کوردە نەتەوەییەکان و نانەتەوەییەکان
  2022-06-09       1861       

کوردە نەتەوەییەکان و نانەتەوەییەکان:  پێداچوونەوە بە ناسیۆنالیزمی کەمایەتییەکان و هەڵوەشانەوەی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی، 1908 - 1909

  جانێت كڵەين

 پرۆفیسۆر لە بەشی مێژوو، زانکۆی ئەكرۆن - ئەمەریکا

 لە ئینگلیزییەوە: محەمەد حەمەساڵح تۆفیق

 

کورتەیەک

ئەم یارمەتییە نوێیەی لێکۆڵینەوە پاڵپشتە بۆ ئایدیای پاشەکشە و هەڵوەشانەوەی عوسمانی، بەڵام کەم کار و توێژینەوە هەوڵیداوە ناسیۆنالیزم لە دەرەوەی ئەو پاشەکشە باوە ببینێت. لە رێگەی مامەڵە کردن لەگەڵ پەیدابوونی ناسیۆنالیزمی کوردی لە دوادوایی سەردەمی عوسمانیدا، ئەم پەیپەرە ئەو بیرۆکەیە دەخاتە ژێر پرسیارەوە لەو رووەوە کە هەڵوەشانەوەی ئیمپراتۆری و ناسیۆنالیزم بە سروشتی خۆیان تێکهەڵکێش بوون و بەرەنگارییەکان تەنها ئەو پەیوەندییە ئاڵوگۆڕە نین کە تا ئێستا لە ئەدەبدا جەختی لە سەر کراوەتەوە، بەڵکوو ئەو شێوەیەشە کە "بزووتنەوەی نەتەوایەتی" وەریگرتووە. هەروەها لە رێگەی بەکارهێنانی سەرچاوە ئەرشیفییەکان و رۆژنامەگەریی کوردیی عوسمانی و ئەدەبی گەشتنامە و سەرچاوەی تری لاوەکی بە زمانی جۆراوجۆر، ئەم پەیپەرەی لەبەردەستدایە روونیدەکاتەوە کە چۆن ئەوەی پێیدەوترێت بزووتنەوەی نەتەوایەتیی کورد، لەڕاستیدا چەند بزووتنەوەیەکی جۆراوجۆر بووە، کە هەر یەکەیان دید و بۆچوونێکی جیاوازی هەبووە بە پێی ئەو قەوارە سیاسییەی بەشداربووانی هیوایان لە سەر هەڵچنیوە بۆ خوڵقاندن یان پارێزگاری لێکردنی لە میانەی چالاکییەکانیاندا. رەنگە ئایدیای ناسیۆنالیزمی کوردی، یان کوردیزم لە مێشکی ئەو چالاکوانانەدا بووبێت بەڵام بیرۆکەی واتاکەی هیچ کاتێ یەک نەبووە. چونکە گرووپە جیاوازەکان هەر یەکە و بە پێی ئەجێندا و تێگەیشتنی خۆی مامەڵە لەگەڵ ئەو چەمکەدا دەکات. لێکۆڵینەوەکە ئەوە رووندەکاتەوە کە زۆربەی "ناسیۆنالیستە" کوردەکان بەردەوام بوون لە سەر ئەوەی خۆیان بە بەشێک لە دەوڵەتی عوسمانیی فرە نەتەوە دەزانی سەرباری سەرهەڵدانی بەهێزی و دڵبەریش لەو رۆژگارەیاندا. باسەکە کاریگەریی گرنگی هەیە لە سەر خوێندکاران و توێژەرانی بواری بزووتنەوە نەتەوەییەکان لە نێو ئەو گرووپانەی تردا کە باڵادەست نین، نەک هەر تەنها لە ئیمپراتۆرییەتی عوسمانیدا بەڵکوو لە ئیمپراتۆرییەتە هاوچەرخەکانی تریشدا وەک هابسبورگ و هەروەها لە وڵاتانی تریشدا وەک عێراق و رواندا و سودان. لەهەمان کاتیشدا توێژینەوەکە پرسیاری زیاتر دەورووژێنێت لەبارەی حیکمەتی ئەوەی گوایە قەوارە فرە ئیتنیکەکان دەبنە مایەی کارەسات و وایبۆدەچێت کەوا هەوڵی هاوبەش بۆ دووبارە بیرکردنەوە لەوەی دەیزانین لەبارەی ناسیۆنالیزمی کەمینەوە کە رەنگە نەک تەنها سەرلەنوێ تێگەیشتن بێت لەو تێرم و دەستەواژانەی بەکاریاندەهێنین، بەڵکوو رەنگە هاوزەمان وەرچەرخانیش بێت لە مامەڵەکردندا.

 

پێشەکی

 ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ ناکۆکی و ململانێکانی ئەم دواییە و ئێستا لە شوێنانی وەک بەڵکان و رواندا و عێراق و سودان، تێبینی دەکەین ئەو یەکانەی کە زیاد لە "نەتەوەیەکیان" تێدایە بەرەو ئەوە دەچن هەڵبوەشێنەوە تەنها بەوەی کە ئەو گرووپە ئیتنیکیانەی باڵادەست نین رەزامەند نین یان هەست بە پێگەی خوارتریان دەکەن بەرانبەر بە گرووپی باڵادەست لە چوارچێوەی سنوورێکی دیاریکراودا، یان بە هەستکردنیان کەوا ئەو سنوورانە "دەستکردن". هەڵبەت تێڕوانینمان بۆ ئێستا رەنگڕێژی تێڕوانینمان دەکات بۆ رابردوو، سەرباری تێهەڵکێش و دەستێوەردانی جۆراوجۆری کۆمەڵناسی کە رابردوویەکمان بۆ دەخەنەڕوو گوایە گرووپە ئیتنیکی و ئاینییە جۆراوجۆرەکان پێکەوە ژیاون لە ئاشتییەکی رێژەییدا. بۆ نموونە، ئەو کێشەیەی کە بەرەوڕووی خوێندکارێکی مێژووی عوسمانی دەبێتەوە کە چۆن لێکدانەوەی زانستیی نوێ بیر و بۆچوونێکی هێناوەتە ئاراوە گوایە روخانی ئیمپراتۆرییەت مەسەلەیەکی دوورودرێژە و ئەو بیرۆکەیەی رەتکردووەتەوە کەوا گرووپە جوداخوازەکانی ئیمپراتۆرییەت لە لایەکەوە دوژمنی "ئاسایی" بوون، بەڵام لەولاشەوە بەردەوام بەڵگەی ئەوەی هێناوەتەوە بۆ ناسیۆنالیزم وەک هێزێکی بەتوانا لە کۆتایی هێنان بە ئیمپراتۆرییەت. هەوڵدان بۆ سەرلەنوێ بیرکردنەوە و پێداچوونەوە تەنها لە چوارچێوەی مەسەلەکەدا نیە بەڵکوو لەو گوتار و رێبازی توێژینەوەدایە کە بەکارهاتووە بۆ لێکۆڵینەوە لە مێژووی عوسمانی و وایلێکردووین مەودایەکی دوورودرێژ ببڕین. ئەوان بەرەنگاری ئەو ئەفسانە باوانە دەبنەوە لەبارەی رەگوریشە و لەکوێوە سەرچاوەی گرتووە و سیاسەت و پەیوەندییەکان کۆمەڵگە بە هانداندانمان بۆ رەچاوکردنی مەسەلەی مێژوویی رووداوەکان بە پرسیار، کە لەمێژە رۆژهەڵاتناسی و رێبازی مەرکەزییەتی ئەوروپی کە هەندێ شێوەی تیۆریی نوێگەریی بەلاوە پەسەندە بەریان پێگرتووە1. سەبارەت بە پەیوەندیی نێوان گرووپەکان، ئێستا زۆر کار تەرخان دەکرێت بۆ جەختکردنەوە لە سەر هارمۆنییەتی رێژەیی نێوان توخمە ئیتنیکی و ئاینییە جۆراوجۆرەکان لە ماوەی زۆربەی مێژووی ئیمپراتۆرییەتدا، یان بەلای کەمەوە بۆ وەسفی ناکۆکی کە مەسەلەیەکی مێژووییە زیاتر لەوەی سروشتی بێت2. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەم وێنە گوڵگوڵییە بەزۆری هەرەسدێنێت هاوزەمان لەگەڵ هەرەسهێنانی ئیمپراتۆرییەتدا و پێدەچێت ئێمە نەتوانین خۆ لابدەین لە گێڕانەوەی مەبەستدار و بەهێزی ناسیۆنالیزم3.

ئەم باسە هەوڵی بەشداربوون دەدات لە مشتومڕی ناسیۆنالیزم لە سەر دوو ئاستی پێکەوە گرێدراو. یەکەم، وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ ئەو کێشە و گرفتەی لە سەرەوە باسکراوە، بەهیوام جەخت لە سەر ئەو بیرۆکەیە بکەم کە هەرەسی ئیمپراتۆرییەت و ناسیۆنالیزم بە سروشتی خۆیان تێکهەڵکێشی یەکتر بوون و بەم پێیەش، بوونی دەوڵەتێکی نەتەوەیی جیا ئامانجی سەرەکیی سەرکردە ئیتنیکییەکان بووە. بە ئیلهام وەرگرتن لە بالیبارەوە (1991ئە، 1991بێ)، هەنگاوی یەکەممان تێگەیشتنە لەوەی کە شێوەکانی تری دەوڵەتی نانەتەوەیی، بێجگە لە دەوڵەتی نەتەوەییش، دەکرا تەنانەت کاتێ کە لە سەدەی بیستدا بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کرد. ئەم لێکۆڵینەوەی ئێمە لە سەر کورد لە ئاخر و ئۆخری سەردەمی عوسمانیدا جەخت لە سەر ئەم خاڵە دەکاتەوە لە روونکردنەوەی چۆنێتیی بەردەوامبوونی "ناسیۆنالیستەکان" لە نێویاندا وا لەخۆیان بڕوانن کە ئەندامن لە دەوڵەتی عوسمانیی فرە نەتەوەدا، بەڵام لە هەڵکشانێکی بەهێزی سەرهەڵدانی ناسیۆنالیزمدا بوون لە رۆژگاری خۆیاندا.   پێشنیاز و پۆچوونەکانم کاریگەریی گرنگی خۆی هەیە لە سەر خوێندکاران و توێژەرانی بزووتنەوە ناسیۆنالیستەکان لە نێو گرووپەکانی تری دەستنەڕۆی نەک هەر تەنها ئیمپراتۆرییەتی عوسمانیدا، بەڵکوو لە ئیمپراتۆرە هاوچەرخەکانی تردا وەک هابسبورگ4 و وڵاتانی تری وەک عێراق و رواندا و سودان.

 دووەم، باس و پێشنیازەکەم سەردەکێشێتەوە بۆ مامەڵەیەکی تیۆریی لە شیکارییەکانی (Hroch هرۆچ ١٩٩٣: ٦) بۆ ناسیۆنالیزم لە ناو گرووپە ناباڵادەستەکاندا کە پێدەچێت چاوپۆشی لێکرابێت: باشە چی دەبێت ئەگەر پێویستمان بە فەرهەنگێکی نوێ بێت بۆ گفتوگۆ کردن لە سەر بزووتنەوە نەتەوەییەکان؟ ئاخۆ چی دەبێت ئەگەر دەستەواژەی "ناسیۆنالیزم بە مانای وردی وشەکە"، وەک هرۆچ دەڵێت لەڕاستیدا جێبەجێ نابێت لە سەر هەندێک لەوانەی کە بە "ناسیۆنالیزم" ناوزەد دەکرێن و لەڕاستیشدا دەبێتە هۆی "تێکەڵ و پێکەڵێیەکی ترسناک"؟ هەڵبەت بە دوای ئەم    باس و پێشنیازەی هرۆچ کە رێگەیەکی تر دەدۆزینەوە بۆ قسەکردن لە سەر ناسیۆنالیزم، ئەوە کێشەی کورد کە لێرەدا باسی لێوە دەکرێت چاومان لە سەر ئەو ئەگەرە دەکاتەوە کە بزووتنەوە نەتەوەییەکان لە نێو گرووپە ناباڵادەستەکان و لە ناو دەوڵەتە فرە نەتەوەکاندا دەتوانن بەتەواوی پابەندبن بە بزووتنەوەکانیان   لەکاتێکدا و بەردەوامبن لە وێناکردن و بیرکردنەوە لە چارەنووسیان وەک تێهەڵکێشبوون لەگەڵ گرووپەکانی تردا، تەنانەت باڵادەستەکانیش. رەنگە ئەم تێبینییە سوودبەخش بێت نەک بۆ خوێندکارانی مێژوو، بەڵکوو بۆ ئەوانەشمان کە چاودێری رووداوی سامناک بوون و لە شوێنانی وەک بەڵکان و رواندادا بەرپابوون و حاڵی حازریش لە عێراق و سودان، وەک نموونە. پاش هەموو ئەم شتانە، پێدەچێت تراجیدیای ئەم وڵاتانە راستیی ئەو بیر و بۆچوونە بسەلمێنێت کەوا قەوارە فرە ئیتنیک و نەژادەکان هیچیتر نین لە رەچەتەی کارەسات بەولاوە. ئەم لێکۆڵینەوەی ئێستا پرسیار لە حیکمەتی ئەم کارە دەکات و پێشنیازی کۆششی هاوبەش دەکات بۆ سەرلەنوێ بیرکردنەوە و پێداچوونەوەی ئەوەی کە لەبارەی ناسیۆنالیزمی کەمینەوە دەیزانین و بەتەنها راناوەستێت لە سەر پێداچوونەوە بەو تێرم و دەستەواژانەی کە بەکاریاندێنین، بەڵکوو رەنگە وەرچەرخانێک لەئارادا بێت هاوزەمان لەگەڵ رێباز و مامەڵەدا.

بەگەڕانەوە بۆ سەرچاوە ئەرشیفییەکان و رۆژنامە کوردییەکانی سەردەمی عوسمانی و سەرچاوە لاوەکییەکان بە زمانی جۆراوجۆر، دەمەوێت رۆشنایی بخەمە سەر ئەوەی کە پێیدەوترێت "بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد" و کە هیچ کات یەکگرتوو نەبووە و لە سەر یەک هێڵیش نەبووە. لەبری ئەوە گەلێ لەو بزووتنەوانە بە هاندان و ورووژاندنی بکەری جیاجیا بووە و دید و بۆچوونی جیاوازیان هەبووە بۆ جۆری ئەو قەوارە کۆمەڵایەتی و سیاسییەی هیوا و ئاواتیان لە سەر هەڵچنیوە لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەمدا. لەکاتێکدا کە دەکرێت قسە لە سەر بزووتنەوەیەکی نەتەوەیی کوردی بکرێت لە کۆتاییەکانی سەردەمی عوسمانیدا، بەڵام بیرۆکەی "ناسیۆنالیزمی کوردی"، یان بەشێوەیەکی گونجاوتر بڵێین "کوردیزم" بە پلەی جیاواز لە مانادا رەنگی گرووپی جیاجیای وەرگرتووە. ئەمە بە شێوەیەکی روونتر لە میانەی شیکارییەکی ئەو رێکخراوە کوردییانەدا دەردەکەوێت کە لە دوادوایی سەردەمی عوسمانیدا هەبوون. سەبارەت بە دامەزرێنەران و ئەندامانی "یانە" کوردییەکانەوە لە پایتەختدا و گەلێکیان لە ژێر کاریگەریی زانستی کۆمەڵناسیی ئەوروپیدا بوون و وایان لە ناسیۆنالیزم دەڕوانی کە بەگشتی هۆکارێکی عوسمانییەکان بێت بۆ بەهێزبوون لە رێگەی خوێندن و نوێکردنەوەی هەرکام لەو توخم و رەگەزانەی پێکیدەهێنن. سەبارەت بەو لقانەش کە سەر بەم یانانەن لە ویلایەتەکاندا وشەی "کوردێتیkurdism " مانایەکی جیاواز هەڵدەگرێت، کە ئەندامانی ئەم یانەیە بۆ پاراستنی "مافەکانی کورد" خۆیان رێکخستبوو. ئەو مافانەش لێرەدا واتای ئەو ئیمتیازە بەرفراوانەی دەگەیاند کە لە ژێر سایەی سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەمدا درابوو بە سەرۆک عەشیرەتەکان و شۆڕشی ساڵی   1908ی تورکە لاوەکان هەڕەشە و مەترسی بوو لە سەریان و ئەوەی کە مافی کەمینەکان لەقەڵەم دەدرا پەیوەندی نەبوو بە ئۆتۆنۆمی و پاراستنی کولتوورەوە5.

