عه‌لی باپیر و هادی عامری: چیدیكه‌ پڕۆسەی پێکهێنانی حكومه‌ت دوانەخرێت‌
  2022-07-26       392       

سه‌رۆكی كۆمه‌ڵی دادگه‌ریی كوردستان له‌گه‌ڵ سەرۆکی رێکخراوی بەدر كۆبوه‌وه‌ و ‎هەردولا بە پێویستیان زانیی چیدیكه‌ پڕۆسەی پێکهێنان‌و سەرپێ خستنی حکومەت‌و دامەزراوەکان دوانەخرێت‌و لایەنەکان لەپێناو بەرژەوەندیی گشتیی، ئه‌م چەقبەستوی‌و بارودۆخه‌ ناهه‌مواره‌ی سیاسیی له‌عێراق کۆتایی پێبێنن.

ئاوێنە: به‌پێی راگه‌یه‌ندراوێكی سه‌رۆكی كۆمه‌ڵی دادگه‌ریی كوردستان، ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ عه‌لی باپیر به‌ سه‌رۆكایه‌تی شاندێك له‌ شاری به‌غدا سه‌ردانی هادی عامری، سەرۆکی رێکخراوی بەدری كرد و ‎لەکۆبونەوەکەدا باسی دوا پەرەسەندنەکانی پڕۆسەی سیاسیی عێڕاق به‌گشتیی کراو گفتوگۆی ڕاشکانەوە کرا لەسەر دیاریی کردنی کاندیدی سەرۆک وەزیران‌و ئەگەرەکانی پێکهێنانی حکومەت‌و سەرلەنوێ داڕشتنەوەی دامەزراوە سیاسییەکان.
 
له‌راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتوه‌، ‎هەردولا بە پێویستیان زانیی چیدیكه‌ پڕۆسەی پێکهێنان‌و سەرپێ خستنی حکومەت‌و دامەزراوەکان دوانەخرێت‌و لایەنەکان لەپێناو بەرژەوەندیی گشتیی، ئه‌م چەقبەستوی‌و بارودۆخه‌ ناهه‌مواره‌ی سیاسیی له‌عێراق کۆتایی پێ بیێنن.
 
ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕو، له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا ‎هاوكات باس لەپتەوکردنی پەیوەندییەکانی هەدولا کراو خاڵە هاوبەشەکان وەک بنەمای پەیوەندیی سیاسیی داهاتو ڕەچاو بکرێت‌و لەوچوارچێوەیەدا.

دوێنێ دوشەممە سەرکردە و پەرلەمانتارەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی لە بەغدا کۆبونەوە و بەکۆی دەنگ محەمەد شیاع سودانییان بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی داهاتوی عێراق و پێکهێنانی حکومەت کاندید کرد، به‌ڵام تا ئێستا لایه‌نه‌ كوردیه‌كان له‌باره‌ی كاندیدی پۆستی سه‌رۆك كۆماری عێراق و پشك و به‌ركه‌وته‌ی كورد له‌ به‌غدا نه‌گه‌یشتونه‌ته‌ رێككه‌وتن.

كاروان یاروه‌یس، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق به‌ خەندان-ی راگه‌یاند، "کۆتایی ئەم هەفتەیە بۆ سەرەتای هەفتەی داهاتو عێراق پێیدەنێتە قۆناغێکی نویێوە، پرۆسەی سیاسی جوڵەی گەورەی تێدەکەوێ و پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و راسپاردنی کاندیدی راسپێردراو بۆ پێکهێنانی حکومەت کۆتایی دێت".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×