سەرەنجام "سوید"یش لەسەر حسابی کورد بو بەئەندامی ناتۆ
  2022-06-29       2632       

ئا: ئاوێنە

 

تورکیا ڤیتۆی خۆی هەڵگرت‌و ڕێگە بەسویدو فینلاند دەدات بچنە ناو پەیمانی ناتۆوە، لەبەرامبەریشدا سوید ئامادەیە کەسانێک رادەست بەتورکیا بکاتەوە کە پەیوەندییان بەپەکەکەوە هەیە.

 

  تورکیا رۆژی سێشەممە ٢٨ی حوزەیران، لەمەدرید ڤیتۆی خۆی بۆ کاندید بوونی سویدو فینلاند بۆ چوونە ناو پەیمانی ناتۆ هەڵگرت، ئەم رەزامەندییەی تورکیا پاش چەند هەفتەیەک لەدانوستان‌و دوای کۆبوونەوەی سەرکردە باڵاکانی ئەو سێ وڵاتە دێت کە بەئامادەبوونی ینس ستۆڵتنبێرگ سکرتێری گشتیی پەیمانی ناتۆ لەپایتەختی ئیسپانیا بەڕێوەچو.

 

 بەمجۆرە سویدو فینلاندا لەسەر حسابی کورد دەبنە ئەندامی ناتۆو بەپێی یاداشتی سێ قۆڵی تورکیاو ئەو دو وڵاتە، دەبێت سوید ئامادەبێت کەسانێک رادەست بەتورکیا بکات کە پەیوەندییان بەپەکەکەوە هەیە، هەروەها دەبێت گۆڕانکاریی لەسیاسەتی پشتیوانی کردن لەرۆژئاوای کوردستان بکات، کە لەشەڕی داعشدا یەپەگە هێڵی یەکەمی بەرگری بو.

 

تورکیا کە ئەندامی ناتۆیەو کلیلی رێگەدان بەسویدو فینلاندی لەدەستدایە، بەپێی یاداشتە سێ قۆڵییەکە کۆمەڵێک مەرجی بۆ بەئەندام بونی سویدو فینلاند لەپەیمانی ناتۆدا داناوە، کە مەرجی سەرەکییان ڕادەستکردنەوەی دەیان کوردی ناودارە کە تورکیا پێیوایە "تیرۆریستن".

 

سەرچاوەیەکی شاندی تورکیا بەڕۆژنامەی elpaisی ئیسپانی راگەیاندوە کە هەڵگرتنی ڤیتۆی تورکیا "تەنها لەسەر بانگهێشتکردنەکەیە"و سویدو فینلاند بەم شێوەیە پلەی کاندید بەدەست دەهێنن، بەڵام تورکیا مافی خۆیەتی ڤیتۆ بۆ هاتنە ناوەوەی یەکلاکەرەوەی فینلاندو سوید بکات لەئەگەری بەدینەهێنانی ئەو مەرجانەی ئەنقەرە کردویەتی‌و لەیاداشتەکەدا هاتوە.

 

سکرتێری گشتیی پەیمانی ناتۆ، ستۆڵتنبێرگ کە سەرپەرشتی دانوستان‌و یاداشتی سی قۆڵی تورکیاو سویدو فینلاندای کرد، رایگەیاند کە "خەمی گەورەی تورکیا تیرۆرە، هەموو وڵاتانی ئەندامی ناتۆ بەرپرسیارێتییان لەئەستۆدایە لەبەرەنگاربوونەوەی تیرۆرداو ئەم ڕێککەوتنە ڕەنگدانەوەی ئەو واقیعەیە".

 

  هاوکات لەگەڵ ئەم پێشهاتەدا، میدیاکانی سوید ئاماژە بەوە دەکەن کە پۆلیسی وڵاتەکەیان لیستێکی ئامادە کردوە ناوی ئەو کەسانە لەخۆدەگرێت سەر بەپارتی کرێکارانی کوردستانن‌و ئەگەری ئەوە هەیە لەبەرامبەر ئەم رەزامەندی نواندنەی تورکیادا، دیپۆرت‌و رادەستی تورکیا بکرێنەوە.

 

رۆژنامەی dagens nyheterی سویدی لەراپۆرتێکیدا ئاماژە بەوە دەکات کە رەنگە دەرئەنجامی دانوستانەکانی سوید لەگەڵ تورکیا ئەوە بێت کە ئەوانەی بەبنەچە کوردن‌و پەیوەندییان بەپەکەکەوە هەیە، لەو وڵاتە دەربکرێن.

 

رۆژنامەکە باس لەوە دەکات کە پێش بەڕێوەچوونی لوتکەی ناتۆ لەمەدرید، سێ لێپرسراوی سویدی، فینلاندی‌و تورکی بەسەرپەرشتی چاودێرانی ناتۆ لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا کاریان لەسەر بەیاننامەیەک کردوە کە ڕێگە خۆش دەکات بۆ جێبەجیکردنی داواکارییەکانیان.

 

تورکیا داوای دیپۆرتکردنەوەی ئەو کەسانەی لە سوید کردوە کە تورکەکان سەر بەپەکەکەی دەزانن، سویدیش بەڵینی داوە هەڵوێستی بەرامبەر بەپەکەکە توندتر بێت.