هەرچەندە ساڵانی دوایی ئیمپراتۆرییەت، یان ئەو ساڵانەی راستەوخۆ بەدوای جەنگی جیهانیی یەکەمدا هاتن، بە دەوڵەمەندترین چیرۆک و بەسەرهاتی ناسیۆنالیزمی کوردیی بەرایی دەژمێردرێن و ئەم باسە کنە و شیکردنەوە لە ساڵانی 1908 - 1909 دەکات کە کەمترین لێکۆڵینەوەیان لە سەر کراوە، واتە ئەو ماوەیەی راستەوخۆ بەدوای شۆڕشی تورکە لاوەکان و سەرلەنوێ کارکردن بە دەستووری عوسمانیدا هات. ئەگەرچی تیشک خستنەسەر ئەم باسە لەڕووی کاتەوە بەرتەسکە، بەڵام گرنگە بۆ سەرلەنوێ هەڵسەنگاندنی کاراکتەری بەرایی ناسیۆنالیزمی کوردی. ئەمەش بە هۆی ئەزموونی رەخنەگرتن لە یەکەم یانەی نەتەوەیی کورد لە ساڵانی 1908 تا 1909، بە ناوی (کورد تەعاون و تەرەقی جەمعییەتی -  کۆمەڵەی کوردی بۆ هاوکاری و پێشکەوتن KTTC) و ئەجێندای ئەندامێتیی ئەوە پێشاندەدات کە پێکهاتەی هەرێم یان ویلایەتەکانی بەشێک بووە لە بزووتنەوەیەک کە بەتەواوی جیاواز بووە لە هاوشێوەکانی لە پایتەختدا. لەکاتێکدا کە ئەو وشە و دەستەواژانەی ئەندامانی لقی ویلایەتەکان بەکاریاندەهێنا "کوردانە" بوون بەڵام دید و بۆچوونیان ناسیۆنالیستی نەبوو. لە خوارەوە مشتومڕ لە سەر ئەوە دەکەم کەوا سەرەڕای ئەوەی (هەردوو بزووتنەوەکەی نەتەوەیی کوردی و ئەوەشی کە بە کاتی ناوی دەنێم 'نانەتەوەیی کوردی') هەندێ زەمینەی هاوبەش هەن کە راستەوخۆ دەکەونە پێش و پاش جەنگی جیهانیی یەکەم و دەرکەوتن و ئاوێتەبوونیان وەک یەکێکە لە چەندین کاردانەوە بۆ دەوڵەتی هەڕەشەلێکراو و دواجاریش هەرەسهێنانی کۆتایی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی. بزووتنەوەکان نە هۆکار و نە ئەنجامی پێشوەختی داڕووخانی ئیمپراتۆرییەت بوون. لەڕاستیدا تەنانەت بۆ ئەو ناسیۆنالیستە روون و ئاشکرایەی ناو هەردوو بزووتنەوەکە، ناسیۆنالیزم بە زەروورەت ناکۆک نەبوو لەگەڵ مانەوە و پارێزگاری کردن لە ئیمپراتۆرییەت. کەواتە باسەکە تەنها ئیزافە نیە بۆ ئەم کۆششە هەنووکەییە لەپێناوی روونکردنەوەی چیرۆکی راستەقینەی سەرەتای ناسیۆنالیزمی کوردی6، هەروەها بەرەوڕووی پەیوەندیی گریمانەی مەبەستداری نێوان ناسیۆنالیزم و کۆتایی "حەتمیی" ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی دەبووەوە و بەشداریش دەبێت لە مشتومڕی بەرفراوانتردا لەبارەی ناسیۆنالیزمی کەمینەوە لە بەر رۆشنایی بۆچوون و پێشنیازی هرۆچ کە لەوانەیە پێویستمان بە سەرلەنوێ داڕشتنەوەی گفتوگۆ و تێڕوانینمان بۆ ئەم دیاردانە.

ناسیۆنالیزمی کوردی و ناناسیۆنالیستیی کوردیزم و کۆمەڵەی هاوکاری و پێشکەوتنی کورد (جەمعییەتی تەعاون و تەرەقیی کورد)، 1908 - 1909

لە ماوەی هەردوو ساڵی 1908 و 1909 و دوای نزیکەی دوو دەیەی چالاکیی سیاسی لە لایەن ئەو رێکخراوە چەترەی کە بە شێوەیەکی بەربڵاو بە بزووتنەوەی "تورکە لاوەکان" ناسراوە یەک لە دوو ئامانجەکەی بەدەستهێناوە، کە برتیتییە لە گێڕانەوەی کارکردن بە دەستووری ساڵی 1876ی عوسمانی (کە بۆ ماوەی سێ دەیە لەکارکردن وەستابوو)، هەروەها لە دەسەڵات لابردنی سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم.٧ شۆڕشی تورکە لاوەکان مزگێنیی گەلێ گۆڕانکاریی گرنگی دا بە میللەتانی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی، وەک کارپێکردنەوەی دەستووری عوسمانی کە سەریکێشایەوە بۆ کەمپەین و هەڵبژاردنی جۆراوجۆر و شێوازی نوێی سیاسەتکردن. بەزۆریش چاکەی ئەوەی بۆ دەگەڕیتەوە کە یارمەتیدەر بووە لە پێشخستنی چالاکیی سیاسیی نوێی ناسیۆنالیزم. ئەو توێژەرانەی کە لە دەڤەرە جیاوازەکانی ئیمپراتۆرییەتدا کاریان دەکرد ئاماژەیان بۆ چەندین پەیوەندیی نێوان رووداوەکانی 1908 - 1909 و سەرهەڵدانی شوناسە نیشتمانی و ناوچەییەکان و بزووتنەوە ناسیۆنالیستەکان. بۆ نموونە، لە توێژینەوەیەکدا لە سەر لیبیا، ئەندەرسن (1991: 225) بە فراوانی دەیبەستێتەوە بەوەی کە "دەستەبژێری عوسمانی بە پاڵنەری رووداوەکانی نێوان شۆڕشی تورکە لاوەکان و کۆتایی جەنگی جیهانیی یەکەم دەیانویست چاو بە شوناسی سیاسییاندا بخشێننەوە و توندوتۆڵتری بکەنەوە و زۆرێکیان وازیان لە هەست و هۆشی عوسمانی و ئیسلامی هێناوە کە پێشتر لە سەری بوون و بەرەو پابەندی و داشکاندن چوون بەلای هەستی تورکی یان عەرەبی یان ناوچەگەرێتی. وردبوونەوە و شیکارییەک بۆ سیاسەتی کوردی، بەتایبەتی ئەو "یانە کوردییانەی" کە لەم ماوەیەدا دامەزران، جەخت لە سەر راگەیاندنەکەی ئەندەرسن دەکاتەوە بۆ توێژەکانی کۆمەڵگەی کوردیش، هەرچەندە دەبێت لە ئێستادا بە وریاییەوە روونبکرێتەوە.

 بەدوای گۆڕینی رژێمدا لە ئەنجامی رووداوەکانی 1908 - ١٩٠٩، رووناکبیرانی کورد و  سەرکردە و دەمڕاستەکانیان ژمارەیەک یانەی سیاسی و کۆمیتەیان دامەزراند لە پایتەختی ئیمپراتۆرییەت و ناوەندەکانی ویلایەتەکاندا. هەرچەندە ئەوان رێکخراوی کوردیی جۆریی پلە یەکیان نەهێنایە بوون8، یان تەنانەت یەکەم چەکەرەی ئایدیاکانی ناسیۆنالیستیش٩، بەڵام ئەم یانانە وەک سەرەتاییترین بەڵگەی رێکخراوی سیاسیی کوردی لە ناو سنوورەکانی ئیمپراتۆرییەتدا بایەخدارن و دیسان بە هۆی دەرکەوتنیان لە مێژووی سەرەتای ناسیۆنالیزمی کوردیدا.

یەکەم و رەنگە گرنگترین رێکخراوی کورد لە دوای رووداوەکانی 1908 - ١٩٠٩وە کۆمەڵەی هاوکاری و پێشکەوتنی کوردە (جەمعییەتی تەعاون و تەرەقیی کورد). ئەمە لە کوردستانی جوگرافیدا دانەمەزرا، بەڵکوو لە ئەستەمبووڵ، لەلایەن ئەو رووناکبیر و دەمڕاستە کوردەکانەوە، کە بە زۆری لە پایتەختی ئیمپراتۆرییەتدا نیشتەجێبوون. گەلێ لەمانە دەچنەوە سەر بنەماڵە کوردە کۆنەکان، کە لە سەرەتای سەدەی نۆزدەدا لەلایەن حکوومەتی عوسمانییەوە لە شوێنی خۆیان هەڵکەنران و ئیتر لەوکاتەوە لە "تاراوگەی" پایتەختدا دەژین١٠. یانەکە دەرکردنی گۆڤارێکی لەئەستۆگرت بە ناوی "کورد تەعاون و تەرەقی گازێتی"، هەروەها دەزگایەکی خوێندن و فێرکردنی دامەزراند بە ناوی "کورد نەشری مەعاریفی جەمعییەتی" (واتە کۆمەڵەی کوردی بۆ بڵاوکردنەوەی خوێندن و فێرکردن)، کە وەک باسدەکرێت قوتابخانەیەکی بۆ منداڵانی کورد لە پایتەخت دامەزراندووە١١.

ئەو بابەتانەی لەو گۆڤارەدا بڵاودەکرایەوە کە بە ناوی "یانەی کوردی" یەوە ناوی دەرکرد و لە ئەستەمبووڵ دەردەچوو، بایەخیان بە چەند مەسەلەیەک دەدا کە زۆربەیان پەیوەندییان بە پێگەی کوردەوە هەبوو لە ناو ئیمپراتۆرییەت و جیهانی مۆدێرندا و لە هەمان کاتدا ئەو بابەتانەش کە پەیوەندییان بە مەسەلە عوسمانییە گەورەکانەوە هەبوو. راستییەکەی، ئامانجەکانی (جەمعییەتی تەعاون و تەرەقیی کورد KTTC)، وەک لە ژمارە یەکی گۆڤارەکەدا هاتووە، لەخۆگرتنی ئەم خاڵانە بوو: بەرگری کردن لە دەستوور، بەرزکردنەوەی ئاستی خوێندن و فێرکردن لە کۆمەڵگەی کوردیدا، دەستەبەر کردنی "پێداویستییە نوێکانی" کورد و پتەوکردنی دۆستایەتیی نێوان هەموو گرووپە عوسمانییەکان، بە تایبەتیش نێوان کورد و ئەرمەن12. بەڵام بابەتەکانی تر کە لەلایەن تاکەکەسانەوە دەنووسران بەدەگمەن دووردەکەوتنەوە لەم ئامانجە راگەیەنراوانەی نێو مشتومڕەکانیان و کۆمەڵێک بواری دەگرتەوە هەر لە پەرەپێدانی زمانی کوردی وەک هۆکارێک بۆ خوێندن و فێرکردن لە قوتابخانەکاندا تا دەگەیشتە چالاکییەکانی پەرلەمانی عوسمانی. بێگومان نووسەرەکان بە شێوەیەکی تایبەتی گرنگییان دەدا بە پاراستنی سەلامەتیی هەرێمایەتیی ئیمپراتۆرییەت و ئەمەش هەستگەلێک بوون روون و ئاشکرا دەردەکەوتن لە گفتوگۆ و چەندوچوونەکانیاندا لەبارەی پشێوی و شڵەژانە سیاسییەکانی پارچەکانی تری قەڵەمڕەوی ئیمپراتۆرییەتدا و بە تایبەتیش کرێت و بەڵکان. هەروەها جەختیان دەکردەوە لە سەر بایەخی کورد لە رەوش و بارودۆخی عوسمانیدا و سوور بوون لە سەر ئەوەی کە خوێندن و مۆدێرنە کردن و پارێزگاری کردن لە ئازادیی گەلی کورد گرنگ بوو نەک هەر تەنها بۆ کۆمەڵگەی کوردی بەڵکوو بۆ بەرژەوەندیی ئیمپراتۆرییەتیش بە شێوەیەکی گشتی13.

  چاوخشاندنەوەیەک بە ناوەرۆکی ئەم بابەتانەدا پێدەچێت هەقی خۆی بێت کە هاوبۆچوون بین لەگەڵ هەڵسەنگاندنەکەی محەمەد ئەمین بۆزئەرسەلاندا (م. ئە. بۆزئەرسەلان  ١٨٩٨: ٢٢) بۆ گۆڤارەکە، وەک رەنگدانەوەیەک بۆ هەردوو ئاڕاستە سیاسییەکە لە ناو ئەو رۆشنبیرە کوردانەدا کە بڵاویانکردبووەوە و بریتیبوو لە جەختکردنەوە لە ئازادی و پابەندبوون بە رژێمی دەستووری و یەکگرتن لە ناو چوارچێوەی گەورەتری دەوڵەتی عوسمانی و بەتایبەتیش تیشک خستنەسەر پێشخستنی شارستانی و ئازادیی کورد. بێجگە لەوەش، پێویستە لەسەرمان سەرلەنوێ هەردوو چەمکی "ئازادیی کورد" و "مافی کورد" هەڵبسەنگێنینەوە کە وەک کلیلی بنەڕەتیی بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد تەماشا دەکرا، لەکاتێکدا کە ئێمە رووداوەکانی ئەو ویلایەتانەی کوردیان تێدا نیشتەجێن دەخەینە بەر وردەکاریی زیاتری باس و لێکۆڵینەوە. ئەم وردەکاری و شیکارییە ئەوە دەردەخات کە چۆن هەندێک لە چالاکییەکان و کۆمەڵە و رێکخراوەکان کە تا ئەوکاتە بە "ناسیۆنالیستی کورد" لەقەڵەم دەدران شتێکی تر بوون نەک ئەوەی کە وشە و دەستەواژەکانی ئێستای ئێمە لەبارەی ناسیۆنالیزمەوە بۆیان لێکدەداینەوە و ئەوانە جۆرێکی جیاواز بوون لە بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتیی سیاسی، کە بۆ تاقە جارێک ئەو سەرۆک و دەمڕاستە کوردانە سازیان دەکرد کە تەماشایان دەکرد وا بنەمای هێز و دەسەڵاتیان هەڕەشە و مەترسیی لە سەرە لەلایەن سیاسەتە سەرەتاییەکانی رژێمی نوێوە.

  هەڵبەت ئەستەمبووڵ تاقە شوێن نەبوو لە ئیمراتۆرییەتدا کە یانەی نوێی کوردی تێدا دامەزرێت لە دوای رووداوەکانی 1908 - 190٩وە، بەڵکوو لەڕاستیدا ئەم یانە کوردییانە لە ژمارەیەکی زۆری شارەکانی کوردستاندا دامەزران، لەوانە بەدلیس و دیاربەکر و ئەرزڕووم و مووسڵ و مووش و وان لە پاش ماوەیەکی کەم لە دامەزراندنی (جەمعییەتی تەعاون و تەرەقیی کورد KTTC) لە پایتەختدا. ئەم یانانە بە هەڵە وەک "لقی" KTTC لە ئەسەنبووڵ دانران، کە ئەندامەکانیان بیر و بۆچوون و ئەجێندای هاوشێوەی "یانە بنەڕەتییە" تایبەتەکەی پایتەختیان هەبوو14. بەدڵنیاییەوە لقەکە هەندێ وابەستەیی هەبوو بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پاڵنەری ئەو رێکخستنە بەزەروورەت نەتەوەیی نەبوو بۆ هەمووان یان تەنانەت بۆ زۆر لە ئەندامەکانیش.

