هاوسەرۆکی کەجەکە: له‌هەرێمی کوردستان میت‌و سی ئای ئه‌ی‌و موساد له‌گه‌ڵ پاراستن كار ده‌كه‌ن
  2022-05-10       1160       

ئا: ئاوێنە

 

بەسێ هۆزات، هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە ئاماژە بەوە دەکات پارتی، دەستی ئەمەریکاو تورکیاو ناتۆو ئیسرائیلی لەهەرێمی کوردستان‌و عێراقدا کردوەتەوەو ئەمەش جێی نیگەرانی ئێرانە، ئەو دەڵێت "له‌هەرێمی کوردستان میت‌و سی ئای ئه‌ی‌و موساد له‌گه‌ڵ پاراستن كار ده‌كه‌ن".

 

ماوەیەکە بەرپرسانی کەجەکەو هەموو ئەو میدیانەی لەپەکەکەوە نزیکن رەخنەی توند ئاڕاستەی پارتی دەکەن‌و تۆمەتباری دەکەن بەوەی کە هاوکاری تورکیاو هێرشەکانی سوپای تورکیایە بۆ سەر گەریلاکانی پەکەکە، بەسێ هۆزات هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە لەمبارەوە بەڕۆژنامەی "یەنی ئۆزگور پۆلیتیکا"ی راگەیاندوە کە "توركیا له‌ناوچه‌كه‌ سیاسه‌تی هه‌ژمۆنخوازانه‌ی عوسمانی-نوێ به‌ڕێوه‌ده‌بات. هه‌وڵ ده‌دات كاریگه‌ری له‌سه‌ر ته‌واوی ئه‌و جوگرافیایه‌ دابنێت كه‌ له‌ ژێر ده‌ستی عوسمانیاندابوو. له‌ هه‌مان كاتدا ده‌یه‌وێت خۆی بگه‌یه‌نێته‌ سنووره‌كانی میساقی میلـلی، به‌ده‌ستهێنانی موسڵ و كه‌ركوكی بۆخۆی كردووه‌ به‌ ستراتیژییه‌كی بنچینه‌یی. به‌ پشتگیری پارتیی هاوكاری، ده‌یه‌وێت ئه‌و ئامانه‌ی خۆی بپێكێت. ئه‌و ستراتیژی و سیاسه‌ته‌ی توركیا بێگومان بۆ ئێران كه‌ له‌ هه‌رێمه‌كه‌ هه‌وڵی هه‌ژمۆنخوازی به‌ڕێوه‌ده‌بات مایه‌ی نیگه‌رانییه‌. خۆی له‌ خۆیدا له‌ نێوان ئێران و توركیادا به‌ درێژایی مێژوو به‌رده‌وام ململانێی هه‌ژمۆنخوازیی هه‌رێمی به‌ڕێوه‌چووه‌. بڵاوبوونه‌وه‌ی توكیا له‌ هه‌رێمه‌كه‌ كه‌ وڵاتێكی ناتۆیه‌ و هه‌وڵ ده‌دات به‌ پشتیوانی پارتی ئه‌وه‌ بكات، بێگومان له‌ به‌رژه‌وه‌ندی ئێراندا نییه‌".

