ئێران تۆڵەی كوشتنی "خودایی" لەکێ دەكاتەوە؟
  2022-05-26       1989       

ئا: ئاوێنە

 

یەكشەمەی رابردو 22ی مایس، سەرهەنگ حەسەنی سەیاد خودایی، جێگری فەرماندەی یەكەی 840ی هێزی قودسی سوپای پاسداران، لەناوجەرگەی تارانی پایتەختی ئێراندا لەبەردەم ماڵەكەیدا لەلایەن دو کەسی ماتۆڕسوارەوە بەپێنج گولە كوژرا، گەورە بەرپرسانی كۆماری ئیسلامی لەساتەوەختی كوشتنیەوە تا ئێستا پەنجەی هەڕەشە بەرز دەكەنەوەو دەڵێن "تۆڵەی خودایی لەئیسرائیل‌و هاوپەیمانەكانی دەكەنەوە".

 

 حەسەنی سەیاد خودایی، كە تەمەنی 50 ساڵ‌و زمانەكانی فارسی‌و عەرەبی‌و توركی‌و كوردی بەباشی دەزانی، بەپێی گرنگیپێدانی گەورە بەرپرسانی كۆماری ئیسلامی‌و سوپای پاسداران بەڕوداوی كوشتنی، یەكێك بوە لەفەرماندە مەیدانییە گرنگەكانی هێزی قودس‌و یەكەی 840ی سوپای پاسداران، كە یەكێك لەئامانجە سەرەكیەكانی زەبروەشاندنە لەبەرژەوەندیەكانی ئیسرائیل‌و هاوڵاتیانی ئیسرائیلی.

خودایی، كە بەرپرسی بەرگری كردن لەحەرەم بوە لەسوریا، هاوكارێکی نزیكی قاسمی سلێمانی‌و بەرپرسێكی گرنگی سوپای پاسداران بوە لەسوریا‌و سەرپەرشتی گواستنەوەی چەك‌و تەكنیكی فڕۆكەی بێ‌ فڕۆكەوان‌و موشەكی پێشكەوتوی كردوە بۆ حیزبوڵای لوبنان‌و بەرپرسی چالاكیەكانی هێزی قودسی سوپای پاسداران بوە دژ بەئیسرائیل‌و رێكخەری چەندین هەوڵی هێرشكردنە سەر هاوڵاتیانی ئیسرائیلی بوە لەئەوروپا‌و ئاسیا‌و ئەمەریكا.

ئیسرائیل بەرپرسیاریەتی ئەم تیرۆر كردنەی لەئەستۆ نەگرتوە، هەروەك چۆن بەرپرسیاریەتی هیچ چالاكییەكی دیكەی پێشتری دژ بەئێران لەئەستۆ نەگرتوە، بەڵام زۆربەی چاودێران پێیانوایە ئەنجامدانی كارێكی بەمجۆرە، كە زۆر بەوردی‌و بەپشتیوانی دارایی‌و مرۆیی بەهێز بەرنامەڕێژیی كراوە‌و ئامادەسازیی‌و توانای مرۆیی راهێنراوی پێویستە، جێ‌ پەنجەی موسادی پێوە دیارە.

ئیسرائیل لەماوەی ساڵانی پێشودا چەندین كاری تیرۆر كردنی لەناو ئێران‌و تارانی پایتەختدا ئەنجامدا، بەڵام هەمو ئەو تیرۆرانەی پێشتر ئەنجامدرابون، زاناكانی تایبەت بەبواری چەكی ئەتۆمی ئێرانی تیادا دەکرانە ئامانج، كە شەش زانای ئەو بوارەی تیرۆر كردوە، دواهەمینیان موحسینی فەخری زادە بو، دو ساڵ لەمەوبەر بەشێوەیەکی فلیمی "هۆلیۆدی ئاسا" لەناو تاراندا كرایە ئامانج‌و كوژرا. بەڵام ئەمە یەكەمجارە كە موساد لەناو تاراندا، فەرماندەیەكی سوپای پاسداران دەكاتە ئامانج.