راپۆرتی کونسوڵی بەریتانی لەبارەی کردنەوەی یانەی دیاربەکر لەم رووەوە باسی دەکات و بە پێی راپۆرتەکە کردنەوەی یانە کوردییەکەی دیاربەکر لە مزگەوتی سەرەکیی شاردا دەبێت هاوزەمان لەگەڵ "ئاهەنگ و شایلۆغانێکی گەورە"، لەگەڵ ئاپۆرەی دەف و دایەرەیەکی دەروێشی کە دروشمی ئاینییان لە هەموو شوێنێکی شاردا بەرزکردبووەوە. لەم بۆنەیەدا گەلێ کەسایەتیی ناودار و لەنێویاندا حاکمی ناوچەکە وتاریان دا، بە ئامادەبوونی نزیکەی سیانزە هەزار کەس15. بەڵام هەرچەندە ناوی یانەکە رەنگدانەوەی ناسنامەیەکی تایبەتی کوردی بوو (کە هەندێ کەس بە نەتەوەیی دەیخوێندەوە)، کەچی گوتاری بۆنە و ئاهەنگەکە شتێکی ئەوتۆی لە سەر هیچ جۆرە ناسیۆنالیزمێکی تێدا نەبوو، بەڵکوو راگەیاندنێک بوو دژ بە رژێمی نوێی دەستووری، کە سەرکردە کوردەکانی ناوچەکە بە هەڕەشەیان دادەنا. راستییەکەشی، لە کۆتایی ئاهەنگەکەدا سێ هەزار کەس لە ئامادەبووان بەڵگەنامەیەکی ناڕەزاییان لە سەر دەستوور مۆر کرد و پشتگیریی جێبەجێ کردنی شەریعەتی ئیسلامییان دەکرد. هەروەها تەرجومانەکە (رێنوما یان وەرگێڕی خۆجێی) تووڕەیی و ناڕەزایی کوردی دیاربەکری گەیاندە کونسوڵ لەبارەی رژێمی تازەوە. کونسوڵیش لەوە ترسا کە ئەگەر ئەم بیر و ئایدیایانە لەلایەن سەرۆکە کوردەکانەوە لە مەودایەکی بەرفراواندا بڵاوبکرێنەوە  ئەوە پشتگیریی خەڵکی کورد بەدەستدێنن. سەرباری ئەوەی کە ئەم یانە کوردییە لۆکاڵییە نیازی خۆی راگەیاندبوو بۆ پاڵپشتی کردنی خواست و ئارەزووەکانی یانە دایکەکە، بەڵام کونسوڵ باوەڕی وابوو کە ئاڕاستەی گشتیی بزووتنەوەکە "پێناچێت پابەندی ئەم هەڵوێستە ببێت". هەروەها راپۆرتەکەی کونسوڵ "تێگەیشتنی گشتیی خۆی" دووپاتکردەوە کەوا یانەکەی دیاربەکر رەنگە زۆر بەهێزتر بووبێت لە یانە لۆکاڵییەکەی کۆمیتە عوسمانییەکەی یەکگرتن و پێشکەوتن (جەمعییەتی ئیتتیحاد و تەرەقی CUP)، کە نوێنەرایەتیی رژێمە تازەکەی دەکرد16.

راپۆرتی لەم چەشنەی کونسوڵەکان (کە لەڕاستیدا زۆربوون) ئەوە دەردەخات کەوا دەوڵەتە گەورە  زلهێزەکان لە هەر جۆرە یاخیبوونێکی هەرێم یان ویلایەتەکان دەترسان، بەتایبەتی لە ناوچە ئەرمەنییەکاندا. ئەگەر تەماشایەکی بڵاوکراوە  کوردی و عوسمانییەکانی ئەم ماوەیە بکەین، ئەم راپۆرتانە ئەوەش دەردەخەن کە "لقی" دیاربەکری سەر بە KTTC بەزەروورەت یانەیەکی نەتەوەیی نەبوو، ئەگەرچی ناوی یانەی دایکیشی هەڵگرتبوو. هەروەها هاوپەیمانییەکی ئاینیش، ئەگەرچی وشە و دەستەواژەکانی ئاهەنگی کردنەوەکەی پڕبوو لە هێما و گوتاری ئاینی، بەڵکوو، وەک دواتر روونیدەکەمەوە، یانە کوردییەکەی دیاربەکر، وەک زۆرێک لە یانە هاوشێوەکانی لە شار و ناوچەکانی تردا، ئەو ئەندامانەی بەلای خۆیدا رادەکێشا کە ئاغای کوردی (دەمڕاست و سەرۆک خێڵ) ناڕازی و تووڕە بوون لە رژێمە تازەکە و نەک تەنها لەبەر هۆکاری ئایدیۆلۆجی، بەڵکوو لەبەر هۆکاری مادیش (کە بە شێوەیەکی سەرەکی ئابووری بوو). بێگومان ئەم نامۆییە بوو کە پاڵی پێوەنان بەرەو خۆڕێکخستن لە ویلایەت و ناوچەکاندا.

 لە لایەکی ترەوە، پێدەچێت یانە کوردییەکەی کە لە ئەستەمبووڵ بوو، واتە جەمعییەتی تەعاون و تەرەقیی کورد KTTC، تەنها هەر بە سادە و ساکاری دەرفەتێک نەبوو بۆ مونەوەران و کەسایەتییە ناودارەکانی کورد کەوا گوزارش لە هەستی نەتەوایەتیی روو لە هەڵکشانیان بکەن لە سەردەمی نوێی ئازادیدا، بەڵکوو هەوڵێکی دەستەبژێری کوردانی نیشتەجێی پایتەخت بوو بۆ بەشداری پێکردن و کۆنترۆڵ کردنی ئاڕاستەی ئەم خولیا و هەستانە لە ویلایەتە کوردییەکاندا. ئەمە، وەک لە خوارەوە وێنای دەکەم، بۆ دوو مەبەست کراوە: یەکەم، رووناکبیرە کوردەکانی کە پشتگیریی رژێمی تازەیان دەکرد هەستیان بەوە دەکرد کەوا گرنگە دەسەڵاتی حکوومەتە نوێیەکە پەل بکێشێت بۆ ئەوەی ویلایەت و ناوچەکان بگرێتەوە و خەڵکی ناوچەکان هان بدرێن پشتیوانی بکەن. دووەم، مەسەلەکە بایەخێکی باڵای هەبوو بۆیان کە رێگەیەک بدۆزنەوە بۆ قایلکردنی رژێمە نوێکە کە لە روانگەیەکی ئیجابییەوە تەماشای کورد بکات. پاش نزیکەی سێ دەیە لە حوکمی حەمیدییەکان، بەو سیاسەتانەیەوە کە بە "کاری ئیجابی"17 ناسرابوون لە بەرانبەر هەندێک عەشیرەتی کورد و سەرۆکەکانیان، بەڵام کاربەدەستانی رژێمی نوێ و ژمارەیەکی زۆر لە عوسمانییەکان بەگشتی وای لەقەڵەم دەدەن کە کوردەکان وەک تاک سەر بە کێشە و گۆبەند و دواکەوتوون. هەڵبەت گوتاری رووناکبیرانی کورد بەرەنگاربوونەوەی ئەم وێنە نەرێنییە بوو18.

وەک لە سەرەوە باسکراوە، دامەزراندنی "یانە کوردییە" ناوچەییەکان گرێدراوی چالاکیی سەرکردە کوردە تووڕە و ناڕازییەکان بوو وەک کاردانەوەیەک بۆ ئەو سیاسەتانەی کە رژێمە تازەکە لە سەری دەڕۆیشت و جێبەجێی دەکرد. رەنگە تاڕادەیەکیش ئەنجامی هەوڵدانی دەستەبژێری کورد بووبێت لە ئەستەمبووڵ بۆ کۆنترۆڵ کردنی ئاڕاستەی ئەم چالاکییە سیاسییە لە ویلایەتەکاندا، کە لە ساڵی 1910 بەدواوە وەک بزووتنەوەیەکی کوردی لەقەڵەم دەدرا. بێگومان کاری ئەم باسە نیە مشتومڕ لە سەر تەواوی ئەو مێژووە بکات کە لەپشت ئەو تووڕەیی و ناڕەزاییەوەیە کە پاڵی بەم بزووتنەوەیەوە ناوە، بەڵام پێویستە بارودۆخێک بڕەخسێنرێت بۆ دۆخێکی چالاکییەکانی کوردی ویلایەتەکان لە پاش ساڵی 1908.

ژمارەیەکی زۆری گرووپ و کۆمەڵ لە سەرانسەری ئیمپراتۆرییەتدا پێشوازییان لەو هەواڵانە کرد سەبارەت بە گەڕانەوەی کارکردن بە دەستووری عوسمانی. بەڵام لە لایەن خەڵکانێکی ترەوە بە دژواری تەماشا دەکرا، ئەگەر بە گومان و دوودڵیش نەبوایە. سەرۆک خێڵە کوردەکان کە دەسەڵاتیان بە شێوەیەکی گەورە گەشەی کردبوو لە سەردەمی سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەمدا (کە لە ماوەی ساڵی 1876 تا 1909 حوکمی کرد) خۆیان وا دادەنا کە هێشتا کاریان یەکلایی نەبووەتەوە یان بە ئاشکرا دژایەتیی رژێمە نوێکەیان دەکرد19. وادیاربوو کاربەدەستانی رژێمە نوێکە نیازی پێچەوانە کردنەوەی گەلێ لەو ئاڕاستانەیان بووبێت کە لە ساڵانی پێشتری حوکمی حەمیدییەکاندا پەیدابووبوون، بەتایبەتی تۆڕی مەرایی و گەندەڵی کە لە چواردەوری ملکەچی بۆ سوڵتان و راوێژکارە جێمتمانەکانی کۆبووبووەوە. هێزەکانی سوارەی حەمیدی، کە میلیشیای خێڵەکی بوون و سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم و یاریدەدەرە نزیکەکانی لە ساڵی 1890دا درووستیان کردبوو، دەزگا و دامەزراوەیەک بوو کە بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ نموونەی خراپترین ئەو ستەم و پێشێلکارییانە بوون کەوا رژێمی حەمیدی بەرپای دەکرد. کۆمەڵێکی بەرفراوانی عوسمانییەکان و لەنێویاندا جووتیارە ئەرمەن و کوردەکان و عەشیرەتە کوردەکانی کە نەچووبوونە پاڵ سوارەی حەمیدی و ئەو کاربەدەستە عوسمانیانە و ئەفسەرانی سوپا، بێزار بوون لەو هێز و ئیمتیازەی سەرکردە خێڵەکییەکانی سوارەی حەمیدییە بەدەستیانهێنابوو. ئەو سەرکردانەی سوارەی حەمیدی کە سەر بە دەوڵەت بوون پەیوەندییان بە زۆرێک لەو تاوانکاریانەوە بوو لە ناوچەکەدا و لەنێویاندا کوشتن و هەڵکوتانەسەر و زەویوزار داگیرکردن. هەرچەندە زۆربەی ئەم کارانە بە فەرمانی دەوڵەت نەبووە، بەڵام بەزۆری حکوومەت چاوی لێدەپۆشین و تاڕادەیەکی زۆر هەروا بێ لێپرسینەوە و سزا تێدەپەڕین و بارودۆخەکە راست نەکرایەوە20.

لەبەرئەوە کاتێ کە رژێمە تازەکە لە ساڵی 1908دا دەسەڵاتی گرتەدەست، لە هەنگاوی یەکەمدا زەکی پاشای دەرکرد، کە کەسێکی نزیکی سوڵتان بوو و فەرماندەی میلیشیا کوردییەکان بوو (کە چاودێر و پارێزەری سەرەکیی ئەو میلیشیایە بوو)21، پاشان دەستی کرد بە سەرکوتکردنی چالاکییەکانی سەرکردەکانی سوارەی حەمیدییە و "دز و جەردەکانی" کورد لە ناوچەکەدا. دەبێت ئاماژە بۆ ئەوەش بکەین کەوا کاربەدەستانی رژێمە تازەکە، بۆ نواندنی پابەندیی خۆی بە سەپاندنی یەکسانی و باڵادەستیی یاسا بە سەر هەموو عوسمانییەکاندا، کەوتە دەسگیر کردنی ژمارەیەکی زۆر لە سەرکردەکانی سوارەی حەمیدی  و هەندێکیشیان لە خێڵە زۆر بەهێزەکانی ئەو میلیشیایە بوون22. هەڵبەت هەوالی ئەم دەسگیر کردنانە و هێزی هەواڵگری ناردنە سەر عەشیرەتە کوردەکان و دەستبەسەرداگرتنی چەکەکانیان، لە رۆژنامەی رەسمیی عوسمانیی تەقویمی وەقایعدا Takvim - i Vekayi، بڵاودەکرایەوە و حکوومەت بە ئاشکرا هەوڵ و کۆششی خۆی دەردەبڕی بۆ چەسپاندنی یاسا و نیزام لە ویلایەتە کوردییەکاندا23. رژێمی تازە باسی لە هەڵوەشانەوەی سوارەی حەمیدی دەکرد و ئەمەش بوو بە هۆی نیگەرانی و دڵەڕاوکێیەکی گەورە بۆ ئەوانەی میلیشیایان وەک ئامراز بۆ دەسەڵات و دەوڵەمەندبوون بەکاردەهێنا. پلانی تەواو هەڵوەشانەوەی میلیشیاکان پێشنیازی زیادکردنی کۆتوبەندی بەدوادا هات لە سەر ئازادیی سەرۆکەکانی سوارەی حەمیدی. سەرکردەکانی سوارەی حەمیدی بە شێوەیەکی تایبەتی پەستی و ناڕەزاییان دەردەبڕی لەو بڕیارە تایبەتانەی گێڕانەوەی تفەنگە حکوومییەکانیان و ئەو هەل و مەرجانەش کە دەبوو کەسانی خێڵەکیی سەر بە سوارەی حەمیدی لە سەر تاوانی مەدەنی بدرێنە دادگای مەدەنی و تەنها بۆ تاوانی سەربازی بدرێنە دادگای سەربازی و پێشتر هەر ئەم دادگایە دەیڕوانییە هەموو سەرپێچی و سکاڵایەک و لێرەش بەدەگمەن دادگایی دەکران لەڕووی کردارییەوە. هەروەها  نەخشە و پلانی هەواڵگریش دانرا دژ بە کوردەکانی دەرسیم کە لە سوارەی حەمیدیدا نەبوون24. دواجار و لە هەمووشی گرنگتر، رژێمی تازە کەوتە دەرکردنی سەرۆک خێڵە کوردەکان لەو زەویوزارانەی کە لە ساڵانی رابردوودا لە جووتیارە ئەرمەنەکانیان داگیرکردبوو و ناچاری کردن زەوییەکان بگێڕنەوە بۆ خاوەنە راستەقینەکانیان25.

لە کاردانەوەی ئەم کردەوە توندانەدا، سەرۆکە پەست و ناڕازییەکان کە لە چاوەڕوانیدا ئارامیان لێبڕابوو تاوەکو بزانن کە رژێمی تازە چی بۆ هەڵگرتوون، کەوتنە خۆڕێکخستن بۆ دژایەتی و بەرهەڵستی کردنی حکوومەتە تازەکە. وادیاربوو کۆبوونەوەی سەرۆکە تووڕە و ناڕازییەکان لە پاش ماوەیەکی کورتی جێبەجێ کردنی ستەم و سووکایەتی پێکردن دەستیپێکرد26. لە هەمان مانگدا کە یەکەم کۆبوونەوەی تێدا راگەیەنرا، کونسوڵی بەریتانی لە وان لە راپۆرتێکی خۆیدا باسی دامەزراندنی "یانەیەکی کوردی" کردووە لە وان وەک لقێکی یانەکەی ئەستەمبووڵ و لە  راپۆرتەکەدا هاتووە کە ئەندامە سەرکییەکانی "ئەو ئاغا کوردە خراپانەن وەک حوسین پاشا و ئەمین پاشا و مستەفا بەگ و کۆپ محەمەد بەگ لە عەشیرەتی حەیدەرانلی (کە عەشیرەتیکی سوارەی حەمیدیی بەهێزە) و ... زۆربەی ئەندامەکانی وان لەو جووتیارانەن کە باجی دەیەک دەدەن و ئەوانیتریش کە لە دەستکەوتە ناڕەواکانیان دەترسن لە سایەی رژێمی نوێدا و شوێنکەوتووی تایبەتیان هەیە لە ناو "باش بزوقدا" (کە ئەمانە هێزی نانیزامی و جەردەن لە واندا). ئەگەرچی ئەوان گەورە نین و بەتەواوی خۆیان نەگرتووە و هەوڵدانیان بۆ ترساندنی حاکمی ناوچەکە تا ئێستا بێهوودەیە و هیچی لێ شین نەبووە، بەڵام لە بارودۆخی تایبەتدا "رەنگە ببنە مایەی مەترسی". کونسوڵ باوەڕیشی وابوو کە بوون و ئامادەگییان جۆرێک بووە لە دژە هێرشی کاردانەوە بۆ توندوتیژیی تاشناقەکانی ئەرمەن، کە هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوەیان دەکرد و بووبووە مایەی مەترسی لای کوردەکان27. لە دوای مانگێکیش لقی دیاربەکری هەمان یانە کرایەوە و لە شارەکانی ویلایەت و ناوچەکانی تریش یانەی هاوشێوە دامەزران و کۆمەڵێکی بەرفراوانیان بۆ خۆیان راکێشا لە توێژی خەڵکە تووڕە و ناڕازییەکانی کۆمەڵگەی کوردی28.

