قەرەیلان پیلانەکانی توركیا ئاشکرا دەکات
  2022-06-22       869       

موراد قەرەیلان، ڕایدەگەیەنێت، سوپای دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە زاپ شکستیهێناوە و بە بنبەست گەیشتووە، بۆ ئەوەش پیلانی نوێی خستووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و ناوەڕۆکی پیلانەکانیش ئاشکرا دەکات.

ئاوێنه‌: موراد قەرەیلان، فەرماندەی بڕیارگەی ناوەندیی پاراستنی گەل(نەپەگە)، ڕایگه‌یاند دەوڵەتی داگیرکەر و پاکتاوکاری تورک ماوەی حەوت ساڵە لەدژی رێبەر ئاپۆ، لەدژی گەلەکەمان و دژی گەریلای ئازادیی کوردستان شەڕێکی گشتیی و هەمەلایەنەی هەڵگیرساندووە و وتی: ئامانجیان لە ناوبردنی هەموو دەستکەوتەکانی گەلی کوردە، بەڵام تا ئێستا هیچ ئەنجامێکیان بەدەستنەهێناوە، ئێستا بە هاوکاریی هێڵی کوردی هاوکار و هەندێک هێزی هەژموونخواز، ڕژێمی ئاکەپە و مەهەپە دەیانەوێت ئەمساڵ ئەنجام بەدەست بهێنن، چونکە هیچ دەرفەتێکی تریان بۆ نەماوەتەوە، بۆ ئەوەی نەڕوخێن و ئەم ڕژێمە فاشیستە بەردەوام بێت، دەبێت لە دژی گەریلای ئازادی کوردستان و دژی گەلی کورد ئەنجام بەدەست بهێنن، چونکە ڕژێم دەیەوێت بوونی خۆی لەسەر لەناوبردن و سڕینەوەی گەلی کورد و لەسەر بنەمای سەرکەوتنی سیاسەتی جینۆساید بنیات بنێت.

ڕاشیگەیاند: هەر بۆ ئەو مەبەستە لەسەر بنەمای هێزی تەکنیکی و ئاسمانیی لە ١٤ی نیسانی ٢٠٢٢دا هێرشێکی تریان دەستیپێکرد، بەڵام لە زاپ بەرخۆدانێکی مێژوویی لەدژی ئەو هێرشە دەستیپێکرد. دەیانویست زاپ بگرن و دوای ئەوە یەک بە یەک ئەیالەتەکانی تر تێکبشکێنن، بەڵام سوپای تورک لە بەرامبەر بەرخۆدانی زاپ دا شکستی هێنا و بە بنبەست گەیشت.

ئاماژەی بە قورسیی ئەو جەکانە کرد، کە سوپای داگیرکەر لەدژی گەریلا بەکاری دەهێنن و وتی: ئەو چەکانە، کە بە مۆدێرنترین تەکنەلۆژیا ئامادە کرابوون و بە بەکارهێنانی چەکی کیمیاییش هیچ بۆیان نەبوویە چارە و نەیانتوانی ئەنجام بەدەست بهێنن. بە دڵنیاییەوە، ئەوە بە هیچ شێوەیەک شتێکی ئاسایی نییە و بابەتێکی زۆر گرنگە. بۆ یەکەم جارە سوپای تورک بەمشێوەیەی ئێستا لە زاپ شکست بهێنێت و بە بنبەست بگات و نەتوانێت ئەنجام بەدەست بهێنێت، بۆ ئەوەش هەندێک گۆڕانکاریی و فراوانبوونیان لەپلانەکانیاندا کردووە.

پیلانەکان چین؟

موراد قەرەیلان ڕوونیکردەوە، پیلانیان چییە و وتی: یەک؛ هێرشی سەر زاپ و ئاڤاشین-یان بەرفراوانتر کرد، ڕۆژئاوای زاپ، یان شاخی جودی، شاخی ئێف ئێم و شاخی هەکاریش-یان خستە ناو هێرشەکانیان و هێرشیان کردە سەر ئەو شوێنانەش. ئەوەیان بە یەکێک لە چارەسەرەکان دەزانی.

 دووەم؛ هەم لە زاپ بە بنبەست گەیشتن و هەم بەهۆی شەڕی ئۆکرانیاوە دەرفەتێک بۆ دەوڵەتی تورک ڕەخسا، ڕژێمی فاشیستیش دەیویست ئەو  دەرفەتە و ئەو دۆخە لەدژی گەلی کورد بەکاربهێنێت. لەسەر ئەم بنەمایەش پلانی هێرشکردنە سەر ڕۆژئاوا و باکووری رۆژهەڵاتی سوریای خستە بەرنامەی پێشەوەی پلان و کارەکەی خۆیەوە.

 سێیەم؛ هێرش لە ئیمرالی، گۆشەگیریی و ئەشکەنجەی دەروونی-یان  زیاتر و قورستر کرد. گۆڕەپانی سیاسییان زیاتر کردە ئامانج. بەتەواوی میدیای کوردی کردە ئامانج.

قەرەیلان جەخت دەکاتەوە”بە بنبەست گەیشتنیان لە زاپ وایکرد، کە پلانی هێرشەکانیان فراوانتر بکەن. بۆچی؟ چونکە دەیەوێت بە جەنگ ئەنجام بەدەست بهێنێت و سیاسەتی جینۆسایدکردن و پاکتاوکردن لە کوردستان سەربخات، ئەو بەپێویستی دەزانێت، کە هەموو دەرفەت و تواناکانی بەردەستی بەکاربهێنێت، تەنانەت بۆ ئەوەش لەنێوان هێزە هەژموونییەکاندا یاریی و مامەڵە بە دۆخی جیۆ – ستراتیژیی تورکیاوە دەکات، دەیەوێت لەو ڕێگەیەوە ئەو دەرفەتانە و تواناییەک بەدەست بهێنێت تاوەکو بتوانێت لە شەڕەکەیدا بەرامبەر بە گەلی کورد سەربکەوێت”.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×