مونا قەھوەچی: کۆدەنگیەک بۆ دەستپێکردنەوەی کۆبونەوەکانی پەرلەمان ھەیە
  2022-05-21       416       
مونا قەھوەچی


بڕیارە ئەم ھەفتەیە دەستەی سەرۆکایەتی و فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان کۆببنەوەو سکرتێری پەرلەمانیش دەڵێت، کۆدەنگیەک ھەیە بۆ دەستپێکردنەوەی کۆبونەوەکانی پەرلەمان‌و لەکۆبونەوەی ئەمجارە شێوازی دەستپێکردنەوەی کۆبونەوەی پەرلەمان دیاری دەکرێت.

ئاوێنه‌: مونا قەھوەچی، سکرتێری پەرلەمانی کوردستان، بەماڵپەڕی پارتی راگەیاندووه‌، "پەرلەمان رێکاری پەیڕەوی خۆی جێبەجێدەکات بۆ دەستپێکردنەوەی کۆبوونەوەکانی پەرلەمان و دوای کۆبوونەوەی ھەفتەی رابردوو بڕیارە ئەم ھەفتەیە کۆبوونەوەی نێوان دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان و فڕاکسیۆنەکانی پەرلەمان بەڕێوەبچێت، تا ئالیەتێک بۆ دەستپێکردنەوەی کۆبوونەوەکانی پەرلەمان دیاری بکرێت".

دەشڵێت، "ئەم ھەفتەیە سەرجەم فراکسیۆنەکانی نێو پەرلەمان دانوستان دەکەن بۆ ئەوەی ڕاوێژ بکرێت لەبارەی بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەکانی پەرلەمانی کوردستان، واتە راو بۆچوونی سەرۆک فراکسیۆنەکان وەردەگیرێت، تا شێوازی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکانی داھاتووی پەرلەمان دابنرێت".

لەبارەی ئاستەنگەکانی بەردەم کۆبوونەوەی پەرلەمان، مونا قەھوەچی وتی‌، "من ناتوانم پێش رووداوەکان بکەوم، چونکە پێویستە چاوەڕێی کۆبوونەوەی ئەم ھەفتەیەی نێوان سەرۆکایەتی و فراکسیۆنەکان بکەین، بەڵام کۆدەنگی ھەیە لەسەر دەستپێکردنەوەی کۆبوونەوەکانی پەرلەمان و لە کۆبوونەوەی رابردووی دەستەی سەرۆکایەتی بڕیاردراوە دەست بە کۆبوونەوەکانی پەرلەمان بکرێت".

 


 

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×