لەبەر رۆشنایی رووداوگەلی لەم چەشنە، ناکرێت وا تەماشای ئەم یانە کوردییانە بکرێت کە تەنها لقی یانەکەی ئەستەمبووڵن، کە دیدێکی ئیتنۆنەتەوەیی هەبوو هەرچەندە عوسمانییەکی توندبوو. یانەکان بووبوونە کۆمیتەی ناڕەزایی دەربڕین دژ بەو "چەوساندنەوە" نوێیەی بەرەوڕووی سەرۆکە کوردەکان بووبووەوە، وەک هەوڵدان لەلایەن حکوومەتەوە بۆ کۆنترۆڵ کردنی ناوچەکە بەتوندی و هەڵوەشانەوەی تۆڕی ملکەچی و خاترجەمی کە لە سەردەمی حەمیدییەکاندا تەشەنەی کردبوو و کاریگەریی زۆر خراپی هەبوو لە سەر جووتیارانی ناوچەکە و ئەو عەشیرەتانەی ملیان بە سوارەی حەمیدی نەدابوو، هەروەها لە سەر بەرپرس و کاربەدەستانی ناوچەکە کە نەیاندەتوانی بەکارایی حوکم بکەن. بەهەرحاڵ، ئەندامانی یانەکانی کۆمەڵەی هاوکاری و پێشکەوتنی کورد KTTC لە شار و ناوچە کوردییەکاندا وشە و دەستەواژەی "کوردانەیانKurdism " بەکاردەهێنا لە پرۆتێست و ناڕەزایی دەربڕیندا و پێداگرییان لە سەر ئەوە دەکرد کە تووشی سزادان هاتوون و بەو پێیە گوتاریان لەبارەی پاراستنی "مافی کوردانەوە" لەوە زیاتر بوو کە ناڕەزایی دەربڕین بێت لە سەر ئەم سزادانە. سەبارەت بە ئەندامانی لقە سەرەکییەکەی ئەستەمبووڵ، ئەوان بانگەشەیان بۆ خوێندن و پەرەپێدانی زمانی کوردی دەکرد و شتێکیش لەوە خوارتر ئۆتۆنۆمیی ئیداری، کە ئەمانە شتگەلێکن بەعادەت دەیانبەستینەوە بە ناسیۆنالیزمەوە. بەپێچەوانەی زۆرێک لە رووناکبیرە کوردەکانی پایتەختەوە کە پشتگیرییCUP یان تورکە لاوەکانیان دەکرد (هیچ نەبێت لە ساڵانی سەرەتای دەسەڵاتیاندا)، ئەندامانی یانە کوردییەکانی ویلایەتەکان هەوڵیاندەدا بگەڕێنەوە بۆ بارودۆخی پێش کارکردن بە دەستوور و بانگەشە کردنیان بۆ "گەڕانەوە بۆ شەریعەت" درۆشمی ئەم خولیا و داواکارییە بوو29.

یانەکانی ویلایەتەکان وەک کۆڕبەندی ناڕەزایی دەربڕینی لێهاتبوو، بەڵام لە هەمان کاتدا هەنگاو بە هەنگاو دەبوو بە پرۆژەیەکی روولەهەڵکشان و بایەخی زیاتری پەیدا دەکرد لە چیرۆکی ناسیۆنالیزمی کوردیی کۆتاییەکانی سەردەمی عوسمانیدا30. ئەم یانانە، سەرەڕای دابینکردنی کەناڵێک کە لە رێگەیەوە سەرۆکە کوردەکان بتوانن ئەوانیتری وەک خۆیان کەنارخراو ببینن، بواریشیان رەخساندبوو بۆیان کە بگەنە گۆڤار و رۆژنامەکان لە رێگەی پەیوەندییانەوە بە کۆمیتە ناوەندییەکەی ئەستەمبووڵەوە. زۆرێک لە سەرۆکە کوردە حەمیدییەکان و کەسانی تریش پەیامیان نارد بۆ رۆژنامەکان کە لە لایەکەوە ناڕەزاییان دەردەبڕی و لەولاشەوە ملکەچیی خۆیان بۆ رژێمی تازە رادەگەیاند - کە ئەمەش ستراتیجییەتێکی نەریتی و کلاسیکی بوو بۆ خۆپارێزی. پەیام و نامەکان ئامانجیان رەتکردنەوەی ئەو ئیددیعایانە بوو لەدژیان و قەناعەتکردن بە رژێمی تازە کە ستەمیان لێنەکەن و سزایان نەدەن و نکووڵییان لەو تۆمەتانە دەکرد کە درابووە پاڵیان و   ملکەچی و پابەندیی خۆیان بە دەستوور و رژێمی نوێوە رادەگەیاند31. هەروەها داواکاری و پاکانەیان بۆ رۆژنامەی فەرمیی تەقویمی وەقایع بەرزدەکردەوە.٣٢

سەرۆک هۆزە کوردەکانی ویلایەت و ناوچەکان، لە دەربڕینی ملکەچی و پابەندییان بە رژێمی نوێوە، جیاوازییەکیان نەبوو لە هاوەڵ و هاوشێوەکانیان لە یانە ناوەندییەکەدا. پێدەچێت کلیلی ئەجێندای یانەکان ئەو هەوڵ و تەقەلایە بووبێت بۆ قەناعەت پێکردنی رژێمی تازە لەبارەی ملکەچیی کوردەوە وەک کۆمەڵ. هەروەها ژمارەیەکی باش لە مونەوەر و رۆشنبیرە کوردەکان هەبوون کە پەیوەندییان بە CUPوە هەبوو ساڵانێک پێش گەیشتنی بە دەسەڵات. روون و ئاشکراشە کە لە رژێمی تازەدا یەکگرتنێکی پتەو هەبوو لە تێڕوانینی پڕ گومان و دوودڵی بۆ کۆمەڵێک کە وەک "کورد" دەسنیشانیان کردبوو. ئەم سڵ و پارێزە لە کورد لەوەوە سەرچاوەی گرتبوو کە تێبینیی ملکەچییان کردبوون بۆ ئەو سوڵتانەی ئەمان بەرهەڵستییان دەکردن و لەدژی دەوەستانەوە - ئەو ملکەچییەی لە ساڵانی سیاسەتی "کاری ئیجابیی" سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەمدا لەگەڵ سەۆک هۆزە کوردەکان چەسپاندبووی، وەک پێشتر باسی لێوە هاتووە.

هەروەها لەژێر فشاری ئەوروپییەکاندا بۆ راستکردنەوەی ئەو هەڵانەی دژ بە ئەرمەنەکان بەرپاکران و زۆریک لە سەرۆک هۆزە کوردەکان پەیوەندییان پێوە هەبوو، رژێمی نوێ ئەو ویلایەت و ناوچانەی کردە ئامانج کە کورد و ئەرمەنیان تێدا نیشتەجێ بوو بۆ ئەنجامدانی چاکسازیی گرنگ. سەرەڕای ئەو راستییەی کەوا ژمارەیەکی زۆری کوردە خوێندەوارەکان لە بزووتنەوەکەیاندا بوون (واتە تورکە لاوەکان)، بەڵام بەگشتی وێناکردنی کورد وەک گرووپێکی دواکەوتووی نەزان تەماشا دەکرا کە بە شێوەیەکی بەرفراوان پێویستیان بەوەیە جڵەو بکرێن و شارستانێتیان تێدا بڵاوبکرێتەوە. رۆشنبیرە کوردەکان دەیانویست ئەم چەمک و تێگەیشتنانە بڕەوێننەوە و بە گەرمی و پەرۆشییەوە کاریان بۆ دەکرد لە رۆژنامەکانیاندا. بەڵام ئاهەنگی کردنەوەی یانەکەیان لە ئەستەمبووڵ، کە پاش ماوەیەکی کورت لە گێڕانەوەی دەستوور سازکرا، مەترسییەکانیانی دەرخست و پیشانیدا کە چۆن پلان دابنێن بۆ چارەسەرکردنی.

 لەو کۆبوونەوە سەرەتاییەدا کە لە مزگەوتی ئایاسۆفیا لە ئەستەمبووڵ بەسترا، ئەم مەترسییانە بە ئاشکرا وەدەرکەوتن لەو بڕیارانەدا کە ئامادەبووان دایان. ئەوان دەیانویست دەستبەرداری "ئیددیعا پڕ لە بوختان و ناوزڕاندنەکانی رۆژنامەی فەیزی حوڕییەت Feyzi Hurriyet بن دژ بە دانیشتووانە کوردە دڵسۆزەکان" و هەوڵ بدرێت لە رێگەی رۆژنامەکانەوە خەڵکی لەوە تێبگەیەنرێن کە "تەنها ئاغاکان بەرپرسیار بوون لە کێشە و مەینەتیی وڵاتی کوردان و بەرپاکردنی ئەو ئاژاوە و پشێوییەی بوو بە هۆی گرفتاری و تەنگ پێهەڵچنینی هاوڵاتییە کریستیانەکانیان". هەروەها ئەوەشیان روونکردەوە کەوا ئەو کەسایەتییە کوردانەی بە توندوتیژی ناوبانگیان دەرکردووە، هەڵیاننابژێرن بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عوسمانی (مەجلیسی مەبعووسان) و پلانیان هەیە بۆ کەمپەینێکی نامە نووسین لەمڕووەوە33. لە کۆبوونەوەیەکی تری بەراییدا، کە لە قاوەخانەی café de lecture بەسترا لە گەڕەکی ڤەزنەجیلەری ئەستەمبووڵ و وتاری تێدا خوێنرایەوە و ئەو کوردانەی کە لەوێ ئامادەبوون سوێندیان خوارد "کە تا دوا دڵۆپی خوێنیان شەڕ دەکەن بۆ پاڵپشتیی سەرەتا و پرینسیپەکانی دەستوور، کە   ئاشتی و ئارامیی نیشتمانی خۆشەویستیان دابین دەکات و نیازپاک بن بۆ پێشخستنی سەرتاپا وڵاتی عوسمانی".  هەروەها جەختیان لە سەر ئەوە کردەوە کە "هیچ ئایدیا و نیازێکیان نیە نە بۆ سەرپێچی کردن لە دەستوور و نە بۆ کۆسپ و تەگەرە خستنەڕێی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی CUP". بێجگە لەوەش، بەڵێنی گێڕانەوەی ئەو دۆستایەتییە نەریتییەیان دا کە لە نێوان کورد و ئەرمەندا هەبوو و لەلایەن حکوومەتێکی خراپەوە تێکشکێنرا، لە ژێر سایەی ئیدارەی پێشوودا34.

زۆر زەحمەتە بە دڵنیاییەکی رەهاوە کەوا سەرکردەکانی کۆمەڵەی هاوکاری و پێشکەوتنی کورد KTTC لە ئەستەمبووڵ لقەکانی یانەکەیان بۆ ئەوە دامەزراندبوو کە لەو رێگەیەوە کۆنترۆڵی ئاڕاستەی تێکەڵ و پێکەڵیی هاونیشتمانییەکانی خۆیان بکەن لە ویلایەتەکاندا و لەگەڵ ئەوەشدا، وادیارە ئەم ئەرکە هەندێک رۆڵی گێڕابێت لە مەسەلەی ئینتیمای یانەکاندا، بەوەی ناوەند و لقەکانیشەوە، بەگوێرەی ئەو راگەیاندنانەی کە لە کۆبوونەوەکانی یانەکەی ناوەندەوە دەردەچوو. ئەوەی کە زۆر روون و ئاشکرایە ئەوەیە کە CUP کەسایەتییە کوردە ناودارەکانی بەلای خۆیدا راکێشاوە، لەوانەی کەوا ئەندامی دیار و سەرەکیی یانەکەی ناوەند بوون، بۆ پشتگیری کردنی   کار و کردەوە سزائامێزەکانی دژ بە سەرکردە کوردەکانی ویلایەتەکان، لە رێگەی هەوڵ و کۆششی قەناعەت پێکردنەوە. کۆمیتەی ناوەندیی CUP شێخ عەبدولقادری سەرکردەی کاریگەری کوردی شەمدینانی هەڵبژارد، کە لە هەمان کاتیشدا ئەندامی دامەزرێنەری KTTC بوو، بۆ ئەوەی وەک نوێنەر سەفەر بکات بۆ كوردستان و ئەرکی راکێشانی کوردەکانی ناوچەکە بوو بۆ پاڵپشتی کردنیان لە رژێمی نوێ. هەرچەندە شێخ عەبدولقادر ساڵانێک نیشتەجێی کوردستان نەبوو بەڵام خاوەنی "ناوبانگێکی گەورە بوو" لەلایەن تەواوی سەرکردەکانی کوردەوە لە ناوچەکەدا و کاریگەری و دەسەڵاتیکی گەورەی هەبوو لەناویاندا35. پاشان وەک نەخشەی بۆدانرابوو، لە ئۆكتۆبەری ساڵی 1909دا، شێخ عەبدولقادر گەیشتە وان و لەگەڵ حاکمی ئەو ویلایەتەدا نەخشەیان بۆ زنجیرەیەک موحازەرات داڕشت لە سەر دەستوور، بێجگە لە "ئامۆژگاری کردنی ملکەچیی" بۆ رژێمە نوێیەکە، کە دەیگەیەنێتە سەرۆکە کوردەکانی ویلایەتەکە36. "کۆنفرانسەکە" ماوەی دوو هەفتەی خایاند و بە ئاستێکی بەرفراوان نەک تەنها سەرکردە کوردەکانی ناوچەکە ئامادەی بوون بەڵکوو ئەرمەنە کاریگەر و خاوەن دەسەڵاتەکانیش ئامادەی بوون. لە ئەنجامی کۆتاییدا گرووپەکە بەڵگەنامەیەکیان مۆرکرد کە لەلایەن کوردەکانەوە بەڵێننامەی فەرمی لەخۆگرتبوو سەبارەت بە "پێکەوەژیانی دۆستانە لەگەڵ برا ئەرمەنەکانیاندا و کارکردن بۆ یەکگرتنی هەموو توخم و رەگەزەکان و یارمەتیدانی حکوومەت بۆ سزادانی ئەنجامدەرانی کارە هەڵەکان"، هەروەها رێککەوتنێک بۆ رادەستکردنی زەویوزاری دەستبەسەرداگیراوی ئەرمەنەکان لە بەهاری داهاتوودا37. بە هەمان شێوە سەرۆکە "یاخیبووەکانی" دەرسيم دەستبەسەر کران و "ئامۆژگاریی هاوشێوەی پێویستیان درایە" بە مەبەستی دەربڕین و پێشاندانی ملکەچی بۆ رژێمە نوێیەکە38. هەروەها رووناکبیری کاریگەری کورد سەعیدی کوردیش گەشتیکی بە ناوچەکەدا کرد بۆ ئامۆژگاری و راوێژپێدان بە ژمارەیەکی زۆر لە هۆزەکان سەبارەت بە سوودەکانی دەستوور39.

ئەم هەوڵ و کۆششانە گەلێ جاڕنامەی رەسمیی لێکەوتەوە سەبارەت بە ملکەچی بۆ دەستوور و حکوومەتی نوێ لە لایەن سەرۆکە جۆراوجۆرەکانی کوردەوە. بەهەرحاڵ، ئەوە رێگەی هەڵچوون و ورووژانی لێنەگرتن کە بگەڕێنەوە بۆ بارودۆخی پێش گۆڕینی رژێم. تەنانەت لە پاش دەرکردنی یاسای کۆمەڵەکان لە دوادویی ساڵی 1909دا و بەو پێیە فەرمانێک دەرکرا بە داخستنی یانە کوردییەکان (لەنێو مەسەلەکانی تردا)، کەچی لقەکانی ویلایەتەکان بەردەوام بوون لە سەر کاری خۆیان بە شێوەیەکی نهێنی. هەرچەندە مەسەلەکە دەکەوێتە دوای ئەو ماوەیەی پێداچوونەوەی بۆ دەکرێت، بەڵام شیاوی ئاماژە پێکردنە کەوا بە هاتنی ساڵی 1910 چاودێران تێبینیی ئەوەیان کردبوو کە "بزووتنەوەی کورد" لە ویلایەتەکاندا زیندووە و گەشە دەکات"40.