بەسێ هۆزات راشیگەیاندووە "دیاره‌ سیاسه‌ته‌كانی پارتی له‌ به‌غداش ئێرانی نیگه‌ران كردوه‌، له‌ دژی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆی ده‌بینێت. پارتی چه‌ند ساڵه‌ به‌ پشتیوانی ئه‌مریكا و توركیا سیاسه‌تی پارچه‌كردنی شیعه‌ به‌ڕێوه‌ده‌بات. به‌ پارچه‌كردن و درزخستنه‌ناو شیعه‌وه‌ ده‌یه‌وێت به‌رامبه‌ر ئێران بوه‌ستێته‌وه‌. پارتی هاوكات له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ ئه‌م كاره‌ ده‌كات، هه‌روه‌ها ئه‌مریكا و توركیاش له‌ باشوری كوردستان ده‌گۆڕێت بۆ هێزی باڵاده‌ست. ده‌زانرێت كه‌ له‌سه‌ر داوای پارتی، ئه‌مریكا كاتێك كه‌ سه‌ربازانی خۆی له‌عێراق كشانده‌وه‌، له‌ باشوری كوردستان جێگیری كردن. ئه‌مریكا هێزه‌ سه‌ربازییه‌كانی خۆی له‌ باشوری كوردستان زۆر زیاد و به‌هێز كردوه‌. به‌هه‌مان شێوه‌ پارتی ده‌وڵه‌تی توركی فاشیستی كه‌ ئه‌ندامێكی ناتۆیه‌ له‌ باشوری كوردستان كردووه‌ته‌ هێزێكی كاریگه‌ر. ئێستا نزیكه‌ی ٥٠ باره‌گای سه‌ربازی توركیا له‌ باشوری كوردستان هه‌یه‌. ئه‌و باره‌گایانه‌ له‌ هه‌مان كاتدا باره‌گای ناتۆن. له‌ هه‌موو شوێنێك میت، سی ئای ئه‌ی و موساد رێكخراون و له‌گه‌ڵ پاراستن كار ده‌كه‌ن. ده‌كرێت كه‌ ئێران هه‌موو ئه‌و رووداوانه‌ له‌ دژی خۆی به‌ نه‌رێنی ببینێت. ده‌توانرێت بوترێت كه‌ هێرشی موشه‌كی بۆ سه‌ر هه‌ولێر په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆی به‌و رووداوانه‌وه‌ هه‌یه‌".

هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە دەڵێت "ئاشكرایه‌ كه‌ ئێران ئه‌وه‌ له‌ دژی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی داده‌نێت كه‌ ئه‌مریكا، توركیا و ئیسرائیل له‌سه‌ر ده‌ستی پارتی له‌ عێراق به‌هێزده‌كرێن. راستیه‌كه‌ كه‌ ئه‌مریكا بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆی، بۆ ئاسایشی ئیسرائیل له‌ ناوچه‌كه‌ زۆر به‌ گرنگی ده‌زانێت كه‌ ئێران لاواز ببێت، رژێمی ئیسلامی ئێران بگۆڕدرێت و ئێران له‌ ناو سه‌رمایه‌ی جیهانیدا بتوێنرێته‌وه‌. ئه‌مریكا بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌مه‌ ده‌سته‌به‌ر ببێت چه‌ندین ساڵه‌ گه‌مارۆی ئابووری و سیاسی به‌سه‌ر ئێراندا ده‌سه‌پێنێت. كوشتنی قاسم سوله‌یمانی له‌ به‌غدا په‌یامێكی سه‌رنجڕاكێشه‌ بۆ ئێران كه‌ ئه‌مریكا و ئیسرئیل ده‌توانن چی بكه‌ن. هێرشی موشه‌كی بۆ سه‌ر هه‌ولێریش وه‌ك په‌یامی ئێران به‌رامبه‌ر به‌ ئه‌مریكا، ئیسرائیل، توركیا و پارتی ده‌توانرێت هه‌ڵبسه‌نگێنرێت".  

 

بەسێ هۆزات، هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە لەبەشێکی دیکەی گفتوگۆکەیدا لەگەڵ "یەنی ئۆزگور پۆلیتیکا" ئاماژە بەوە دەکات کە پارتی دیموکراتی کوردستان لەهەوڵی ئەوەدایە باشور بکاتە پارێزگایەکی فەرمیی تورکیاو تورکیاش دەیەوێت باشور بکاتە پارێزگایەکی خۆی و یەکێک لەبارزانییەکانییش بکاتە والی، ئەو دەڵێت "پارتی لەگەڵ تورکیادا چەند ڕێککەوتنێکی جدیی کردووە. دەیەوێت نەوت و گاز لەباشووری کوردستان لە رێگەی تورکیاوە بۆ ئەوروپا بگوێزێتەوە، ئەمریکا و ئەوروپاش پشتگیری لەوە دەکەن. هەندێک لێکدانەوە دەکرێت، کە دەیانەوێت قەیرانی غاز بەهۆی شەڕی ڕووسیا و ئۆکرانیاوە بەو شێوەیە لەگەڵ هەندێک لایەن دا چارەسەر بکەن. ئەو لێکدانەوەیە تەنها بەشێکە لە ڕاستییەکە. پارتی (پەدەکە) چەندین ساڵە نەوت و گازی باشوور بە تورکیا دەفرۆشێت. خۆیان ئەوەیان ئاشکراکردوە، کە لەو بوارەدا گرێبەستێکی ٥٠ ساڵەیان کردووە. ئەمەش هۆکارێکی گرنگە بۆ کێشەکانی نێوان عێراق و یەکێتی و پارتی".

