یەكێتی لە47 ساڵیدا، بێ‌ كەسوكاری مام جەلال
  2022-06-03       2285       

ئا: ئاوێنە

 

لەرۆژانی رابردودا، دو روداوی پەیوەست بەیەكێتی جێی سەرنج بون، یەكەمیان دیداری یەكێتی لەسلێمانی‌و دوەمیان ساڵیادی دامەزراندنی 47 ساڵەی، كە هەردوكیان بێ‌ كەسوكاری نزیكی جەلال تاڵەبانی دامەزرێنەر‌و یەكەمین سكرتێریی، بەڕێوەبران‌.

 

یەكێتی نیشتمانی كوردستان ساڵانێكی زۆرە لەكێشمەكێشێكی بەردەوامدا رۆژگاری بەسەردەبات، بەتایبەتی لەدوای نەخۆشكەوتنی جەلال تاڵەبانییەوە كە زیاتر لە40 ساڵ سكرتێر‌و سەركردەی تاق‌و تەنهای یەكێتی بو.

 

دوای نەخۆشكەوتنی لەناكاوی تاڵەبانی،  بەشێك لەسەركردایەتی یەكێتی بەتایبەتی هەردو جێگرەكەی كە چەند مەكتەب سیاسی‌و ئەندامێكی سەركردایەتی‌و فەرماندەی سەربازییان بەدەورەوە بو، شێلگیرانە هەوڵیان دا بۆ ئەوەی ببنە خاوەنی یەكێتی‌و بەشەماڵی میراتی تاڵەبانیی وەربگرن، بەڵام هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد سەرسەختانە بەرەنگاری ئەو رەوتە بۆوە‌و نەیهێشت خەونەكەیان ببێتە واقیعێكی بەردەست.

 

ئەوەی رۆڵێكی گرنگی لەپشتیوانی كردنی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەدو خستنی "ناوەندی بڕیار"‌و دواتریش لەبەستنی كۆنگرەو بەلاداخستنی ململانێكان لەبەرژەوەندی ماڵی تاڵەبانی‌و ئیبراهیم ئەحمەد هەبو، كوڕەكانی شێخ جەنگی برازای تاڵەبانی بون، بەتایبەتی لاهور شێخ جەنگی.

 

لاهورو براكانی رۆڵێكی دیاریان هەبو لەوەی كە لەڕێی كۆنگرەوە بەشێوەیەكی شەرعی ماڵی تاڵەبانی‌و ئیبراهیم ئەحمەد بەتەواوی ببنە بڕیاربەدەست‌و خاوەنی بڕیاری یەكێتی.

 

بەڵام لەگەڵ خستنی سەركردە كلاسیكییەكانی یەكێتی‌و سەرهەڵدانی سیستەمی هاوسەرۆكیدا، جۆرێكی دیكە لەململانێ‌ لەناو یەكێتیدا سەریهەڵدا، كە ئەویش ململانێی نێوان كەسوكاری تاڵەبانی‌و بنەماڵەی ئیبراهیم ئەحمەد بو، كە ئەم ململانێیە لە"لاهورو بافل"دا بەرجەستە دەبو.

 

ئەم دو هاوسەرۆك‌و دو بنەماڵەیە، بەدو ئاڕاستەی پێچەوانە كاریان كردو هەریەكەیان دەیوست خۆی ببێتە سەنتەری بڕیاردانی یەكێتی‌و زۆرترین كەسی نزیكی خۆیان بخەنە پۆستە هەستیار‌و ئەمنیەكانەوە، تا سەرەنجام بافل ئەم ململانێیە نهێنی‌و شاراوەیەی یەكلایی كردەوەو لە8ی تەموزی ساڵی رابردودا، هەمو كەسوكاری نزیكی جەلال تاڵەبانی باوكیان، لەهەمو پۆست‌و پلەو ئیمتیازێك داماڵران كە لەكوردستان‌و زۆنی یەكێتیدا هەیانبو، لەسەر ئەوەی وەک بافل وتی "هەوڵیانداوە ژەهرخواردوی بکەن‌و بیکوژن".

