بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی راگەیاند، کاتژمێر 8:00ی ئەمشەو لە گەڕەکی کازیوە کەسێک لەسەر ماتۆڕسکیلێکەوە نارنجۆکێکی هەڵداوەتە ناو ماڵێک و روداوەکەش هیچ بریندارێکی لێنەکەوتوەتەوە.
ئاوێنە: یاسین سەمیع، وتەبێژی ئاسایشی سلێمانی بە خەندان-ی راگەیاند، ئەمشەو بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی ئاگادار کرایەوە لەسەر روداوێک کە تیایدا کەسێک لەسەر ماتۆڕسکیلێکەوە نارنجۆکێکی هەڵداوەتە ناو ماڵێک لە گەڕەکی کازیوەی شاری سلێمانی، هێزەکانیان گەیشتوەنەتە شوێنی روداوەکە و لێکۆڵینەوەیان دەستپێکردوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، روداوەکە هیچ بریندارێکی لێنەکەوتوەتەوە و تۆمەتبار دوای ئەوەی نارنجۆکێکی هەڵداوەتە ناو ماڵەکە، بەرەو شوێنێکی نادیار هەڵاتوە.
وتەبێژی ئاسایشی سلێمانی ئەوەشی خستەڕو، بە وتەی خاوەن ماڵەکە روداوەکە بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتییەوە بوە، تۆمەتباری روداوەکەش ناسراوە و لەئێستادا لێکۆڵینەوەی زیاتر لەسەر روداوەکە بەردەوامە.