هەسەدە: له‌سێ چالاكیدا ٢٣ سەربازی تورکیا کوژران
  2022-08-11       677       


ناوەندی ڕاگەیاندن‌و چاپەمەنی هێزەکانی سوریا دیموکرات -هەسەدە- ئاشكرای‌ ده‌كات كه‌ هێزەکانیان بۆ تۆڵەسەندنەوەی شەهیدان، سێ چالاکیی بەهێزیان لەدژی سوپای تورکیا لەسنووری شاری ماردینی باکوری کوردستان ئەنجامداوەو لەئەنجامدا ٢٣ سەرباز کوژراون.

ئاوێنه‌: ئەمڕۆ پێنجشه‌ممه‌، هەسەدە، لەڕاگەیەندراوێکدا ئەنجامی سێ چالاکیی شەڕڤانانی دژی سوپای تورکیا لەسەر سنوری شاری ماردینی باکوری کوردستان بڵاوکردەوە.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، ڕۆژی ٨ی ئاب شەڕڤانان لەسێ کاتی جیاوازدا سێ ئۆتۆمبێلی زرێپۆشی سوپای تورکیان کردووەتە ئامانج و لەئەنجامدا ٢٣ سەربازی تورک کوژراون‌و لانیکەم دوو سەربازیش برینداربون.

ئاماژەی بەوەشکردووە کە لەچالاکییەکاندا کە شەڕڤانان بەچەکی قورس ئەنجامیانداوە، هەرسێ ئۆتۆمبێلە زرێپۆشەکەی سوپای تورکیا تێکشکێندراون.

هەر لەڕاگەیەندراوەکەدا هەسەدە ئاماژە بەهێرشەکانی سوپای‌ توركیا لەناوچەکانی باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا ده‌كات‌و ده‌ڵێت، "تەنها لەسەرەتای ئەم مانگەوە تائێستا حەوت کەس شەهیدبون، کە دوانیان منداڵبون‌و ١٧ کەسیش برینداربون، کە ١٠یان منداڵ‌و سیانیان ژن بون."

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×