"هەرێم بەبێ ڕێككەوتن لەگەڵ بەغداد نەوت بفرۆشێت دوچاری لێپێچینەوەی یاسایی‌و دارایی دەبێتەوە"
  2022-04-12       974       

ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، حكومەتی هەرێم بەبێ ڕێككەوتن لەگەڵ بەغداد نەوت بفرۆشێت دوچاری لێپێچینەوەی یاسایی و دارایی دەبێتەوەو حكومەتی عێراق دەتوانێت سكاڵا لەسەر ئەو وڵاتانەش تۆماربكات كە مامەڵە بە نەوتی هەرێمەوە دەكەن.

ئاوێنه‌: موسەنا ئەمین، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاندووه‌، بڕیارەكەی دادگای فیدراڵیی تایبەت بەنەوتی هەرێم ئەركی سەرشانی هەردوو حكومەتە جێبەجێی بكەن. وتیشی، “ئەگەر هەرێم بەبێ ڕێككەوتن لەگەڵ بەغداد سەربەخۆ نەوت بفرۆشێت دووچاری لێپێچینەوەی یاسایی و دارایی دەبێتەوەو حكومەتی عێراق سكاڵا لەسەر ئەو وڵاتانەش تۆماردەكات كە مامەڵە بەنەوتی هەرێمی كوردستانەوە دەكەن”.

ئه‌و پەرلەمانتارە پێیوایە، “هەرێم بەبێ گەڕانەوە بۆ حكومەتی عێراق نەوت بفرۆشێت هیچ داهاتێكی لە بەغدادەوە بۆ نانێرێت بەو 200 ملیار دینارەی كە مانگانە بۆی ڕەوانە دەكرێت”.

باسی لەوە كرد، یەكێك لە گرفتەكانی هەرێمی كوردستان لە فرۆشتنی نەوتەكەیدا ئەوەیە هەموو بەرمیلێك نەوت بە 10 دۆلار كەمتر دەفرۆشێت كە مانگانە 150 ملیۆن دۆلار زیان بە داهاتی گشتی دەگەیەنێت و ئەگەر لەڕێگای كۆمپانیای سۆمۆوە نەوتەكەی بفرۆشێت بە نرخی جیهانی دەفرۆشرێت.

وته‌كای‌ ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ دوێنێ دوشه‌ممه‌، شاندێكی باڵای حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبەغدا له‌گه‌ڵ وه‌زیری‌ نه‌وتی‌ عێراق كۆبونه‌وه‌، به‌مه‌به‌ستی‌ باسكردنی‌ ڕێوشوێنەکانی‌ جێبەجێکردنی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی و ڕێككەوتن لەسەر میكانیزمی نوێ بۆ چۆنیەتی بەڕێوەبردنی دۆسیەی نەوت.
 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×