 

تەنانەت بۆ ماوەیەك لاهورو براكانی لەماڵی خۆیاندا گەمارۆ دران‌و داوایان لێكرا كوردستان بەجێبهێڵن‌و دواتریش بڕیاری دەركردنیان لەیەكێتی دراو بافل وتی "دەركراوەكان دەركراون‌و ملیۆنێك ساڵی دیكە ناگەڕێنەوە ناو یەكێتی".

 

دیداری یەكێتی لەسلێمانی، یەكێتی بردە قۆناغێكی نوێوە كە بافل تاڵەبانی وەك سەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان ناساند‌و ئەوانەی لەدیدارەكەدا خاوەنی قسەی یەکەم‌و لەریزی پێشەوەدا قاچ لەسەر قاچ دانیشتبون‌و لەناو ئەو هۆڵە گەورەیەدا دەدرەوشانەوە كە لەزەوی‌و ئاسمانەوە بەپاسەوان تەنرا بو، "بافل‌و قوباد‌و شاناز" بون.

 

كەسوكاری نزیكی تاڵەبانی بۆیان نەبو لەشوێنی ئەو دیدارە نزیك ببنەوەو لەرێورەسمەكانی دامەزراندنی یەكێتیشدا بەشداری بكەن، مەگەر لەڕێگەی سۆشیال میدیاوە.

 

كەسوكاری جەلال تاڵەبانی، لەئێستا‌و لەڕابردوشدا گللەیی‌و گازندەیان ئەوەیە "خزم‌و پشتی مام جەلال بەراورد بەكەسوكاری هێرۆ خان غەدریان لێكراوە".

 

مام جەلال لەباوكی خۆی تەنها خۆی‌و دوو خوشكی هەبووە بەناوی فەوزیەو جەمیلە، بەڵام لەدایكەوە دوو براو خوشكێكی تریشی هەبووە بەناوی شێخ جەنگی‌و حەمە ساڵح‌و مریەم.

 

مام جەلال بەپێی ئەوانەی لەنزیكەوە ناسیویانە بایەخی بەخزمایەتی‌و كەسە نزیكەكانی خۆی نەداوە، مەگەر ئەوانەی بەشداریان لەشۆڕش‌و سیاسەتدا كردوە، تەنها پەیوەندی لەگەڵ ماڵی شێخ جەنگی‌و حەمەساڵح‌و كوڕەكانیان هەبووە.

 

مام جەلال، مامی هەبوە بەناوی نەسرەدین كە ماڵەکەی لەكارێزە وشكی سلێمانی بوە بە 10 ساڵیش نەیبینیوە، مامێكیشی كە ناوی شێخ ئەشەرەف بوە ماوەیەك لەگەشتوگوزار بوەو تا خانەنشین كردنیشی كرێچی بوە، كوڕەكانیشیان یان ئەفسەری پۆلیس بون یان مامۆستا یاخود لەدەرەوەی وڵات ژیاون.

 

كوڕەكانی حەمەساڵحی براشی (كە لەساڵی 1984 شەهید كراوە)، شێخ عەلی كە لە1979ەوە پێشمەرگە بوەو لە1991ەوە گەڕاوەتەوە بۆ سلێمانی‌و ئەندامی سەركردایەتی بوە، دوای كۆڕەوەكە بۆ ماوەیەكی زۆر لەدەرەوەی وڵات دانیشتوەو پاشان كە گەڕاوەتەوە كراوە بەلێپرسراوی مەڵبەندی كۆیەو دواتریش لابراوە، برایەكیشی دكتۆر بوەو كراوە بەوەزیرو برایەكیشی مامۆستای زانكۆ بوە لەكۆیە‌و برایەكیشی پزیشكی ڤێنتەریی بوە‌و نەهرۆ حەمە ساڵحی براشی بەڕێوەبەری گومرك بوە.

 

جەمیلەی خوشكی مام جەلال هیچ مناڵی نەبوە. فەوزییەش ئاڵا تاڵەبانی بوە كە لەسێ‌ خولی پێشودا ئەندامی پەرلەمانی عێراق بوە. هەروەها شێخ محەمەدی برای کە سەرۆکی دەزگای زانیاری بوو، لانەی خوشکیشی کە هاوسەری هیوای شێخ جەنگییە.