بەشێك لەسەرچاوە ئاگادارەكان پێیانوایە ئەم تیرۆرکردنە پەیوەندی بەوەوەیە كە چەند رۆژێك لەمەوبەر موساد بەنهێنی لەناو خاكی ئێران‌و لەشاری ورمێ‌-دا كوردێكی دەستگیرو لێكۆڵینەوەی لەگەڵ كرد كە كاری بۆ هێزی قودسی سوپای پاسداران دەكرد، بەناوی "مەنسوری رەسولی"، کە گوایە هێزی قودس رایسپاردوە لەبەرامبەر پێدانی 150 هەزار دۆلاردا، باڵوێزی ئیسرائیل لەتوركیا تیرۆر بكات، ئەوەشی رایسپاردوە "حەسەنی سەیادی خودایی" بوە كە كوردی بەباشی زانیوە.

هاوكات بەشێكی دیكە لەسەرچاوە ئاگادارەكان پێیانوایە رەهەندەكانی ئەم تیرۆرە پەیوەندی بەگفتۆگۆكانی نێوان ئێران‌و ئەمەریكاو وڵاتانی رۆژئاواوەیە سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمی ئەو وڵاتە‌، ئیسرائیل سەرسەختانە لەدژی گەیشتنە هەر جۆرە رێككەوتنێكە دەرفەت بۆ ئێران بڕەخسێنێ‌ كە پەرە بە بەرنامە ئەتۆمییەكانی بدات.

هاوكات ئەم تیرۆر کردنە بەشێكە لەجموجۆڵی ئیسرائیل لەناوچەكەدا‌و درێژكراوەی ئەو هێرشانەیە لەسوریادا دەیكاتە سەر هێزەكانی سوپای پاسداران، بەتایبەتی كە بەهۆی جەنگی ئۆكرانیاوە روسیا هێزەكانی لەو وڵاتە دەگوازێتەوە‌و بنكەكانیان رادەستی سوپای پاسداران دەكرێت، ئەمەش دو هێندەی دیکە ئیسرائیلی نیگەران كردوە، كە پاسدار لەسنورەكانی نزیكتر دەبێتەوە، هەربۆیە لەچەند رۆژی رابردودا ژمارەی هێرشەكانی بۆ سەر بنكەكانی سوپای پاسداران لەسوریا زیادی كردوە.

بەشێك لەبەرپرسان‌و میدیاكانی ئێران ئاماژە بەوە دەكەن كە خودایی بەدەستی بەكرێگیراوەكانی موساد تیرۆر كراوە‌و ئەم تیرۆر كردنەش بەزاندنی هێڵی سورە‌و هاوكێشە سیاسی‌و ئەمنی‌و سەربازییەكانی ناوچەكە دەگۆڕێ‌.

ئەوەی ئاشكرایە تیرۆر كردنی حەسەنی خودایی كە بەرۆژی روناك‌و لەناوجەرگەی پایتەختی ئێراندا ئەنجام دراوە‌، كارایی هێزە ئەمنی‌و ئیتلاعاتییەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران دەخاتە ژێر پرسیارەوە، سەرۆك كۆماری ئێران‌و بەرپرسانی سوپای پاسداران هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوە دەكەن‌و دەڵێن "تۆڵەكردنەوەی حەتمییە"!

كەواتە كاردانەوەی ئێران چی دەبێت؟ لەكاتێكدا كە سوپای پاسداران‌و ئیتیلاعاتی ئێران نەیانتوانیوە لەناو ئیسرائیلدا تا ئێستا هیچ كارێكی وردو كاریگەری هاوشێوەی ئەو تیرۆرو كردەوانە بكەن كە ئیسرائیل لەناو ئێراندا ئەنجامی داوە، ئایا ئێران تۆڵەی كوشتنی "خودایی" لەهەرێمی كوردستاندا جارێکیتر لەئیسرائیل دەكاتەوە؟

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×