دەشڵێت "تورکیا پشت بەو ڕێککەوتنانە دەبەستێت و هەوڵدەدات هەتا موسڵ و کەرکوک سەروەری و باڵادەستیی سیاسی و سەربازی بەدەستبهێنێت. بەو شێوەیە دەیەوێت بگاتە سنوورەکانی میساقی میلی، کە ئامانجی سەدان ساڵەی ئەوانە. دەیەوێت هەموو باشوور و ڕۆژئاوا داگیر بکات و لە داهاتوودا، کە هەلومەرج و دۆخی لەبارەی سیاسی و گونجاوی بۆ ڕەخسا، بە تەواوی دەست بەسەر ناوچە داگیرکراوەکان دا بگرێت. ئەمە ئامانجی ستراتیژیی تورکیایە، کە دەیەوێت ئەوە بە داگیرکاری بەدەست بهێنێت، خۆگەیاندنە  بە سنورەکانی میساقی میلی. لەبەر ئەوەی پەکەکە بە گەورەترین بەربەست لە بەردەم ئەو ئامانجە ستراتیژییەدا دەزانێت، لەناوبردنی پەکەکەی بۆ خۆیان کردووتە ئامانجێکی هەمیشەیی. هەر خۆی پەکەکە وەک دیوارێکی گەورە لە بەرامبەر سیاسەتی پاکتاوکردن و داگیرکەری و دەستبەسەرداگرتنی دەوڵەتی تورکی داگیرکەری پاکتاوکەردا ڕاوەستاوە".

بەسێ ئاماژە بەوەش دەکات کە پارتی پشتیوانی لە پلانی تورکیا دەکات بۆ گەیشتن بەسنورەکانی میساقی میلی‌و بەپێی ئەو پلانە ڕێککەوتوون باشووری کوردستان بکەنە پارێزگایەکی تورکیا، ئەو دەڵێت "بەهۆی ئەو ڕێککەوتنە نهێنییەوە، پارتی دیموکراتی کوردستان بە شێوەیەکی چالاک پشتیوانی لە داگیرکاریی دەوڵەتی تورک لە باشور و ڕۆژئاوای کوردستان دەکات و هەوڵ دەدات زەمینەیەکی شەرعی و رەوا  بۆ داگیرکەران دروست بکات. تورکیا دەیەوێت بە داگیرکاری و دەستبەسەرداگرتن باشووری کوردستان بکاتە پارێزگایەکی تورکیا و یەکێک لە بارزانیەکانیش بکاتە پارێزگار و والیی ئەو پارێزگایە. ئاشکرایە، پەدەکە و تورکیا لەسەر ئەو بابەیە ڕێککەوتوون".

دەشڵێت "تورکیا بە پشتیوانی پارتی دیموکراتی کوردستان بەشێکی گرنگی باشووری داگیرکردووە. ژمارەی بنکە سەربازییەکان بۆ دوو ئەوەندە و بۆ سێ هێندە زیادی کردووە. سوپای تورک لە بنکە سەربازییەکانی باشورەوە جموجوڵ و ئۆپەراسیۆن ئەنجام دەدات.  پارتی دیموکراتی کوردستان دەرفەتی هێرشی لە باشورەوە بە دەوڵەتی تورک داوە. سوپای داگیرکەر لە شیلادزێ-ەوە دێت بۆ کوڕەژارۆ و فڕۆکەکانی لە بنکەکانی باشورەوە هەڵدەستن. پارتی (پەدەکە) بە هەموو شێوەیەک دەرفەت و توانای هەواڵگری و لۆجستی و ئەمنی و پەناگە و میدیایی بۆ سوپای داگیرکەر دابین دەکات و بەو شێوەیە ڕاستەوخۆ لەو شەڕەدا بەشدارە. دەوترێت لە هەندێک ناوچەی مەترسیداردا سوپای تورک بە جلوبەرگی پێشمەرگەوە جموجوڵ دەکات و کارەکانیان ئەنجام دەدەن، بۆیە ئاشکرایە پارتی بە شێوەیەکی چالاکانە پەیوەندیی بە پلانی نەهێشتن و پاکتاوکردنی پەکەکەوە هەیە".

بەسێ هۆزات ‌و جەمیل بایک

زۆرترین بینراو
© 2022 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×