لێیاندەكوژێ، بێ ئەوەی كۆماری ئیسلامی ئێران وەڵامی بداتەوە، بۆچی لەئێستادا لەهەولێر تۆڵەی كوشتنی دوو فەرماندەی سوپای پاسداران دەكاتەوە؟
هەرچەندە عەلی شەمخانی، ئەمینداری شورای ئاسایشی نەتەوەیی لەتویتێكدا دەڵێت "مەیدانو دیبلۆماسی هەمیشە ئامڕازی بەرهەمهێنانی هێزی كۆماری ئیسلامی ئێرانن، بۆ بەرگری لەبەرژەوەندیو ئاسایشی نەتەوەیمانو ژیرانە بەكاریاندەهێنین"، بەڵام ئەوەی زیاتر دەستی ئێرانی لەم ساتەوەختەدا كردوەتەوە ئەو گۆڕانكارییە نێودەوڵەتییانەیە كە بەهۆی جەنگی ئۆكرانیاوە هاتونەتە ئاراوە، وڵاتانی ئەوروپای رۆژئاواو ئەمەریكا تەواو سەرقاڵن بەم جەنگەوەو نرخی نەوتیش لەهەڵكشانێكی بەردەوامدایە كە فشاری گەورەی بۆ ئابوری ئەو وڵاتانە دروستكردوە، ئەمەریكا لەئێستادا نایەوێ وەڵامی ئەم جموجۆڵەی ئێران بداتەوەو بەرەیەكی نوێ بەڕوی خۆیدا بكاتەوەو گرژیو ئاڵۆزییەكانی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستو نرخی نەوتیش لەمە زیاتر رو لەهەڵكشان بكات، وەك بە بەیاننامە "نەرم"ەكەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكادا بەرامبەر ئەم هێرشەی ئێران بۆ سەر هەولێر دەردەكەوێت.
سەڕەرای ئەوەی وەك چەند سەرچاوەیەكی هەواڵ باس لەوە دەكەن كۆماری ئیسلامی ئێران كاتژمێرێك پێش ئەوەی هێرشەكەی بۆ سەر هەولێر ئەنجام بدات، مەسعود بازرانی لێئاگادار كردوەتەوە، بەڵام ئێران لەڕێگەی ئەم موشەكانەوە دەیەوێ سێ پەیام بەپارتیو بارزانیو بەهاوپەیمانەكانی لەعێراقو بەئەمەریكاش بگەیەنێ:
یەكەم/ بەپێی ئەو زانیاریانەی بڵاودەبنەوە لەگفتوگۆكانی ڤێنادا، ئێران پێداگری لەسەر ئەوە كردوە بۆ گەیشتنە رێككەوتنی كۆتایی، خوازیارە سوپای پاسداران لەلیستی تیرۆرو سزا ئابورییەكان دەربهێنرێت، بەڵام ئەمەریكا رازی نەبوەو سەرپێچی كردوە.
سوپای پاسداران دەیەوێ لەڕێگەی ئەم موشەکانەوە ئەوە بۆ ئەمەریكا بسەلمێنێ كە ئەگەر ئەم مەسەلەیە چارەسەر نەكاو فشاری زیاتر بهێنێ بۆ ئێران لەدۆسیەی ئەتۆمیدا، ئەوا سوپای پاسداران هەر كاتێك بیەوێ دەتوانێت سەرئێشە بۆ ئەمەریكاو هاوپەیمانەكانی لەعێراق دروست بكات. بەتایبەتی لەم كاتە هەستیارەدا كە هاوسەنگی هێز لەناوچەكەدا لەبەرژەوەندی ئێرانەو ئەمەریكا توانای وەڵامدانەوەو زەبروەشاندنی نییە.
ئەمە لەکاتێکدایە کە پێشتریش محەمەد جەواد زەریف، وەزیری پێشوی دەرەوەی ئێران لەفایلێكی دەنگیدا سكاڵای لەسوپای پاسدارانو خودی قاسمی سلێمانی كردبو بەردەوام كاریان لەسەر ئەوە كردوە لەڕێگەی "مەیدان"ەكانی سوریاو عێراقەوە كاریگەرییان لەسەر رەوتی گفتوگۆكانی ئێران لەگەڵ ئەمەریكاو جیهانی رۆژئاوا هەبێتو ئەگەر لەبەرژەوەندیان نەبێ شکستی پێبهێننو هەندێكجاریش پێچەوانەی ئاڕاستەی سیاسەتی فەرمی وەزارەتی دەرەوە كاریان كردوەو دەستیشیان كراوە بوە لەم بوارەدا، لەبەرئەوەی فەرماندەکانی سوپای پاسداران ئابوریو چەكیشیان پێیە.