 

كوڕەكانی شێخ جەنگی كە لەدوای كۆنگرەی چواری یەكێتییەوە دەسەڵاتیان لەهەڵكشاندا بو، ئاراس سكرتێری مام جەلال‌و پاشان راوێژكاری سەرۆك كۆمار بوە، لاهور لێپرسراوی دەزگای دژە تیرۆر‌و زانیاری‌و پاشان هاوسەرۆكی یەكێتی بوە، هیوای شێخ جەنگی خاوەنی كۆمپانیای كلكان بوە، شێخ ئاكۆ بازرگان بوە، ئاسۆ نوێنەری حكومەتی هەرێم بوە لەمۆسكۆ، پۆلاد لێپرسراوی دژە تیرۆر بوە.

 

بەڵام لەتەموزی رابردودا، جگە لەئاراس جەنگی كە ئەویش پۆستەكەی لەئاستی عێراقدا بوەو راوێژكاری سەرۆك كۆمار بوە، ئەوانەی تر هەمو پلەو پایەیەكیان لێسەندرایەوەو لەیەكێتیش دەركران.  ئاڵا تاڵەبانی بۆ یەكەمجار لەدوای پێكهێنانی پەرلەمانی عێراقەوە لەساڵی 2006ەوە لەم دوا هەڵبژاردنەدا كە یەكێتی پشتی نەگرت نەبۆوە بەپەرلەمانتار‌و لەیەكێتیش دەركرا.

 

شێخ محەمەد تەحسین تاڵەبانی، برای ئاڵا تاڵەبانی‌و پورزای لاهورو سه‌رۆكی ده‌زگای زانیاری‌و رەنج شێخ عەلی خوشکەزای لاهور، راوێژكاری ده‌زگاكه‌ دوای ئەوەی لەتەموزی ساڵی رابردودا لەلایەن بافڵ تاڵەبانییەوە ده‌ستبه‌سه‌رکران، لەپۆستەكانیان دورخرانەوە.

 

پۆلاد شێخ جەنگی كە سەرۆكی دەزگای دژە تیرۆر بو، وەك لاهور شێخ جەنگی برای‌و هاوسەرۆكی یەكێتی نێردرایەوە بۆ ماڵەوە.

 

ئێستا خانەوادەی هێرۆ خان بەهێزترین گروپی ناو یەكێتین‌و لەكاتێكدا كە هەمو كەسوكاری مام جەلالیان لەیەكێتی دورخستوەتەوە، بەڵام تەقدیس کردنی تاڵەبانی باوك‌و پێگەی ئەویان وەک رەمزێکی گەورە بۆ پاشەکشێ بەهەمو كاراكتەرەكانی دیكە‌و خستنیان، بەباشی تەوزیف کردوە.

زۆرترین بینراو
سیستمی بەرگری مووشەکی لە هەرێمی کوردستان جێگیردەکرێت
زانا مه‌لا خالد: هه‌ڵبژاردن كۆنفرانسی ناوخۆیی مه‌ڵبه‌ندو كۆمیته‌كان نیه‌ تا به‌ تاكلایه‌نه‌ به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن
لێدوانی‌ سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی‌ لەبارەی موچەی موچەخۆران‌و یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان
بەغدا دەستی بەکردنەوەی هەژماری بانکی بۆ مووچەخۆرانی هەرێم کرد
هه‌نگاوه‌كانی‌ پرۆسه‌ی‌ به‌بانكیكردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆران لەبانکه‌كانی ڕەشیدو ڕافیدەین بڵاوكرایه‌وه‌
راگەیەندراوی‌ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لەبارەی هەڵبژاردنه‌وه‌
كه‌شناسێكی كورد واده‌ی هاتنی شه‌پۆلێكی بارانباران و هه‌وره‌ بروسكه‌ی راگه‌یاند
وەزارەتی دارایی ھەرێم: جێبه‌جێكردنی‌ پرۆژه‌ی‌ ھەژماری من پێویستی‌ به‌بڕیاری‌ دادگای‌ فیدراڵییه‌
ئۆتۆمبێلی ئەندامێكی پێشوی سەركردایەتی یەكێتی لە سەرچنار تەقییەوە
ئێران لە رێگەی روسیاوە: ئیسرائیل نامانەوێت دۆخەکە ئاڵۆزتر بکەین
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×