نەوەی نوێ چەند قسەیەكی پلاسخارت ئاشكرادەكات كە لە كۆبونەوەكەی ئەمڕۆ كردونی
  2022-05-26       1350       

سه‌رۆكی فراكسیۆنی نه‌وه‌ی نوێ لە پەرلەمانی كوردستان و ئه‌ندامی وەفدی ئەو حزبە بۆ كۆبونەوە لەگەڵ نوێنەری نەتەوە یەكگرتوەكان لەعێراق، چەند قسەیەكی جینین پلاسخارت ئاشكرادەكات كە لە كۆبونەوەكە كردنی دەڵێت: پێی وتین؛ ئێستا نە ساڵی ١٩٩١ەو نە ساڵی ٢٠٠٣، بۆیە پێویستە خۆتان کێشەکانتان چارەسەر بکەن.

ئاوێنە: ئەمڕۆ پێنجشەممە، جینین پلاسخارت، نوێنەری نەتەوە یەكگرتوەكان لە عێراق لەگەڵ نوێنەرانی شەش لایەنی سیاسی هەرێمی كوردستان كۆبوەوە.

كاوە عەبدولقادر، سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ كە ئەندامی وەفدی ئەو حزبەش بو لە كۆبونەوەكەی ئەمڕۆ، كەمێك لەمەوبەر لە لاپەڕەی خۆی لە فەیسبوك وتویەتی، جنین پلاسخارت لە كۆبونەوەكە وتی: " پار ساڵ لێرە کە مەبەستی هەولێر بو، پەیامێکی ڕونم پێدان لەسەر بارودۆخی هەرێم بەڵام بەرپرسانی هەرێم نەک گوێیان نەگرت و دۆخەکەیان چارەسەر نەکرد بەڵکو بارودۆخەکە خراپتر بو، بۆیە ئەمساڵ لەئەنجومەنی ئاسایش ڕونتر باسم لەگرفت و کێشەکانی هەرێم کرد."

هەروەها كاوە عەبدولوقادر وتوشیەتی"یەکێکی تر لەقسەکانی وتی هاوڕێیەکی کوردم هەیە پێی گوتم مناڵێکمان لەدایک بو دوای شەش مانگ ئینجا ناوەکەی تۆمارکرا وەک ئاماژەیەک بۆ سستی و ئیفلیجی دامودەزگاکانی حکومەت."

هەروەك بەقسەی سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ، پلاسخارت لە كۆبونەوەكە وتوشیەتی"ئێستا نە ساڵی ١٩٩١ەو نە ساڵی ٢٠٠٣ بۆیە پێویستە بە خۆتان کێشەکانتان چارەسەر بکەن و موئەسەسات دروست بکەن و بە سیاسی کردن کەم بکەنەوە لەدامودەزگاکانی حکومەت."

كاوە عەبدولقادر وتوشیەتی"منیش لەبەردەم هاوسەرۆکی یەکێتی و سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی پێم وت: پارتی و یەکێتی دەستیان خستۆتە ناو حکومەت و دەسەڵاتی حزبیان زاڵ کردوەو و حکومەتیان بێهێز کردوەو حزبەکانیان بەهێز کردوە، بۆیە تا دەستی حزب لەناو حکومەت دەرنەهێنرێت و یاسا سەروەر نەبێت موئەسەسات دروست نابێت."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×