راستییەکەی ئەگەر "بزووتنەوەیەکی کوردی" لەم کاتەدا هەبووبێت، ئەوە ئەو بزووتنەوە نەتەوەییەی کوردە خوێندەوارەکانی ئەستەمبووڵ نەبوو کە هەڕشە بێت لە سەر ئیمپراتۆرییەت.  پێش هەموو شتێک، ئەوەی پەیوەندیدارە بەم گرووپەوە، کە دەنگی هێشتا هەر تەواو لاوەکی و پەراوێزخراو بوو، کە ناسیۆنالیزم بە شێوەیەکی سەرەکی بەهێزکردنی رەگەز و توخمی کوردی دەگەیاند لە ناو قەوارەی عوسمانیدا و لە رێگەی خوێندن و مۆدێرنە کردنەوە و لە هەمان کاتیشدا بەهێزکردنی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی لە رێگەی دەوڵەمەند کردنی ئەندامانی گرووپەکانیەوە لە ناوچە جۆراوجۆرەکاندا (لەڕووی کولتووری و مادییەوە). گوتاری ئەو رووناکبیرە کوردانە لەم کاتەدا بەردەوام بوو بۆ جەختکردنەوە لە سەر ئەوەی کەوا کوردەکان بەشێکی دانەبڕاون لە ئیمراتۆرییەتی عوسمانی و ئەمەش خاڵێک بوو تەنانەت تا دوای جەنگی جیهانیی یەکەم پاراستیان. تەنها کاتێک کە ئیمپراتۆرییەت لەوەدابوو بکەوێت ئەم خولیا و داواکارییە دایە کزی و دەستەبژێرە خوێندەوارە کوردەکە بە سڵەوە تا دەهات زیاتر روویان وەردەچەرخاند، وەک لە "بەشی کۆتاییدا" لە خوارەوە باس دەکرێت. هەڵبەت بزووتنەوە "کوردییە" نانەتەوەییەکەی ویلایەتەکان دەسەڵاتدارانی بێزار دەکرد زیاتر لە هەر ناسیۆنالیزمێک کە کوردە خوێندەوارەکانی پایتەخت لەئەستۆیان گرتبوو. بەرپرسانی CUP، لە سەر رێچکەی حەمیدییەکانی پێش خۆیان رۆیشتن و باوەڕیان وابوو کە کوردی ویلایەتەکان بە رادەیەک گرنگن کە پشتگوێ خستنیان کاری کردە نیە و نەگونجاوە. لە وەختێکی لە سەرپل و ناسکدا و کاتێ کە ئیمپراتۆرییەت بەرەوڕووی هەڕەشە و مەترسیی ناوخۆ و بەتایبەتتر دەرەکی بووەوە، دەسەڵاتدارانی عوسمانی هەوڵیاندا دۆستایەتی و دڵبەندیی دانیشتووانە کوردەکە بپارێزن، لەبەر ئەوەی کوردەکان بایەخێکی تایبەتیان هەبوو و کۆمەڵگەی سەردەست بوون لەو هەرێم و ناوچانەدا کە ئەرمەنیان لەگەڵ دەژیان و بۆ ماوەی چەندین دەیە بوو حکوومەتی ناوەندیی عوسمانی بە ناوچەیەکی هەستەوەر و پڕ لە پیلان و دەستێوەردانی ناوەکی و دەرەکیی لەقەڵەم دەدا. راستییەکەی، بە زیادبوونی بایەخی رووسیا بەم خاک و ناوچانە بایەخ و گرنگیی کوردەکانیش زیادی کرد41. بەوپێیە ستەم و سەرکوتکردن لە سەریان سووککرا و بەڕوونی ئەوە بەدیدەکرا کە سەرۆک هۆزە کوردەکان تووشی فشار و تەنگپێهەڵچنینی زۆر نەدەهاتن و لەوەش گرنگتر تەماشایان دەکرد کە ناچار ناکرێن هیچکام لەو زەویوزارانەی لە جووتیاری ئەرمەن و (هەروەها کوردیش) داگیریان کردبوو بیانگێڕنەوە و ئەم مەسەلەیەش بووبوو بە مایەی سەرسوڕمان و دڵەڕاوکێیان.

 

کۆتایی (1910 - 1925)

ئەگەرچی رژێمە نوێکە واپێدەچوو کە دەخوازێت دڵڕاگری بکات بۆ توخمی بەهێزی خێڵەکیی کورد لە ویلایەتەکاندا، بەڵام سەردارە کوردەکان هەر بە دوودڵی و دوو بۆچوون مانەوە بەرانبەر بە CUP لە ساڵانی پێش جەنگی جیهانیی یەکەمدا. بەهەرحاڵ، وەک پێدەچوو کە ئیمپراتۆرییەت بەرەنگاری ئەو جەنگانە بووبێتەوە کە مەحاڵ بوو بەریان پێبگیرێت (یەکەمیان جەنگەکانی بەڵکان و پاشانیش جەنگی جیهانیی یەکەم کە هەڵایسانی لە ئاسۆوە دیار دەکەوت)، بیر و بۆچوونی ناسیۆنالیزمی کوردی لەناویاندا بڵاوبووەوە. بەو پێیە بزووتنەوەکە، کە لەڕاستیدا دووان و (بگرە سیانیش بوو بە کردار) کەوتە دابینکردنی زەمینەیەکی هاوبەش، یان بەلای کەمەوە هاوبەشی لە فەرهەنگی وشە و دەستەواژەکانی. بە نزیکبوونەوەی کۆتایی جەنگ هەرەسهێنان و هەڵوەشانەوەی پاشماوەی ئیمپراتۆرییەت لە ئەمڕۆ و سبەیدابوو. لێرەوە ئیتر ناسیۆنالیزمی کوردی وەک ئەگەری سەروبەرگرتنێکی سیاسی بۆ پاشەڕۆژی کورد وەدەرکەوت، نەک وەک هۆکار یان لێکەوتەیەکی راستەوخۆ بۆ هەڵوەشانەوەی ئیمپراتۆرییەت بەڵکوو وەک یەکێک لە کاردانەوە زۆرەکان بوو بۆ   ئەوە و بەتایبەتی لە گەرماوگەرمی دوای بنیاتنانی دەوڵەتدا42. رووداوە تایبەتەکان بوون بە مایەی هەڵکشانی ژمارەی ئەو کوردانەی باوەڕیان بە ناسیۆنالیزم هێنا بە هەر شێوەیەک بێت لە ساڵانی راستەوخۆی دوای جەنگی جیهانیی یەکەمدا. لەگەڵ ئەوەشدا، تا درووستبوونی عێراق و تورکیا و سووریا سەرانی ئەم دەوڵەتە تازانە سیاسەتی نەتەوەیی دژەکوردیان نەگرتەبەر، چونکە ناسیۆنالیزمی کوردی یان کوردیزم لە رێچکەی سڵ و خۆپارێزی لایدا و وەک بزووتنەوەیەکی راشکاوانەی جیا لە ئەجێندا و بەرنامەی عوسمانیزم و پان ئیسلامیزمدا دەرکەوت43.

 

ئەنجام

ئەو بۆچوونە هەڵەیە کە دەڵێت گوایە ناسیۆنالیزمی کوردی نەبووە لە دوادوایی سەردەمی عوسمانیدا و ئەو جەختکردنەوەش راست نیە کەوا کوردانی عوسمانی هیچ شوناسێکی کوردییان نەبووە کە جیابێت لە شوناسە خێڵەکی یان ئاینی یان عوسمانییەکەیان، کە هاوشانی یەکتر بوون. بەهەرحاڵ، ئەو بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و سیاسییانەی کە پاڵیان بە توخمی کوردییەوە دەنا لە ناسنامەکەیدا بە زەروورەت لە ناکۆکی و ململانێدا نەبوون لەگەڵ ئەو بزووتنەوانەی لە سەر ناسنامە یان شوناسی تر بەندبوون، چەشنی عوسمانیزم، بەلای کەمەوە تا ئەو کاتەی دواتری گەمەکە کاتێ ئەو دەوڵەتانەی دابەشدەکرێن بەسەریاندا بەرەو سیاسەتی شۆڤێنیی نەتەوەیی وەردەچەرخێن سەبارەت بە کەمینەکانیان. لەڕاستیدا، گەلێ لە ناسیۆنالیستە کوردەکان هەر بەردەوام بوون لە سەر عوسمانێتیی خۆیان تا دوای جەنگی جیهانیی یەکەمیش. ئەو جۆرەی ئەوان لە ناسیۆنالیزمی کوردی هیچ هەڕەشەیەکی درووست نەدەکرد لە سەر ئیمپراتۆرییەت. بەڵام سەبارەت بە هاوچەشنەکانیان لە ویلایەتەکاندا، کە ئەمانیش توخمی ناسنامەی کوردیان لە بزووتنەوەکەیان وەدەرنابوو و ئەجێندای نەتەوەیی لایان گەشەی نەکردبوو. ئەوان چالاکی و وابەستەییان بە یانە کوردییە ناوچەییەکانەوە بریتیبوو لە جموجووڵێکی ناڕەزایی دەربڕین دژ بە رژێمێک کە هەڕەشە بوو لە سەر ئەو دەسەڵات و ئیمتیازانەی کە لە سەردەمی حوکمی سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەمدا هەیانبوو. ئەوان دژ بە سیاسەتەکانی رژێمی تازە وەستابوونەوە کە دەستدرێژیی کردبووە سەر "ئازادیی کوردەکان" و باوەڕیان وابوو کە رژێمی نوێ کردوونی بە ئامانجی "چەوسانەوە" و لەمەدا بەتەواوی هەڵە نەبوون، چونکە CUP لە دەسەڵاتدا دەیویست پاشگەز ببێتەوە لەو تۆڕە بریکار و شوێنکەوتووانەی کە رژێمی پێشوو لە ناو کورددا چاندبوونی و ئەمانیش پابەند و جێمتمانەی بوون. بەهەرحاڵ، "کوردپەروەری" ویلایەت و ناوچەکان بەدوای سەروبەرگرتنێکی سیاسییەوە نەبوون کە بەزەروورەت قەوارەیەکی کوردیی جیاکاریان پێپەسەندتر بێت، بەڵکوو قەناعەتیان بە گەڕانەوە بوو بۆ ئەو بارودۆخەی پێش CUP.

لەڕاستیدا، رەنگە کۆمیتەی ناوەندیی  KTTC وای بەخەیاڵدا هاتبێت کە یانەکانی لقە ناوچەییەکان هۆکارێک بن بۆ کۆنترۆڵ کردن و ئاڕاستە کردنی ئەو بزووتنەوە کۆمەڵایەتییانەی ویلایەتەکان کە لە ناو سەرۆکە ناڕازی و تووڕەکانی ویلایەتەکاندا سەریانهەڵدابوو. ئەوان لەمەدا کار و کردەوەکانیان دەچووە خزمەتی پاڵپشتی کردنی رژێمە تازەکەوە نەک لەدژی. هەڵبەت گوتار و چالاکییەکانیان ئاماژە بوو بۆ ئەوەی کە ئەوان لەگەڵ هەوڵ و تەقەلایاندا بۆ بەرزکردنەوەی شوناسی کوردی و تا دەهات نیگەرانی و دڵەڕاوکێیان زیادی دەکرد لە گەشەکردن و هەڵکشانی هێزی ناسیۆنالیزمی تورکی، بەڵام ئەوان وایان نەدەبینی کە بزووتنەوەکەیان مەبەستی هەڕەشەی هەبێت لە ئیمپراتۆرییەت، بەڵکوو بەپێچەوانەوە ئەوان لە هەوڵی پاراستنی یەکپارچەیی خاکی ئیمپراتۆرییەتدا بوون، لەگەڵ زەمانەتکردنی دانپیانان بە پێداویستیی کۆمەڵایەتی و سیاسی و خوێندن و فێرکردنی کورددا لەلایەن حکوومەتی عوسمانییەوە. لێکۆڵینەوەیەک لە سەر لقەکانی KTTC لە ویلایەتەکاندا گومان دەخاتە سەر هەر گریمانەیەک لەبارەی یەکێتیی بزووتنەوەی نەتەوایەتیی کورد و دید و بۆچوونی هاوبەشی ئەندامە جیاوازەکانی. هەروەها رەچاوکردنی ئەوەی کە پێیدەوترێت بزووتنەوەی ناسیۆنالیستیی کورد لە ماوەی ئەم پێداچوونەوەیەدا دیسانەوە گومان دەورووژێنێت لە سەر پەیوەندیی مەبەستداری نێوان ناسیۆنالیزم و کۆتایی ئیمپراتۆرییەتدا. لە هیچ کات و شوێنێکدا ناسیۆنالیزمی کوردی بە زەروورەت هەڕەشە نەبووە بۆ ئیمپراتۆرییەت و لەڕاستیدا بۆ گەلێک لە ناسیۆنالیستەکان ئەوە گوتارێک بووە بۆ پشتیوانی کردن لە ئیمپراتۆرییەت.

ئەوەی کە لێکۆڵینەوەی حاڵەتی ئێستا دەیسەلمێنێت راگەیاندنی هرۆشە کەوا وشە و دەستەواژەکانی ئێستامان بۆ گفتوگۆ کردن لە سەر ناسیۆنالیزم و بەتایبەتی بزووتنەوەکانی کەمینەکان لە دەوڵەت یان ئیمپراتۆرییەتە فرە ئیتنیک و نەژادەکاندا، پێویستی بە وردەکارییە بۆ لێکدانەوەی ئاڵۆزیی ئەم بزووتنەوانە. ئەمە بە شێوەیەکی تایبەتی بۆ ئەو حاڵەتەی لێرەدا باس کراوە، کە هەندێک گرووپ بە نەتەوەیی خۆیان پێناسە دەکەن بەڵام لەڕاستیدا داواکارییان بۆ دەوڵەتێکی زیاتر گشتگیر و نانەتەوەییە و لە سنوورەکەیدا گرووپی جۆراوجۆر بگرێتەخۆی. ئەوەی کە دۆخی کوردیی عوسمانی پیشانیدەدا ئەوەیە کە بزووتنەوە ئیتنیکییە نەتەوەییەکان لە ناو ئەو گرووپانەدا کە باڵادەست نین لە دەوڵەتە فرە نەتەوە و نەژادەکاندا بە زەروورەت جوداخواز نەبوون یان تەنانەت ناسیۆنالیستیش نەبوون بە مانا وردەکەی ئەم وشەیە. لەبری ئەوە ئەو گرووپانەی کە ئێمە ناوی "ناسیۆنالیستیان" لێدەنێین ئاواتیان ئەوەیە کە بە ئاشتی بژین لەگەڵ گرووپی "نەتەوەیی یان ناسیۆنالستیی" تردا، لەکاتێکدا کە توخمە ناسیۆنالییستییە رووکەشەکانی تر تەنها سکاڵا و داواکارییە سیاسی و ئابوورییەکانیان دەخستە ناو چوارچێوەی ئیدیۆمی نوێی ناسیۆنالیزمەوە.

ئەو وشە و دەستەواژانەی من لە ئەنجامگیریی خۆمەوە بەدەستمهێناوە، واتە نەتەوەییە   کوردەکان و کوردە نانەتەوەییەکان، بریتین لە هەنگاوی یەکەم و رەنگە هەنگاوی ناتەواو و شەرمنانە بن، بۆ چارەسەری ئەو زاراوانەی هرۆش دەستنیشانی کردبوون و ئەمەش کێشەیەکە وادێتە بەرچاو کە قووڵتر بێت کاتێ مەسەلەکانی ناسیۆنالیزمی کەمینەکان رەچاو دەکرێن. بەدڵنیاییەوە پێویستە لێکۆڵینەوەی بەراوردکاریی زیاتر بکرێت بە مەبەستی تێگەیشتنی قەناعەتبەخش و زیاتری "ناسیۆنالیزمی" کەمینەکان. بێگومان کێشەی زاراوەسازی ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە هێشتا بەتەواوی پەیمان بە ئاڵۆزیی بزووتنەوەی کەمینەکان نەبردووە لە قەوارە فرە ئیتنیک و نەژادەکاندا. ئەنجامدانی ئەم کارە رەنگە بمانخاتە سەر رێگەیەکی باشتر نەک هەر تەنها بە تێگەیشتن لە رابردوو بەڵکوو بۆ چارەسەری کێشە و ناکۆکییەکانی رۆژگاری ئەمڕۆش کە ژیربێژیی هاوبەش وایدەبینێت کە دەوڵەتە فرە ئیتنیکەکان زەمینەی بەپیتن بۆ کارەسات، یان بزووتنەوە نەتەوایەتییەکانی کەمینە بەگشتی بەنیازی کارکردنن دژ بە یەکپارچەیی خاکی دەوڵەتی پەیوەندیدار. تێگەیشتنی روونتری ئاڵۆزیی ناسیۆنالیزمەکانی کەمینە یان رەنگە وێناکردنێکی نوێ بۆ زاراوەسازیی بەکارهاتوو بۆ جیاکردنەوەی ئەم جۆرە بزووتنەوانە رەنگە مەترسیی توندی ئەو وڵاتانە سووک بکات کاتێ گرفتاری ئەوەی پێیدەوترێت بزووتنەوەی ناسیۆنالیستی دەبن لە ناو سنوورەکانیاندا. هەروەها یارمەتیی ئاشتیپاریزان دەدا بۆ هاوکاری کردنی ئەم هێزانە لە سەلماندنی توخمە گشتگیر و مێژووییەکان لە رەچەتەیەکی ئاشتیدا، لەبری خۆڕادەستکردن بە گریمانەی دەوڵەتان کە پێویستیان بەوەیە نەتەوەیی بن بۆ ئەوەی بەهێزبن و دەبێت بزووتنەوە ئیتنیکییەکان لە ناو سنوورەکانیاندا تێكبشکێنن لە رێگەی تواندنەوە یان نکووڵیکردن یان هێزەوە. ئێمە ئەگەر بتوانین گوتار و رێبازمان دابڕێژینەوە لە بەرانبەر ناسیۆنالیزم لە نێو ئەو گرووپانەی باڵادەست نین، ئەوە رەنگە نەتوانین دووبارە بیر لە رابردوو بکەینەوە بەتەنها، بەڵکوو دەشتوانین پاشەڕۆژێکی باشتر دابین بکەین، بەتایبەتی لەو ولاتانەدا کە ناسیۆنالیزمی کەمینە گرێدراوە بە ململانێی توندی ئیتنیکی و نەژادییەوە.

