لەساڵیادی جینۆسایدی ئەرمەنەكاندا، چاوشئۆغلو دروشمی "گورگە بۆرەكان" بەرز دەكاتەوە
  2022-04-25       1757       

ئا: ئاوێنە

 

وەزیری دەرەوەی توركیا، مەولود چاوشئۆغلو لەمیانەی سەردانێكیدا بۆ وڵاتی ئۆرگوای كە هاوكات بو لەگەڵ یادی 107 ساڵەی جینۆساید كردنی ئەرمەنەكان، لەبەرامبەر ناڕەزایی‌و خۆپیشاندانی رەوەندی ئەرمەنیدا لەو وڵاتە دژ بەو سەردانە، چاوشئۆغلو پەنجەكانی بەرز كردەوەو دروشمی "گورگە بۆر"ە راسیزمە توندڕەوەكانی نیشاندان.

 

ئەم هەڵسوكەوتەی مەولود چاوشئۆغلو لەمیدییا جیهانییەكاندا دەنگدانەوەی زۆری هەبو، كە وەك سكانداڵ‌و بێ‌ ئابڕویی‌و كردەوەیەكی پڕ لەشەرمەزاریی ئاماژەیان پێكرد.

 

چاوشئۆغلو لەكاتێكدا بەمەبەستی بەشداربون لەئاهەنگی كردنەوەی باڵوێزخانەی توركیا لە"مۆنتیفیدیو"ی پایتەختی ئۆرگوای‌و کۆبونەوە لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە ئامادە بو، روبەڕوی ناڕەزایی ژمارەیەكی بەرچاو لەرەوەندی ئەرمەنی لەو وڵاتەدا بوەوەو بۆ ماوەی چەند خولەكێك رێگەیان بەتێپەڕینی ئوتومبێلەكەی نەدا.

 

بەپێی گرتەیەكی ڤیدیۆیی كە لەسایتە ئەرمەنیەكاندا بلاوكراوەتەوە، چاوشئۆغلو لەناو ئوتومبێلەكەیەوە پەنجەكانی بەدروشمی گورگە بۆرەكان بەرز دەکاتەوە بۆ ئەرمەنەکان.

 

گورگە بۆرەكان، بزوتنەوەیەكی نەتەوەپەرستی راستڕەوە‌و چەندین وڵاتی ئەوروپی چالاكیەكانی قەدەغە كردوە كە تۆمەتبارە بەهێرشكردنە سەر رەوەندەكانی ئەرمەنی‌و یۆنانی‌و كورد لەو وڵاتانەدا.

 

بزوتنەوەی "گورگە بۆرەكان Bozkurtlar" لەشەستەكانی سەدەی رابردوەوە دامەزراوەو لە ریزی رێكخراوە فاشیە نەتەوەپەرست‌و توندڕەوەكاندا پۆلێن دەكرێت‌و لەنەوەدەكانی سەدەی رابردوشدا بەشداربوە لەچەندین ئۆپراسیۆنی چەكداری گەورەدا دژ بە كوردو پەكەكە لەتوركیا.

 

ئەو بزوتنەوەیە باوەڕی بەباڵابونی رەگەزی توركی هەیەو دژی نەتەوەكانی دیكەی وەك كوردو یۆنانی‌و ئەرمەنەكانە.

 

گورگە بۆرەکان لەساڵی ٢٠١٦ەوە پشتگیریی رەجەب تەیب ئەردۆغانی کردوە.

 

ئەرمەنەکان هەمو ساڵێک لە24ی نیساندا، لەسەرتاسەری جیهاندا یادی ئەو کوشتارە بەکۆمەڵە دەکەنەوە کە تورکە عوسمانییەکان لەجەنگی یەکەمی جیهانیدا بەسەریان هێنان، کوشتارێک کە بەیەكەم كۆمەڵكوژی‌و جینۆسایدی سەدەی بیستەم دادەنرێت.

 

كوشتار‌و كۆمەڵكوژیی ئەرمەنەكان بەدەستی توركە عوسمانیەكان لەساڵانی 1915 تا 1923 خایاندو لەكۆی 2 ملیۆن ئەرمەنی نیشتەجێی توركیا، ملیۆن‌و نیوێكیان كوژران یان لەبرسا گیانیان سپارد، ئەودواییان یان روەو ئەرمەنستان‌و ئێران‌و سوریا‌و باشوری كوردستان هەڵاتن.

 

ئەرمەنییەكان وێڕای كەمی ژمارەشیان، هیچ شتێكیان هێندەی پاراستنی زمان‌و شوناسی نەتەوەییان بەلاوە گرنگ نییە، ئەوان لەدوای ئاوارەیی‌و پەرتەوازە بونیانەوە، ڕویان لەهەر كوێیەكی دونیا كردبێت هەرزو لەپێناو پاراستنی شوناسی نەتەوەییاندا كەوتونەتە رێكخستنی ژیانی تایبەتی‌و گشتییان‌و قوتابخانەو یانەی وەرزشی‌و رۆشنبیریی تایبەت بەخۆیان دامەزراندوە.

 

ئەم کردەوەیەی وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغلو دیسان عەقڵیەتی شۆڤێنی‌و نەتەوەپەرستی دەسەڵاتدارانی تورکیا دەردەخات، بەرامبەر بەو گەلانەی کە بەخەڵکی رەسەنی ئەنادۆڵ‌و تورکیای ئێستا دادەنرێن‌و بەزۆرەملێ‌و کوشتار خاکیان داگیر کراوەو لەسەر زێدی خۆیان راگوێزراون‌.

 

دوای ئەم روداوە، لویس لاکال-ی سەرۆک کۆماری ئۆرگوای ئەم کردەوەیەی چاوشئۆغلوی بەرامبەر بەئەرمەنەکان بەکارێکی "نەشیاوو جێی داخ" ناوبردو وتی "ئۆرگوای پێشەنگی ئەو وڵاتانەیە کە دانیان ناوە بەجینۆساید کردنی ئەرمەنەکاندا لەلایەن دەولەتی عوسمانییەوە".

 

پاشان وەزیری دەرەوەی ئۆرگوای لەسەر ئەو کارە باڵوێزی تورکیای بانگهێشت کردو ناڕەزایی وڵاتەکەی پێڕاگەیاند.  

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×