"دەوڵەتی تورکیا هەمیشە قەیران بەشەڕکردن چارەسەر دەکات"
  2022-04-26       955       

ئا: ئاوێنه‌


پەروین بوڵدان، هاوسەرۆکی گشتی هەدەپە هەڵوێستی حزبه‌كه‌ی‌ لەبارەی هێرشەکانی سوپای‌ توركیا ڕاگەیاندو وتی‌، "ئێمە دژی شەڕین، دەوڵەتی تورک، هەمیشە قەیران بەشەڕ چارەسەر دەکات‌و ئایندەی هاوبەشی هەمو گەلانی ناوچەکە ده‌کاتە ئامانج بەتایبەتیش گەلی کورد."

 

پەروین بوڵدان، هاوسەرۆکی گشتی پارتی دیموکراتی گەلان-هەدەپە، لەکۆبونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی لەپەرلەمانی تورکیا لەسەر چەند تەوەرێکی جیاواز هەڵوێستی پارتەکەیانی ڕاگەیاند. له‌باره‌ی‌ هێرشەکانی سوپای‌ توركیاوه‌ وتی‌، "ئێمە دژی شەڕین، دەوڵەتی تورک، هەمیشە قەیران بەشەڕ چارەسەر دەکات، بەگواستنەوەی شەڕ بۆ عێراق‌و سوریاو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەیەوێت ئەم ناوچەیە زیاتر ناسەقامگیر بکات‌و و ئایندەی هاوبەشی هەمو گەلانی ناوچەکە بکاتە ئامانج بەتایبەتیش گەلی کورد لەئامانجی دەسەڵاتدایە."

بوڵدان ئەو سیاسەتە نوێیەی بەبیرهێنایەوە کە لەلایەن حکومەتەوە دەستیپێکردووەو وتی، ئەو دەسەڵاتەی کە وتبوی “هیچ سەرکەوتنێک لەشەڕی ئۆکرایندا نییە” دەستی بەشەڕێکی نوێ کردووە لەهەرێمی کوردستان کە یاسا نێودەوڵەتییەکانی پشتگوێ خستووە.

هاوسەرۆکی هەدەپە، باسی لەدەستگیرکردنی ٢٠ ئەندامیان کردووە لەسەر دۆسیەی کۆبانێ، لەو بارەیەوە دەڵیت، "٢٠ هەڤاڵمان بە نایاسایی دەستگیرکراون هیچ بەڵگەیەک لەبەردەستدا نییە، دەیانەوێت بەم سزا و دەستگیرکردنە کۆمەڵگا بترسێنن ئەوەی لەم وڵاتەدا زیان بە کۆمەڵگا و ئاشتی و ئازادی و دیموکراسی و سیاسەتی دیموکراتی دەگەیەنێت خودی دەسەڵاتە."

پەروین بوڵدان ڕاشیگەیاند، "ئەردۆغانی سەرۆک کۆماری ئاکەپە لەوتارەکەی هەفتەی ڕابردوی گروپی پارتەکەیدا وتی “تەنها هەدەپە دژی ئۆپەراسیۆنە” وتەکانی ئەردۆغان ئەوەش نیشان دەدات کە ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی پشتگیری سیاسەتی جەنگ دەکات ئێمە لێرەدا جارێکی تر بە ڕوونی دەڵێین، لەوانەیە ئێوە وەک فەرمانڕەوایەک ئاسوودە بن، بەڵام ڕاستە کە ئێمە بێزارین لە شەڕەکەت. نەک تەنها ئێمە خەڵک بێزارن، چونکە جەنگ خەڵکەکەمان ئازار دەدات."

لە قسەکانیدا بەرامبەر سەرۆک کۆماری دەوڵەتی تورک دەشڵێت، "لەوانەیە ئاسوودە بیت، بەڵام ئێمە بێزارین لە ڕشتنی خوێنی گەنجان، ئێمە جارێکی تر دەڵێین، ئێمە لە دژایەتیکردنی شەڕ ناوەستین ئێمە هەمیشە دژایەتی شەڕی ئێوە دەکەین، هەمیشە ئاشتی دەپارێزین، کەواتە ئەمە باش بزانە."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×