 

تێبینی

 1 -  گەلێ رێبازی ئیلهامبەخش لەلایەن ژمارەیەکی زۆر لە توێژەرانەوە خراونەتەڕوو لێرەدا گرنگترین نموونەیان ئەمانەن: ئەدەنیر و فاروقی (2002)، گۆفمان (2002)، تیۆدۆرۆڤا (1996) و بەتایبەتیش ئەبولحاج (2000 ، 2005).

 2 -  بۆ نموونە بڕوانە، گرين (2000)، كەفدار (1995) و لۆري (2003).

3 - بۆ نموونە بڕوانە، داڤیسۆن (١٩٧٧) و کارپات (١٩٨٨). هەندێک هەڵاواردنی ئەم دواییە هەیە کە شیاوی تێبینین، بڕوانە پەیپەرە بڵاونەکراوەکانی (Petrov, 2003، Poutouridou، Yosmaog˘lu)، کە هاتوونەتە پاڵم لە لیژنەی کۆمەڵەی مێژوویی ئەمریکی، "هەڵوەشانەوەی ئیمپراتۆرییەت و بنیاتنانی نیشتمان - نەتەوە: دۆخی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی بە نموونە". هەروەهان ئەو سەرنجانەی کە رەفعەت عەلی ئەبولحاج و دۆناڵد کویرت، کە سەرۆک و وتەبێژی لیژنەکەن، مایەی نرخاندنێکی گەورەن.

٤ - باسە بەراوردکارییەکە زۆر بایەخدارە بە هۆی سەرنج و تێبینییە نایابەکانی مايكڵ مانەوە (1993: 347) سەبارەت بە "نەتەوە و چینە هەرێمییەکانی کە جێگیر بوون لە سەردەمی فەرمانڕەوایی هابسبورگدا -  بەڵام جوگرافیای سیاسی پێجەوانەی ئەوە دەگەیەنێت". ئەمە وێنەیەکی هاوشێوەی سەرنجڕاکێش پێشاندەدات لە مەسەلەی عوسمانیدا، وەک لەم باسەدا ئیشارەتم پێکردووە.

 5 - سەبارەت بە هەندێک لە رووناکبیرانی کورد و بۆ ئیزافەکردنی ئاڵۆزییەک بۆ مەسەلەکە، "کوردبوون Kurdishness" پرۆژەیەک بوو بە ئەنقەست جووڵێنرا بۆ سەروبەرگرتن ورێکخستنی دۆخی سیاسیی نەریتیی بنەماڵەیەک لە رێگەی بەکارهێنانی ئیدیۆمی ناسیۆنالیزمەوە. رەچاوکردنی چالاکییەکانی برایانی بەدرخان لە سەرەتای ساڵی 1898 وە و هێز و گوڕ بەسەستهێنان بەدرێژایی چەند دەیەی دواتر بۆ سەرۆکایەتیی بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد، بۆ ئەوان بریتی بوو  لە هۆکاری وەرگرتنەوەی بەشێک لەو دەسەڵاتەی بنەماڵەکە لەدەستیدابوو پاش تێکشکاندنی میرنشینە بەهێزەکەیان پێشتر لە سەدەی نۆزدەهەمدا. بەشێک لە کەمپەینی نەتەوەییان خولیای وەرگرتنەوەی ئەو میرنشینییە بوو کە رۆژگارێک کەسانی بنەماڵەکەی ئەمان سەرگەورەی بوون (هەرچەندە بەئاشکرا دەریان نەدەبڕی)، وەک گەڕانەوەیەک بۆ شکۆی کورد لە سەروەختی هەڵوەشانەوەی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانیدا. لەکاتێکدا کە ئەمە بەدڵنیاییەوە کۆمەڵێک بابەتی گرنگ دەخاتە سەر مەسەلەی ناسیۆنالیزم، کە لێرەدا باسی لێوە کراوە، بەڵام لە جوغزی ئەم ئەم باسەدا نیە بۆ ئەوەی لە سەری بڕۆین و ئەو خوێنەرانەی مەسەلەکە جێبایەخیانە دەکرێت راوێژ بە كڵاین (1996) بکەن.

 6 - بەهیوام سوود لە مشتومڕ و بیر و بۆچوونی جوانی ئەم توێژەرانە ببینن: حەمید بۆزئەرسەلان (١٩٩٦)، مارتن ڤان برونەسن (١٩٩٧ ئە، (١٩٩٧ ب)، (٢٠٠٠)، (٢٠٠٢)، فوککارۆ (٢٠٠٢)، ماکدواڵ (٢٠٠٤)، ناتالی (٢٠٠٥)، ئوێزئۆغڵوو (٢٠٠٤)، یاڵچین -  هێکمان (١٩٩٠)، یەغەن (١٩٩٦)، بێجگە لە بەشداریی نووسەران لە کتێبی عەبباس وەلی (٢٠٠٣)دا، کە هاوکار بوون لە دووبارە بیرکردنەوە و پێداچوونەوەی سەرەتای ناسیۆنالیزمی کوردیدا.

7  -  بڕوانە هانيئۆغڵو (1995، 2001) بۆ بەدەستهێنانی زانیاری لە سەر باکگراوندی بزووتنەوەی تورکە لاوەکان.

٨ -  زانیارییەکی تەمومژاوی هەیە لە سەر رێکخراوێکی کوردی بە ناوی "کوردستان عەزمی قەوی جەمعییەتیKurdistan Azmi kavi Cemiyeti - "، کەوا کەسێکی نەتەوەپەروەری کورد لە یاداشتەکانیدا دەیگێڕێتەوە گوایە دياربەكرلي فكري ئەفەندي و كورديزادە ئەحمەد رامز بەگ لە قاهیرە دایانمەزراندووە و لە ساڵانی 1900 تا 1904 چالاک بووە، (قەدری جەميل پاشا 1991: 31).

9 - لێرەدا پێویستە دوو چالاکیی تر باس بکرێت. یەکەمیان یاخیبوونی شێخ عوبێدوڵا لە ماوەی ساڵانی 1879 - 1881دا، کە بە شێوەیەکی بەرفراوان بە یەکەم بە یەکەم بزووتنەوەی "نەتەوەیی کورد" دادەنرا (جوەیدە 1960)  و (ئۆڵسن 1989). لەکاتێکدا کە بە دڵنیاییەوە شێخ جۆرێک لە ئیدیۆمی ناسیۆنالیستیی بەکارهێناوە بەڵام بە مانا فراوانەکەی بزووتنەوەیەکی ناسیۆنالیستی نەبووە. دووەم، یەکەم رۆژنامەی کوردی، کە ناوی کوردستان بوو، لە ساڵی 1898 تا 1902 لە لایەن دوو کەس لە بنەماڵەی بەدرخان بڵاوکرایەوە -  کە بنەماڵەیەک بوو سەروەختێک حوکمی میرنشینێکی کوردیان کردووە و ئەندامەکانی بەردەوام بوون لە هەوڵدان بۆ جۆڕێک گەرانەوە بۆ ئەو ژیانەی پێشتریان. رۆژنامەکە، کە بە دڵنیاییەوە بایەخی گەورەی هەبوو لە چیرۆکی بەراییەکانی ناسیۆنالیزمی کوردیدا، بەڵام بە زەینیش لەنێو مێژووی بنەماڵەکەوە تەماشا دەکرێت و دیسان پێویستیشە لە سیاقی بەرهەڵستیی بزووتنەوەی تورکە لاوەکانەوە تەماشا بکرێت بۆ سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم (کڵەین 1996).

  10-  دوان لە سێ دامەزرێنەرەکە دەچنەوە سەر ئەم بنەماڵە نەریتیانە، بەدرخانزادە و بابانزادە. سێهەمیش لە بنەماڵەیەکی شێخی دەسەڵاتدارە، کە شەمدینانزادەیە (جەلیل ٢٠٠٠: ٥٥ - ٧١). ئەوانیتریش دیسان لە دەستەبژێری نەریتیی کوردی بوون. ئەمەش یەکینەدەگرتەوە لەگەڵ ئەندامێتیی ویلایەتدا، کە لە دەستەبژێری خێڵەکیی نوێ پێکهاتبوو و لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدە تاکۆتایی ئەو سەدەیە درووستبووبوو.

11- بۆ زانیاریی زیاتر لە سەر ئەم چالاکیانە، بڕوانە یاداشتەکانی ئەندامێکی جاران کە قەدري جەميل پاشا بوو (1991: 27 - 32).

 12- بەیاننامەی کۆمەڵەی هاوکاری و پێشکەوتنی کورد KTTG 'Cemiyet’in Beyannamesi' جەمعییەت بەیاننامەسی"، ژمارە ١، ٢٢ی تەشرینی دووەم ، ١٣٢٤ / ٥ ی دیسەمبەری ١٩٠٨. لە چاپی دووبارەی کورد تەعاون و تەرەقی غەزەتەسیی محەمەد ئەمین بۆزئەرسەلان وەرگیراوە (ئەپسالا: وەشانخانەی دەنگ، ١٩٩٨)                                                                       

 13- بڕوانە زنجیرەی نووسینەکانی محەمەد ئەمین بۆزئەرسەلان لە چاپی دووبارەی کورد تەعاون و تەرەقی غەزەتەسی، (ئەپسالا: وەشانخانەی دەنگ، ١٩٩٨).

14-  رای خۆم دەخەمە پاڵ ئەوانەی بەهەڵە تەماشای ئەم یانانەیان دەکرد لەبەر رۆشنایی ئەم بابەتە (1996).

15- "گوێ لە لوسەر بگرن"، بەيروت، 3ی کانوونی دووەم 1909. بە پێی راپۆرتێک لەلایەنمەگەردیچیانی تەرجومانی دیاربەکرەوە (وەرگێڕ) بەرزکراوەتەوە، لە 22ی ديسەمبەری 1908دا (PRO: FO 195 / 2317).

16-  "گوێ لە لوسەر بگرن"، بەيروت، 3ی کانوونی دووەم 1909. بە پێی راپۆرتێک لەلایەنمەگەردیچیانی تەرجومانی دیاربەکرەوە (وەرگێڕ) بەرزکراوەتەوە، لە 22ی ديسەمبەری 1908دا (PRO: FO 195 / 2317).

17 -  بەپێی قسەی حەمید بۆزئەرسەلان .... (پەیوەندیی شەخسي، نیسانی 2001).

 ١٨ - ئەوەی سەیر و سەمەرەیە کەوا گوتاری "گەلی کورد یەکە" لە بڵاوکراوەکانیاندا برەوی پێدەدرا لەنێو چین و توێژی جیاجیای کۆمەڵگەی کوردیدا و لە نێوان پشتیوانان و رەخنەگرانی رژێمی دەستووریدا دابەشی کردبوون و بەم رەنگە لەو گوتاری یەکگرتنەی کەمدەکردەوە کە بۆ ناسیۆنالیزمی کوردی پێویست بوو.

 19- راپۆرتی باڵیۆزی بەریتانیا باس لەوە دەکات کەوا هەرچەندە زۆربەی ئەندامانی کۆمەڵگەی هەرێم و ویلایەتەکانی کورد زۆر دڵخۆش بوون بەو هەواڵە بەڵام "ریزە زۆر و زەوەندەکانی دز و جەردە و پیاوکوژان" هەستیان بە نیگەرانی و دڵەڕاوکێی گەورە کردووە بەوەی بەسەریان دێت لە ئەنجامی گۆڕانی تەمومژاویدا" و بێدەنگییان هەڵبژاردووە تا بزانن دۆخەکە بەکوێ دەگات و رووداوەکان چۆن پەرەدەستێنن. لێرەدا بەگ و ئاغا کوردەکان تووشی نیگەرانییەکی توند هاتبوون و دەترسان سنوورێک بۆ کردەوەکانیان دژ بە "ئەرمەنە بێدیفاعەکان" و خێڵە کوردەکان سەرشۆڕ بکرێن)   (Therapia, Sept. 1, 1908, No. 533[FO 424 / 216]  (لوسەر بۆ گرەی). دۆخەکە لە ئەلبانیاش هاوشێوە بوو و بەشێک لە خەڵک بەگشتی، وەک خێڵە کوردەکان سوڵتانیان بە پارێزەری خۆیان دادەنا و لە شۆڕشی تورکە لاوەکان دەترسان و دواتریش لە رووخانی سوڵتان و باوەڕیان وابوو کە ئیمتیازەکانیان لەدەست دەدەن (Skendi 1967: 341 - 4).

 20 -  بۆ زانیاریی زیاتر لە سەر هێزەکانی سوارەی حەمیدی، بڕوانە کڵەین (٢٠٠٠) . 

21 - بڕوانە شیپڵەی بۆ لوسەر، ژمارە 47 نهێنی، ئەرزڕوم، 19ی ئاب 1908

  (PRO: FO 195 / 2284) و سەرابيان بۆ بۆپ، ژمارە 66، ئەرزڕوم ، 21 ی ئاب 1908  

(MAE Nantes: E 131).

22 -  بۆ نموونە، عەبدولکەریم بەگ لە عەشیرەتی میران یەک لە کەسایەتییە گرنگەکان بوو کە دەسگیر کرابوو، (بڕوانە دیکسۆن بۆ لوسەر، بەيروت، 15ی کانوونی دووەمی 1909  [PRO: FO 195 / 2317]؛ "داهيلي: ميران رەيسي عەبدولكەريم" ، KTTG رقم 3 (قانوونی ئەووەل ١٣٢، ١٩ی ديسەمبەری 1908) ، بەرگی پشتەوە لە چاپی دووبارەی کورد تەعاون و تەرەقی غەزەتەسیی محەمەد ئەمین بۆزئەرسەلان وەرگیراوە (ئەپسالا: وەشانخانەی دەنگ، ١٩٩٨). تێبینییەک هەیە لە رۆژنامەی تەقویمی وەقایعدا، کە رۆژنامەی فەرمیی عوسمانییە، ئاماژە دەکات بە گرتنی کەسایەتیی بەرز و ناوداری تری عەشیرەتی میران (ژمارە 272، 2ی تەمووزی 1335 / 15ی تەمووزی 1909).

 23 - بۆ نموونە بڕوانە تێبینییەکانی تەقویمی وەقایع، ژمارە 47، 11ی تەشرینی دووەم 1908 و ژمارە 99، 9ی کانوونی دووەم 1909.

 24 - بۆ نموونە بڕوانە "بەشێک لە نووسراوی کونسوڵی ئەمریکی لە خەرپوت، تورکیا، بۆ باڵیۆزی ئەمریکا لە قوستەنتینییە"، ٣ ی ئابی ١٩٠٨، لە لوسەرەوە بۆ گرەی، ژمارە ٥٠٥ ، ئەستەمبووڵ، ٢٢ی ئابی ١٩٠٨ (PRO: FO 424 / 216).

