ئایا سوید ٧٣ کورد رادەستی تورکیا دەکاتەوە؟!
  2022-07-01       2955       

ئا: ئاوێنە

 

رەجەب تەیب ئەردۆغان دەڵێت حکومەتی سوید بەڵێنی داوە ٧٣ تۆمەتبار "کە کوردو سەر بەپەکەکەن" رادەستی تورکیا بکاتەوە.

 

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا لە کۆتا ڕۆژی کۆبوونەوەی لوتکەی ناتۆ لە مەدرید، ڕایگەیاند کە سوید بەڵێنی داوە کە ٧٣ تیرۆریست ڕادەستی تورکیا بکرێنەو،. ئەگەر نا، ئەردۆغان جارێکی دیکە ڤیتۆ لەسەر داواکارییەکەی سوید بۆ ئەندام بون لەپەیمانی ناتۆ دادەنێت.

 

بەپێی هەواڵی ئاژانسی رۆیتەرز ئەردۆغان لە میانی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند رێككەوتنە سێ قۆڵییەکەی نێوان تورکیاو سویدو فینلاندا بەواتای "سەركەوتنی دیپلۆماسی" بۆ توركیا دێت.

 

ئەردۆغان راشیگەیاندوە حکومەتی سوید بەڵێنی بەتورکیا داوە چالاکییەکانی پەکەکەو رێکخراوەکانی دیکەی نزیک لەپەکەکە "کە مەبەستی لەیەپەگەو پەیەدەیە" قەدەغە بکات‌و چاودێری‌و دژایەتیان بکات، ئەو وتی "دەبێت سوید بەڵێنەکانی جێبەجێ بکات، ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ نه‌بێت، تورکیا ریسکەی لێدەکاتەوە بەخوری‌و جارێکیتر ڤیتۆی بەئەندام بونی سوید له‌پەیمانی ناتۆ دەکات".

 

 لێکۆڵەر نیک شیفرین، لەماڵپەڕی ئەمریکی نیوزهۆر، لەتویتەر نوسیویەتی "کە پرسیاری لە ئەردۆغان کردووە بۆچی دەڵێت سویدو فینلاند "بەڵێن"یان داوە کە گومانلێکراوەکانی تورکیا ڕادەست بکرێنەوە، لەکاتێکدا حکومەتی فینلەنداو سوید خۆیان ڕایانگەیاندوە کە تەنیا "ئاڕاستەی" خواستەکانی تورکیا دەکەن".

 

لە وەڵامدا، نیک شیفرین دەنووسێت "ئەردۆغان وتی: سوید بەڵێنی پێداوە کە ئەم کەسانە ڕادەست دەکرێنەوە".

 

ئێستا مارتا ستێنێڤی وتەبێژی پارتی سەوزی سوید داوا دەکات ئان لیندە وەزیری دەرەوە ڕونی بکاتەوە کە ڕێککەوتنەکەی لەگەڵ تورکیا چی لەخۆدەگرێت؟ ئەو دەڵێت "ئێستا ئان لیندە وەزیری دەرەوە دەبێت ڕوونی بکاتەوە کە ئەو ڕێککەوتنە لەگەڵ تورکیا بەڕاستی مانای چییە؟‌! بەڕاستی حکومەت ملی بۆ چ فشارێک کەچ کردوە".

 

دەشڵێت "زۆرکەس پێیانوایە بەدەرچوون لەمافی ڤێتۆی تورکیا، هەموو شتێک تەواو بوە، بەڵام پرسیار ئەوەیە ئەمە بە چ نرخێک ڕوویداوە؟!".

 

ڕۆژی چوارشەممەی رابردو، وەزیری دادی تورکیا داوای کرد ٣٣ کەس کە زۆربەیان کوردن لەلایەن سویدو فینلاندەوە ڕادەست بەتورکیا بکرێنەوە.

 

لەو یادداشتە سێ قۆڵیییەی نێوان تورکیاو سویدو فینلاند کە سێشەممەی رابردو لەمەدرید واژۆ کرا، هاتوە "فینلاندو سوید، وەک هاوپەیمانی چاوەڕوانکراوی ناتۆ، پشتیوانی تەواوی خۆیان دەردەبڕن بۆ تورکیا لەدژی ئەو هەڕەشانەی بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا هەن. لەو پێوەندییەدا، فینلاندو سوید پشتگیری ناکەن لە"یەپەگە/پەیەدە"، تورکیاش هەروەها پشتیوانی تەواوی خۆی دەردەبڕێ بۆ فینلاندو سوید لەدژی ئەو هەڕەشانەی لەسەر ئاسایشی نەتەوەییان هەن. فینلاندوسوید بەتوندی بەرپەرچی تێرۆرێزم دەدەنەوەو بێ ئەملاوئەولا هەموو ڕێکخراوە تێرۆریستەکان ئیدانە دەکەن کە پەلاماری تورکیا بدەن".

 

لەیاداشتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە "فینلاندو سوید پێداگرن کە "پ.ک.ک" وەک ڕێکخراوەیەکی تیرۆریست ڕابگەیەنن‌و بەرپرسیار دەبن بەر بەچالاکییەکانی "پ.ک.ک"و هەموو ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی دیکەی نزیک لەپەکەکە بگرن، هەروەها چالاکی تاکوتەرای سەر بەو گروپانە یان تۆڕانەی کە بەو رێکخراوە تێرۆریستیانەوە گرێدراون. تورکیا، فینلاندو سوید ڕێککەوتون هاوکاری بکەن بۆ پێشگیری لەچالاکییەکانی ئەو گروپە تێرۆریستیانەو بەرپەرچی ئامانجەکانی ئەو ڕێکخراوە تێرۆریستییانە دەدەنەوە".

 

جەغت لەوەش کراوە کە "فینلاندو سوید داخوازی تورکیا جێبەجێ دەکەن بۆ دەرکردن‌و رادەست کردنەوەی کەسانێک کە گومانی تێرۆریان لێدەکرێ گەر هەر زانیاری‌و بەڵگەیەک لەلایەن تورکیاوە بدرێ، لەهەموو جۆرە چالاکیی دارایی‌و خەڵک بەرەو خۆڕاکێشانی پ.ک.ک و هەموو ڕێکخراوە تێرۆریستییەکانی دیکە دەکۆڵنەوەو بە توندی قەدەغەی دەکەن".

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×