 

ماگدالینا ئەندەرسۆن، سەرۆک وەزیرانی سوید کاتێک سەردانی بارەگای ناتۆی لەبرۆکسل کرد پێش ئەوەی بەرەو مەدرید بڕوات رایگەیاند "هەڵوێستی ئێمە بەرامبەر بەپەکەکە رونە، ئەو رێکخراوە وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی لەناو یەکێتی ئەوروپادا ناسێنراوەو لەلایەن سویدیشەوە بەو شێوەیە سەیر دەکرێت".

 

راشیگەیاند "سوید بێ دودڵی پابەندە بە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بەهەموو شێوەو دەربڕینەکانیەوەو پشتگیری لەداواکارییەکانی تورکیا دەکات".

 

تورکیا لەسەر زاری ئەردۆغان‌و گەورەبەرپرسانی ئەو وڵاتەوە چەندین جار داوای دیپۆرتکردنەوەی ئەو کوردانەی کردوە کە سەر بەپەکەکەن‌و لەسوید دەژین، ماگدالینا ئەندەرسۆن لەمبارەوە رایگەیاند کە "ئەو پرسە لەلایەن سیستەمی یاسایی ئێمەوە بەوردی‌و بەپەلە مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت، سوید پەناگەی تیرۆر نییەو نابێت، دەسەڵاتە پەیوەندیدارەکان بەچڕی کاردەکەن بۆ دیپۆرتکردنەوەی ئەو کەسانەی کە ڕەنگە مەترسی ئەمنی دروست بکەن‌و ژمارەیەکی بەرچاو لەکەیسەکان هەن لەئێستادا مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت".

 

رۆژنامەی dagens nyheter، لەزاری پۆلیسی سویدەوە ئاماژە بەوە دەکات لیستی ئەو کەسانەی لەسوید پەیوەندییان بەپەکەکەوە هەیە "لانیکەم دەیان کەسن"و له‌گفتوگۆکانی سوید له‌گه‌ڵ توركیا ئاماژه‌ به‌دیپۆرتكردنه‌وه‌یان كراوه‌.

 

باس لەوەش دەکات بەپێی سەرچاوەیەکی حکومی ئەمساڵ ٢ حاڵەتی دەرکردنی کورد رویانداوەو رەنگە زیاتریش روبدات، پۆلیس دەڵێت "ئێمە ئەرکمان ئەوەیە رێگری بکەین لەوەی کەسانێک مەترسی ئەمنین، یان لەوانەیە ببنە هەڕەشەی ئەمنی لەوڵاتدا بمێننەوە یان خۆیان جێگیر بکەن".

 

درەنگانی پاشنیوەڕۆی سێشەممە ٢٨ی حوزەیران، ماگدالینا ئەندەرسۆن‌ سەرۆک وەزیرانی سویدو ساولی نینیستۆ سەرۆک کۆماری فینلاندو رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا بەشێوەیەکی راستەوخۆ کۆبوونەوە، کۆبوونەوەی سێ کەسەکە بەسەرپەرشتی ینس ستۆڵتنبێرگ سکرتێری گشتیی ناتۆ بەڕێوەچو، سەرەنجام لەسەر یاداشتێکی سێ قۆڵی رێککەوتن.

 

میدیاکان ئەوە رون دەکەنەوە کە ستۆڵتنبێرگ‌و تیمەکەی زۆر بەتەنگ داواکارییەکانی تورکیاوە بون، بەمەبەستی ڕێگە خۆشکردن بۆ ئەوەی سویدو فینلاند ببنە ئەندامی ناتۆ، هەر لەبەر ئەم هۆکارەش سکرتێری گشتی ناتۆ دانیشتنێکی تایبەت بە"بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر"ی لەبەرنامەی لوتکەی ناتۆدا لەمەدرید چەسپاندوە، بۆ رازیکردنی زیاتری ئەردۆغان‌و ئەنقەرە.

 

ستۆڵتنبێرگ دەڵێت "پێویستە نیگەرانی ئەمنی هەموو هاوپەیمانان وەک بەشێک لەپرۆسەی پەیوەستبوون بەناتۆ لەبەرچاو بگیرێت، نیگەرانییەکانی تورکیا ڕەوایەو دەبێت چارەسەر بکرێن، هیچ هاوپەیمانێک لەتورکیا زیاتر بەدەست تیرۆریستانەوە ئازاری نەچەشتوە، کە هێرشەکانی پەکەکەیە".

 

سەرۆکی ئەمریکاش، جۆ بایدن لەتویتێکدا ئاهەنگی رێککەوتنەکە سێ قۆڵییەکەی گێڕاو وتی "پیرۆزبایی لەفینلاندو سویدو تورکیا دەکەین بۆ واژۆکردنی یاداشتێکی سێ قۆڵی، هەنگاوێکی چارەنوسسازە کە دەبێتە هۆی بەهێزکردنی هاوپەیمانیەکەمان‌و بەهێزکردنی ئاسایشی بەکۆمەڵمان".

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×