25 -  لەڕاستیدا پرسی زەوی (کە لە هەندێک بازنەدا بە مەسەلەی کشتوکاڵیس ناسراوە) فاکتەرێکی کلیل بوو بۆ بزووتنەوەی سەرۆک هۆزە کوردەکان دژ بە حکوومەت و هەروەها دژ بە دراوسێ ئەرمەنەکانیان. دواتر ئەمە بەردەوام دەبێت لە یاریکردنی رۆڵێک لە توندوتیژیی ناوچەییدا، نەک تەنها بۆ حەمیدییەکان و دووەم سەردەمی دەستووری، بەڵکوو لە کاتی جەنگی جیهانیی یەکەم و دوای ئەوەش (بڕوانە کڵەین 2002: بەشی 4 و کڵەین 2007).

26 -  بۆ نموونە، دەسەڵاتدارانی عوسمانی بەگومان بوون لە پاڵنەری ئەو سەرۆکە کوردەکانەی کە لە نۆڤەمبەری 1908 لە ماڵی شێخی زیلان کۆبوونەوەیان ئەنجامدابوو (بڕوانە تەقویمی وەقایع، ژمارە 41، ٤ی تەشرینی سانی ١٣٢٤، 17ی نۆڤەمبەری 1908). ئەوان باوەڕیان وابوو کە حاجی محەمەد لە هۆزی رەشکۆتان و شێخی زیلان نەخشەیەن بۆ کوشتاری ئەرمەنەکان داناوە (رەنگە بۆ ناشیرین کردنی ناوبانگی رژێمە تازەکە بووبێت). کاتی کە پۆلیس هاتن بۆ گرتنی شێخ، ئەم پێیڕاگەیاندن کەوا کۆبوونەوەکە بۆ نەخشەدانانی هیچ چالاکییەکی تاوانکارانە نەبووە و بەڵکوو بۆ راوێژ و ئامۆژگاریی ئاغا کوردە ئامادەبووەکان بووە لەبارەی باشەی دەستوور و ئەو خێروبێرە بووە بۆیان دابین دەکات. هەڵبەت رەنگە ئەرک و پەیامی راستەقینەی کۆبوونەوەکە هەرگیز نەزانرێت، بەڵام دەبێ ئەوەمان لەیاد نەچێت، وەک لەخوارەوە دەیبینین، کە ژمارەیەک لە سەردارە کوردە زیرەکەکان هەوڵی ئەوە دەدەن خۆیان وا پیشان بدەن کە ملکەچ و پابەندی رژێمی تازەن و لەهەمان کاتیشدا بەردەوام بن لە سەر کاری یاخیبوون بە ئاستی جیاجیا.

27  -  ديكسۆن بۆ لوسەر، ژمارە 31، ڤان، 3 ی نۆڤەمبەر 1908 (PRO: FO 195 / 2284).

28 -  رەنگە لە لایەن بەرپرسە عوسمانییە تووڕەکانەوە کە ناڕازی بوون لە گۆرانکارییەکان یارمەتی و پاڵپشتی کرابێتن. لە هەمان کاتدا، وا پێدەچوو کە بەرپرسە عوسمانییە لۆکاڵەکانی تر پشتیوانیی یانەکانیان دەکرد بۆ هەمان هۆکار وەک سەرکردایەتیی رێکخراوە کوردییەکە لە پایتەختدا کردی و باوەڕیان بەوە هێنابوو کە دەکرێت وەک هۆکارێک بێت و لە رێگەیەوە قەناعەت بە سەرکردایەتیی ویلایەت و ناوچە کوردییەکان بکرێت کە دان بە حکوومەتی تازەدا بنێن و دەستوور قبووڵ بکەن.

29-   یانەی دیاربەکر تەنها لق نەبوو کە سکاڵانامەی ئەم بوارە مۆر بکات. هەروەها راپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە ئەندامەکانی لقی بەدلیسیش "کاربەدەستانی تورکە لاوەکانیان بە زۆر و هەڕەشەی کوشتن ناچار کردووە ئیمزا لە سەر برووسکەیەک بکەن کە ئاڕاستەی کابینەکەی حکوومەتی تۆفیق پاشا کراوە و داوای جێبەجێ کردنی تەواوی شەریعەتیان کردووە" (سەفراستيان بۆ شيپڵەی، بەدلیس، ٨ ی حوزێرانی ١٩٠٩.

[PRO: FO 195  / 2317]). ئەم رووداوە لە سەر تەخت لابردنی سوڵتان عەبدولحەمید قەوماوە.

30-  دەستەواژەی "بە سڵ و پارێزەوە" ئاماژەیە  بۆ ئەزموونێک کە بە وانەی رۆژگار لەقەڵەم دەدرێت بۆ    کورد و کۆمەڵگە سنوورییەکانی تر بۆ پارێزگاریی لە ئۆتۆنۆمیی ناوخۆ لە رێگەی دووبارە هەڵسەنگاندن و سەرلەنوێ دانوستان کردن بە بەردەوامی بە پەیوەندییەکانیان بدەن لەگەڵ دەراوسێکانیان و ئەوانەی کە حوکمیان دەکەن. رەنگە ئەم ئەزموون کردنەی کورد لە جوغزی        "بە سڵ و پارێزەوە" ستراتیجییەتێکی تەواو بەپیت بێت بۆ هاوبەشی لە نێوان دەوڵەتە بەهێزەکاندا لەجیاتیی تەنها دابەشکردنێک کە ببێتە هۆی ئەنجامی پێچەوانە لە هەوڵدان بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی نەتەوەیی. لە نووسینێکی داهاتوودا پلانم هەیە بۆ روونکردنەوەی زیاتری ئەم چەمکە.

 31 - بۆ نموونە بڕوانە نامەکان لە چاپی دووبارەی کورد تەعاون و تەرەقی غەزەتەسی ٢٩ی تەشرینی سانی  ١٣٢٤ / ، ١٢ی دیسەمبەری ١٩٠٨، ١٩ی کانوونی سانی ١٣٢٤ / ٢٣ی کانوونی دووەمی ١٩٠٩ ، ٦٨ - ٦٩ لە چاپی دووبارەی کورد تەعاون و تەرەقی غەزەتەسیی محەمەد ئەمین بۆزئەرسەلان وەرگیراوە (ئەپسالا: وەشانخانەی دەنگ، ١٩٩٨).

 32 - بۆ نموونە بڕوانە نامەکان لە تەقویمی وەقایعدا، ژمارە 83 (20ی کانوونی ئەووەل، ١٣٢٤ / ٢ی کانوونی دووەمی ١٩٠٩) ؛ ژمارە ٨٦ (٢٧ كانوونی ئەووەل ١٣٢٤ / ٩ی کانوونی دووەم  ١٩٠٩) ؛ ژمارە ٨٧ (٢٨ی كانوونی ئەووەل، ١٣٢٤ / ١٠ی  يناير ١٩٠٩) ؛ ژمارە 98 (8ی كانوونی ساني 1324 / 21ی کانوونی دووەم 1909) ؛ ژمارە 111 (21ی كانوونی ساني 1324 / 3ی شوبات 1909).

 33 - Les Kurdes" "، Stamboul ، سێپتەمبەر 1908 (MAE Nantes: Kurdes E / 131).

34 -  نووسینێکی کۆڵۆنێڵ سڵێمان لە سەر Stamboul لە سێپتەمبەری 1908 (MAE نانت: کوردەکان E / 131). وەرگێڕان لە فەرەنسییەوە.

35  -  مۆرگان بۆ لوسەر، ژمارە 17. وان، 27 ی ئۆكتۆبەر 1909 (PRO: FO 195 / 2318).

36  -  مۆرگان بۆ لوسەر، ژمارە 17. وان، 27 ی ئۆكتۆبەر 1909 (PRO: FO 195 / 2318).

37  -  مۆرگان بۆ لوسەر، ژمارە 18. وان، 17 ی نۆڤەمبەر 1909 (PRO: FO 195 / 2318).

38 -  تەقویمی وەقایع، ژمارە 305 (3ی ئابی، 1325 / 16ی ئابی 1909).

39 -    سيرما (1998: 210).

40 -   بەڵگەنامەی جۆراوجۆر لە کۆمەڵەکانی PRO / FO 195 / 2347 و 424 / 224 من 1910 ئاماژە بۆ ئەم          سەرچاوەیە دەکەن.

 41  –  بایەخدانی رووسیا بە کورد تازە نەبوو (بروانە رەعد 2000: 159). هەروەها بڕوانە ئەحمەد (1994: 57) و رینۆڵدز (2002). باسەکەی دوایی بە شێوەیەکی تایبەت جێی سەرنجە لە تێبینی کردنی ئەوەی چۆن رووسیا گرنگی دەدات نەک تەنها بۆ چێکردنی پەیوەندی لەگەڵ کوردەکاندا، بەڵام لە واقیعدا بۆ هاندانی بزووتنەوەی ناسیۆنالیزمی کوردی کار دەکات. سوپاسم بۆ مایک رینۆڵدز کە کۆپییەکی بڵاونەکراوەی ئەم پەیپەرەی بۆ دابینکردم.

 42  -  ئوێزئۆغڵوو (٢٠٠١: ٣٨٦ (ئیشارەت بەوە دەدات کەوا لە کۆتایی جەنگی جیهانیی یەکەمدا، ناسیۆنالیزمی کوردی، وەک زۆرێک لە بزووتنەوە ناسیۆنالیستەکانی تر لە ئیمپراتۆرییەتی عوسمانیدا (بە تایبەتی ناسیۆنالیزمی عەرەبی)، هۆکار نەبووە بۆ هەڵوەشانەوەی ئیمپراتۆرییەت، بەڵکوو ئەنجام و لێکەوتە بووە. بەرەنگاربوونەوەی ئوێزئۆغڵوو بۆ گرێدانی مەبەستداری ناسیۆنالیزم بە کۆتایی ئیمپراتۆرییەتەوە بەدڵنیاییەوە مایەی ستایشە، بەڵام لەناو زۆریک لە کاردانەوەکاندا، یەک لە چەندینی بژاردە دەرکەوتووەکانە کە گرووپە عوسمانییەکان رەچاویان کردووە و لێرەدا  کوردەکانن کە دەستیان دابووە باڵی ئیمپراتۆرییەت کە لە سەر پێی خۆی بوەستێت.

 43 -  بێگومان لێرەدا تەنانەت کوردەکان ئەوەیان هەڵبژاردبوو کە لەگەڵ حکوومەتی تورکیدا یەکهەڵوێست بن و ئەمەش راستییەکە چیرۆکەکە ئاڵۆزتر دەکات (حەمید بۆزئەرسەلان ١٩٩٠: ١ - ٢).

 

سەرچاوەکان

سەرچاوە ئەرشیفکراوەکان

- بەریتانیای مەزن

 ئۆفیسی تۆمارە گشتییەکان، لەندەن [PRO]

 سەفارەت و کونسوڵییەتەکان، توركيا (پێشتر ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی): نووسراو و نووسراوکاریی گشتی (2318 FO 195 / 2317, 2284,)

چاپی نهێنی توركيا (FO 424 / 216، 224)

- فەرەنسا

 ئەرشیفی وەزارەتی کاروباری دەرەوە (MAE)

 نانت قوستەنتینییە /Turquie - Situation inte´rieure: Kurdes, Nantes / 131 Constantinople E

--کەرەستە و بابەتەکانی سەرچاوە سەرەتاییە بڵاوکراوە عوسمانی و کوردییەکان

کورد تەعاون وە تەرەقی غەزەتەسی، ١٩٠٨ - ١٩٠٩.

محەمەد ئەمین بۆزئەرسەلان کۆیکردووەتەوە و سەرلەنوێ چاپی کردووەتەوە (ئۆپسالا: وەشانخانەی دەنگ، ١٩٩٨).

تەقویمی وەقایع Takvim - i Vekayi،  ١٩٠٨ - ١٩٠٩، ئەستەمبووڵ.

 

    سەرچاوە لاوەکییەکان

-    ئەبولحاج، رەفعەت عەلی (٢٠٠٠)، "هیستێریۆگرافی (زانستی مێژوو) لە توێژینەوەکانی رۆژئاوای ئاسیا و باکووری ئەفریقا لە رۆژهەڵاتناسیی سەعیدەوە"، لە کتێبی عارف دیرلیک، ڤینای باهڵ و پیتەر گران، "مێژوو پاش هەرسێ جیهانەکە: زانستی مێژووی پاش یورۆسەنتریک"، (لانهام: مێریلاند، رۆهمان / لیتڵفیڵد).

 -   ئەبولحاج، رەفعەت عەلی (٢٠٠٥) ، "پێکهاتنی دەوڵەتی مۆدێرن: ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی لە سەدەکانی شانزە تا هەژدە، "(سیراکۆس: نیویۆرک: چاپی زانکۆی نیویۆرک).

 -   ئەدەنیر، فیکرەت و سورەیا فارووقی (٢٠٠٢)، "عوسمانییەکان و بەڵکان: گفتوگۆیەک لە سەر هیستۆریۆگرافی" ، (لایدن: بریڵ).                                                                                                    

 -    ئەحمەد، کەمال مەزهەر (١٩٩٤)، "کوردستان لە ساڵەکانی جەنگی جیهانیی یەکەمدا"، وەرگێڕانی عەلی ماهیر ئیبراهیم، (لەندەن: خانەی کتێبی ساقی).

-    ئەندەرسن، لیزا (١٩٩١)، "پەرەسەندنی هەستی ناسیۆنالیستی لە لیبیا، ١٩٠٨ - ١٩٢٢"، لە کتێبەی رەشید خالیدی، لیزا ئەدەرسن، محەمەد موسڵیح و ریڤا س. سیمۆن، "رەگ و ریشەکانی ناسیۆنالیزمی عەرەبی"،  (نیویۆرک: چاپی زانکۆی کۆڵۆمبیا).

١٩٩١ ئە.  باڵیبار، ئێتینە –-     "رەگەزپەرستی و ناسیۆنالیزم"، لە کتێبی ئیتینە باڵیبار و ئیمانۆئێڵ ڤاڵەرشتاین "رەگەز، نەتەوە، چین: شوناسە تەمومژاوییەکان" ... ، هەروەها باڵیبار، ئێتینە ١٩٩١ بێ، "فۆرمی نەتەوە: مێژوو و ئایدیۆلۆجیا"، لە کتێبی ئێتینە بیڵبار و ئیمانۆئێڵ ڤاڵەرشتاین، "رەگەز، نەتەوە، چین: شوناسە تەمومژاوییەکان"، (لەندەن: ڤێرسۆ). 

-     بۆزئەرسەلان، حەمید (١٩٩٠)، " مەسەلەی کورد لە ژیانی سیاسیی تورکیادا: بارودۆخەکە وەک لە ساڵی ١٩٩٠دا"، لە توراژ ئەتابەکی و مارگرێت دۆرڵاین، "کوردستان لە گەڕانیدا بەدوای ناسنامەی ئیتنیکیدا"، پەیپەرەکان خراونەتە بەردەمی یەکەم کۆنفرانسی رەگەز و نەژادەکان و ناسنامەی ئیتنیکی لە رۆژهەلا.تی ناوەڕاست و ئاسیای ناوەڕاستدا، زانکۆی ئوتریخت، بەشی توێژینەوەی رۆژهەڵاتناسی. ئوتریخت: دەزگای زنجیرە بڵاوکراوەکانی دەزگای هۆتسما        Houtsma Foundation Publication Series.

 -    بۆزئەرسەلان، حەمید (١٩٩٦). "کوردەکان: دەوڵەت، پەراوێزخستن و ئاسایش"، لە کتێبی سام سی. نۆڵوتشونگۆ "پەراوێزەکانی نائارامی: کەمینەکان و ئارامیی نێودەوڵەتی"،               Rochester: University of Rochester Press.

-    بۆزئەرسەلان، حەمید 1997a "مێژووی پەیوەندییەکانی کورد و ئەرمەن" لە هانز لوکاس کەیسەر “Le Kurdistan et L’Europe: Regards sur l’histoire kurde (19e -  20e sie`cles)”,                                                                                                                                                                                                         -    بۆزئەرسەلان، حەمید ١٩٩٧ بێ. "ستەم و توندوتیژیی لە کوردستاندا"، لە کتێبەکەی هانز لۆکاش کەیسەر "وردبوونەوەیەک لە مێژووی کورد (سەدەکانی ١٩ و ٢٠)"، زیوریخ: کرۆنۆس.

-    بۆزئەرسەلان، حەمید (٢٠٠٠)، "خەباتی چەکداری بۆچی؟ تێگەیشتن لە توندوتیژی لە    کوردستانی تورکیادا" لە کتێبی فەرهاد ئیبراهیم و گوڵستان گوربای، "ململانێی کورد لە تورکیادا:   کۆسپ و دەرفەتەکانی ئاشتی و دیموکراتی"، New York: St Martin’s Press.