دوەم/ ئێران دەیەوێ لەڕێگەی ئەم موشەكانەوە پەیامی توڕەیی خۆی بەپارتیو بارزانی بگەیەنێت، سەبارەت بەو هەنگاوانەی لەگەڵ رەوتی سەدرو سوننەكاندا دەینێت بەئاڕاستەی پێكهێنانی "حكومەتی زۆرینە"دا، كە پارتی لەدوای هەڵژاردنەكانی ئەمدواییەی ئەنجومەنی نیشتمانی عێراقەوە رۆڵێكی گرنگی لەپێكهێنانی هاوپەیمانی "بارزانیو سەدرو حەلبوسیو خەنجەر"دا بینیوە. ئێران چەند مانگێكە هەوڵئەدات رێگری لەپێکهێنانی حکومەتی زۆرینە بكات، تا جارێكیتر هەل بڕەخسێ بۆ حكومەتی تەوافوقیو هێزەکانی سەر بەحەشدی شەعبیو حیزبە هەوادارو موریدەكانی خۆی بچنە حكومەتەوە.
ئێران لەدەستبادانی پارتیدا بۆ ئەوەی لەم هەنگاوە دوری بخاتەوە، هەر بەوەوە نەوەستا كە دادگای فیدرالی عێراق بهێنێتە سەر خەتو بڕیاری نایاسایی بونی فرۆشتنی نەوتو غاز لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە بداتو مافی خۆكاندید كردن لە"هوشیار زێباری" بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار بسەنێتەوە، بەڵكو كاری گەیاند بەوەی هەولێر موشەكباران بكات، بۆ ئەوەی پەیامی ئەوە بەمەسعود بارزانی (كە ماوەی زیاتر لە 10 ساڵە سەردانی تارانی نەكردوە)و بەهاوپەیمانە عێراقیەكانی لەشیعەو سوننەو ئەمەریكاش بگەیەنێت كە ئەوەندە هێزو توانامان هەیە چیمان بوێ بیكەین، تەنانەت "موشەكباران"یش، چونكە سەرتاسەری عێراق گۆڕەپانی ئێمەیە.
سێهەم/ ئێران لەڕێگەی موشەكبارانی ماڵی شێخ بازی بەڕێوەبەری جێبەجێكاری گروپی كارو بازرگانی ناوداری نەوتو غازەوە دەیەوێ ئاستەنگ بۆ پڕۆژەی هەناردەكردنی غازی هەرێم بۆ توركیاو ئەوروپا دروست بكات.
كۆماری ئیسلامی ئێران جەنگی ئۆكرانیا بەگەورەترین دەرفەت دەزانێ تا پاش سەپاندنی سزا ئابورییەكان بەسەر روسیادا، ئەمەریكاو وڵاتانی رۆژئاوا بایەخێكی زیاتر بەئێران بدەنو غازی ئێران قەرەبوی غازی روسیا بۆ وڵاتانی ئەوروپای رۆژئاوا بكاتەوەو توانای بەرهەمهێنانی نەوتی ئێرانیش لەم كاتەدا بەرزتر بێتەوەو سەرەنجام وڵاتانی رۆژئاواو ئێران لەڤێنا رێككبكەونو سزا ئابورییەكانی لەسەر هەڵبگیرێ.
ئێران لەجموجۆڵە بەردەوامەكانی ئەم دواییەی نێچیرڤانو مەسرور بارزانی بۆ توركیاو قەتەرو ئیمارات بەگومانەو لەهاوكاری ستراتیجی نێوان پارتیو توركیا نیگەرانە، كە سەرباری بڕیارەكەی دادگای فیدرالی عێراقیش دەربارەی نایاسایی بوونی فرۆشتنی نەوتو غاز لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە، بەڵام توركیا رایگەیاندوە پابەند نابێت بەو بڕیارەوەو هاوكات لەگەڵ بڵاوبونەوەی هەواڵی دۆزینەوەی كێڵگەیەكی نوێی غازی گەورە لەنزیك هەولێر، توركیا رایگەیاند ئامادەیە بەمەبەستی هەناردەكردنی نەوتو غاز بۆ ئەوروپا هاوكاری هەرێم بكاو بگەنە رێككەوتنێك. ئێران دەیەوێ لەڕێگەی ئەم موشەكانەوە ئاستەنگ بۆ ئەم پڕۆژەیە دروستبكاو بەهەمو جیهان بڵێت ئەم ناوچەیە نائارامەو گرەوی لەسەر ناكرێت.