-    بۆزئەرسەلان، محەمەد ئەمین (١٩٩٨)، "'پێشەکی'، کورد تەعاون و تەرەقی غەزەتەسی". ئەپسالا: وەشانخانەی دەنگ.

-    برونەسن، مارتن ڤان (٢٠٠٢)، "کوردەکان و دەوڵەت و هۆزەکان" لە کتێبی فالح عەبدولجەبار و هشام داود، "هۆزەکان و دەسەڵات: ناسیۆنالیزم و نەژاد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا" ، لەندەن: خانەی بڵاوکەرەوەی ساقی.

  - Celil, Celileˆ. 2000. Ondokuzuncu Yu¨zyl Sonu – Yirminci Yu¨zy{l Ba Ku¨rt Ayd nlanmas. Translated from Russian to Turkish by Arif Karabag˘. Istanbul: Avesta Yayinlari. جەلیل، جەلیلێ " تورکی" عارف قەرەباغ لە رووسییەوە کردوویەتی بە تورکی .

-  داڤیسن، رۆدێریک (١٩٧٧)، "ناسیۆنالیزم وەک کێشەیەکی عوسمانی و کاردانەوەی عوسمانییەکان"، لە کتێبی ویلیەم حەدداد و ویلیەم ئۆخسنڤاڵد، "ناسیۆنالیزم لە دەوڵەتێکی نانەتەوەییدا: کۆتایی هاتنی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی" ، کۆڵۆمبس، ئۆهایۆ: چاپی زانکۆی ویلایەتی ئۆهایۆ.

 -    فوککارۆ، نێلیدا (٢٠٠٢)، "خێڵ، ئاین، دەوڵەت لە سەرەتای عێراقی نوێدا: حاڵەتی کوردە یەزیدییەکان" لە کتێبی فالح عەبدولجەبار و هشام داود، "خێڵ و دەسەڵات: ناسیۆنالیزم و نەژاد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا"، لەندەن: خانەی بڵاوکەرەوەی ساقی.

-    گۆفمان، دانیاڵ (٢٠٠٢)، "ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی و سەرەتای ئەوروپای مۆدێرن"، کامبریج: چاپی زانکۆی کامبریج.

-     گرین مۆڵی (٢٠٠٠)،  "جیهانێکی هاوبەش: کریستیان و موسڵمانەکان لە زوویەکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا"، پرینستۆن، ویلایەتی نیوجێرسی: چاپی زانکۆ پرینستۆن.

-    هانیئۆغڵوو، شوکرو م. (١٩٩٥)،  "تورکە لاوەکان لە بەرهەڵستیدا"، ئۆکسفۆرد: چاپی زانکۆی ئۆکسفۆرد.

-   هانیئۆغڵو، شوکرو م. (٢٠٠١)، "ئامادەکاری بۆ شۆڕشێک: تورکە لاوەکان، ١٩٠٢ - ١٩٠٨"،                   نیویۆرک: چاپی زانکۆی ئۆکسفۆرد.

-    هرۆش، میرۆسلاڤ (١٩٩٣)، "لە بزووتنەوەیەکی نەتەوەییەوە بۆ نەتەوەیەکی پێکهاتووی تەواو: پرۆسەی بنیاتنانی نەتەوە - نیشتمان لە ئەوروپادا"، گۆڤاری نیو لێفت ریڤیو New Left Review  ژمارە ١٩٨، ل ٣ - ٢٠.

-    جوەیدە، وەدیع، ١٩٦٠،  "بزووتنەوەی نەتەوەیی  کورد: بنەما و پەرەسەندنەکانی"،  نامەی دکتۆرایە، زانکۆی سیراکۆس.                                                                           -    قەدری جەمیل پاشا ]زنار سلۆپی[ ، (١٩٩١). دەسکاریکراو و دووبارە چاپکردنەوە لەلایەن محەمەد بەیراق. دۆزا کوردستان، ئەنکەرە: ئوێزگە یاینلەری.

-    کافادار، جەمال (١٩٩٥)،  "لە نێوان دوو جیهاندا: بنیاتنانی دەوڵەتی عوسمانی"، بێرکەڵەی و لۆس ئەنجلس، کالیفۆرنیا: چاپی زانکۆی کالیفۆرنیا.

-    کارپات، کەمال (١٩٨٨)،  "ئیتنیکی عوسمانی و میراتی دانپیانراو لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا" لە کتێبی میڵتن جەی. ئێسمان و ئیتامار رابینۆڤیچ،  "نەژاد و فرەیی و دەوڵەت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا Ethnicity, pluralism, and the state in the Middle East "، ئیثاکا، ویلایەتی نیویۆرک: چاپی زانکۆی نیویۆرک.

-    کڵەین، جانێت (١٩٩٦)، "داواکاریی نەتەوە: رەگ و ریشە و سروشتی گوتاری نەتەوەیی کورد. لێکۆڵینەوەیەک لە سەر رۆژنامەگەریی کورد لە ئیمپراتۆرییەتی عوسمانیدا"، نامەی ماستەر، زانکۆی پرینستۆن.

  -    کڵەین، جانێت (٢٠٠٢)، "دەسەڵات لە چواردەودا: سوارەی چەکی سووکی حەمیدییە و ململانێ لە کوردستانی عوسمانیدا،١٨٩٠ - ١٩١٤"، نامەی دوکتۆرا، زانکۆی پرینستۆن.

-    کڵەین، جانێت (٢٠٠٧)، "ململانێ و هەماهەنگی: سەرلەنوێ بیرکردنەوە لە پەیوەندییەکانی کورد و ئەرمەن لە سەردەمی حەمیدیدا، ١٨٧٦ - ١٩٠٩" لە کتێبی باربیر کارڵ و باقی تەزجان، "شوناس و پێکهاتنی شوناس لە مێژووی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا: بابەتگەلێک لە سەر شەرەفی نۆرمان ئیتیسڤیتس"، مادیسۆن، ویلایەتی ویسکۆنسن: چاپی زانکۆی ویسکۆنسن.

-   لۆری، هیث (٢٠٠٣)،  "سروشتی سەرەتای دەوڵەتی عوسمانی"، ئەلبانی، ویلایەتی نیویۆرک: سەنی پرێس.

 -   ماکدواڵ، دێڤید  (٢٠٠٤)،  "مێژووی نوێی کوردەکانA modern history of the Kurds "،  لەندەن: ئای. بی. تۆریس.       .                                                                                   -   مان، مایکڵ (١٩٩٣)،  "سەرچاوەکانی دەسەڵاتی کۆمەڵایەتی، بەرگی ٢: سەرهەڵدانی چین و دەوڵەت - نەتەوەکان، ١٧٦٠-  ١٩١٤، کامبریج: چاپی زانکۆی کامبریج.

-  ناتالی، دێنیز (٢٠٠٥)،  "کورد و دەوڵەت: پەرەسەندنی ناسنامەی نەتەوەیی لە عێراق و تورکیا و ئێراندا"، سیراکۆس، ویلایەتی نیویۆرک: چاپی زانکۆی سیراکۆس. 

-  ئۆڵسن، رۆبەرت (١٩٨٩)،  "سەرهەڵدانی ناسیۆنالیزمی کوردی،١٨٨٠ -  ١٩٢٥،" ئۆستن، تەکساس: چاپی زانکۆی تەکساس.

 -  ئوێزئۆغڵوو، هاکان (٢٠٠١)، "ناسیۆنالیزم" و کەسایەتییە ناودارە کوردەکان لە دوادوایی سەردەمی عوسمانی و سەرەتای چەرخی کۆماریدا"، گۆڤاری لێکۆڵینەوە نێودەوڵەتییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست  International Journal of Middle Eastern Studies، ژمارە ٣٣ (٣):           ل ٣٨٣ - ٤٠٩.

 -  ئوێزئۆغڵوو، هاکان (٢٠٠٤)، "کەسایەتییە ناودارەکانی کورد و دەوڵەتی عوسمانی: پەرەسەندنی شوناس و کێبەرکێی دڵسۆزییەکان و هەڵگرتنی سنوورەکان"، ئەلبانی، ویلایەتی نیویۆرک: چاپی سەنی.

-  پێترۆڤ، میڵەن (٢٠٠٣)، "دژە ناسیۆنالیستەکان: گرووپە کۆمەڵایەتییەکانی سەر بە ئیمپراتۆرییەت لە بوڵگاریای سەدەی نۆزدەدا، ١٨٥٦ - ١٨٧٦"، ئەم پەیپەرە لە کۆنفرانسی کۆمەڵەی مێژوویی ئەمریکیدا پێشکەش کراوە. شیکاغۆ، ویلایەتی ئیلینۆی، ٤ی کانوونی دووەم.

-  پۆتۆریدۆ، مارگرێتا (٢٠٠٣)، "ئیمپراتۆرییەتە هەڵوەشاوەکان و میللەتە تێکەڵ نەبووەکان: ململانێی نەژادی لە ناوچەی دەریای رەشی عوسمانیدا، ١٩١٥ - ١٩٢٣". ئەم پەیپەرە لە کۆنفرانسی کۆمەڵەی مێژوویی ئەمریکیدا پێشکەش کراوە. شیکاغۆ، ویلایەتی ئیلینۆی، ٤ی کانوونی دووەم.

-   رەید، جەیمس جەی. (٢٠٠٠)،  "قەیرانەکانی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی: رێخۆشکردن بۆ هەرەس، ١٨٣٩ – ١٨٧٨"، شتووتگارت شتەینەر  Stuttgart: Steiner.  

-   رینۆڵدز، مایکڵ ئەی. (٢٠٠٢)، "نەتەوە ناکامڵەکان لە دەرەوە: رووسیای تساری، بنیاتنانی نەتەوە و کوردەکانی ئەنەدۆڵی عوسمانی، ١٩٠٨ - ١٩١٤ Inchoate nation abroad: Tsarist Russia, nation–building, and the Kurds of Ottoman Anatolia"، ئەم پەیپەرە لە کۆنفرانسی کۆمەڵەی توێژینەوەکانی ئۆراسیای ناوەنددا پێشکەش کراوە. مادیسۆن، ویلایەتی ویسکۆنسن، ٢٠ی ئۆکتۆبەر.

-  سرمە، ئیحسان سورەییا (١٩٩٨)،  "عەبدولحەمید دوێنەمی بەڵگەلەرلە Belgelerle II. Abdu¨lhamid Do¨nemi".  Istanbul: Beyan Yayinlari.

-   سکەندی، ستاڤرۆ (١٩٦٧)،  "رابوونی نەتەوەیی ئەلبانییەکان، ١٨٧٦ - ١٩١٢". پرینستۆن، ویلایەتی نیوجێرسی: چاپی زانکۆی پرینستۆن.

-   تیۆدۆرۆڤا، ماریا (١٩٩٦)، "میراتی عوسمانی لە بەڵکاندا"، لە کتێبی کارڵ ل. براون "میراتی ئیمپراتۆرییەت: مۆرکی عوسمانی لە بەڵکان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا                              Imperial legacy: The Ottoman imprint on the Balkans and the Middle East ". نیویۆرک: چاپی زانکۆی کۆڵۆمبیا.

-   وەلی، عەبباس (٢٠٠٣)،  "چەند بابەتێک لە سەر رەگ و ریشەی ناسیۆنالیزمی کوردی      Essays on the origins of Kurdish nationalism . کۆستا  مێسا: بڵاوکەرەوەی مازدا.

-    یاڵچین هەکمان، لالە (١٩٩٠)، "رێکخراوە خێڵەکییەکانی کورد و پرۆسە سیاسییە ناوخۆییەکان" لە کتێبی ئەندرو فینکەڵ و نوکهەت سیرمان، "دەوڵەتی تورکیا و کۆمەڵگەی تورکی". لەندەن: رۆتلێج، ٢٠٠٣.

-     یەغەن، مەسعوود (١٩٩٦)، "گوتاری دەوڵەتی تورکی و هەڵاواردنی ناسنامەی کورد              The Turkish state discourse and the exclusion of Kurdish identity" لە کتێبی سیلڤیا قەدوری، "تورکیا: شوناس، دیموکراسی، سیاسەت Turkey: Identity, democracy, politics "، لەندەن: فرانککاس.

 -   ئۆسمانئۆغڵوو ئیپێک ک. (٢٠٠٣)، "تێکۆشان لەپێناوی مەکەدۆنیادا، ١٨٩٧ - ١٩١٣: راپەڕینی نەتەوەیی یان شەڕی ناوخۆ

 The struggle for Macedonia, 1897 - 1913: nationalist uprising or civil war".

ئەم پەیپەرە لە کۆمەڵەی مێژووی ئەمریکی پێشکەش کراوە. شیکاگۆ، ئیلینۆی، ٤ی کانوونی دووەم.

 

سەرچاوە:

گۆڤاری نەتەوەکان و ناسیۆنالیزم، ژمارە ١٣ (١)، کانوونی دووەمی ٢٠٠٧، ل ١٣٥ - ١٥٣.

Nations and Nationalists, 13: 1 (Jan. 2007), pp. 135 - 153.

Kurdish Nationalists: Rethinking Minority Nationalism and the Dissolution of the Ottoman Empire, 1908 - 1909.

Janet Klein

Akron university / Dept. of History

جانێت کڵەین     Janet Klein       

لە ساڵی ٢٠٠٥وە ئەم خانمە پرۆفیسۆر و توێژەرە لە بەشی مێژووی زانکۆی ئەکرۆن لە ویلایەتی ئۆهایۆ - ئەمریکا و توێژینەوەکانی لەبارەی پەیوەندییەکانی دەوڵەت و کۆمەڵگەوەیە، هەروەها ناسیۆنالیزم، ناسنامە، دینامیکییەتی جەندەر لە دید و بۆچوونیکی مێژووییەوە و رووبەر و پانتایی توێژینەوەکانی کوردستانە لەکۆتایی چەرخی عوسمانیدا. لەپای کارە زانستییەکانی رێزلێنان و خەلاتیکی زۆر کراوە. دانەری کتێبی "قەراخ و بیجاخی ئیمپراتۆرییەت: میلیشیای کورد لە زۆنی خێڵەکیی عوسمانیدا"، ساڵی ٢٠١١. بێجگە لە ژمارەیەکی زۆری باس و توێژینەوە و چاپتەری کتێب. هەروەها بەشی لێکۆڵینەوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیای لە زانکۆی ئەکرۆندا دروستکردووە و لەهەمان کاتیشدا بەڕێوەبەری پرۆگرامی شارستانییەکانی جیهانە لە زانکۆی ئەکرۆن. لە ساڵی ٢٠٠٢دا بڕوانامەی دکتۆرای لە زانکۆی پرینستۆن بەدەستهێناوە. وەک پێشتر ئاماژەمان پێکرد باس و لێکۆڵینەوەیەکی زۆری لە سەر کورد لە گۆڤار و جۆرناڵە سەنگینەکانی جیهاندا بڵاوبووەتەوە و ئەمەش نموونەی تایتڵی هەندێکیانە:

مافی کەمینەکان و فرەکولتووری لە جیهانی عەرەبدا: تێڕوانینێک بۆ مێژوو و چواردەوری کورد (٢٠١٣).

کەمینەکان، بێدەوڵەتی و توێژینەوە کوردییەکان (٢٠١٢).

وەڵامدانەوەی تورکیا بۆ سیاسەتەکانی شوناسی کورد (٢٠١٠).

ئەگەرێکی چاوەڕوانکراوی کوردستان: داوای دەوڵەتداری (٢٠٠٩).

بەجەندەرکردنی ناسیۆنالیزم: مەسەلەی ژن لە گوتاری ناسیۆنالیستیی کوردیدا لە دوادوایی سەردەمی عوسمانیدا (٢٠٠١).

ململانێ و هاوکاری: پێداچوونەوە بە پەیوەندییەکانی کورد و ئەرمەن لە سەردەمی عەبدولحەمیددا (١٨٧٦ - ١٩٠٩)، (٢٠٠٧).

ناسیۆنالیزمی پەندئامێز: نموونەی گوتاری ناسیۆنالیستیی کورد لە دوادوایی سەردەمی عوسمانیدا (٢٠٠٠).

هێز و دەسەڵاتی دەوروپشت: هێزی سووکی حەمیدییە و هەوڵ و ململانێ لە کوردستانی عوسمانیدا (١٨٩٠ - ١٩١٤)، (نامەی دکتۆرا، ٢٠٠٢).

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×