زەهرا یاموڵكی، ژنێكی پێشەنگ
  2022-09-07     


خە لیل عە بدولڵا

 هاوڕێم خۆگر خالید بەڕێوەبەری پلاندانان لە بەرێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی سلێمانی، داوای لێكردم كە هاوكاری بكەم بۆ دۆزینەوەی ناوێك بۆ ئەوەی لە قوتابخانەیەكی كچانی بنێن لەشاری سلێمانی، منیش ناوی مامۆستا زەهرا یاموڵكیم بەفكردا هات‌و بۆ زانیاری زیاتر پەیوەندیم بەمامۆستا مەجید ساڵحەوە كرد‌و ئەویش بەسوپاسەوە وێنە‌و زانیاری تەواوی لەسەر ئەو مامۆستا گومناوە بۆ ناردم، بەخۆشحاڵییەوە پەروەردەی سلێمانی ئەو قوتابخانەیان بەناوی زەهرا یاموڵكییەوە ناو نا، كە ئەوە وەفاو پاداشتێكە بۆ بەخشش‌و خزمەتەكانی ئەو ژنە ناودارەی كوردستان. سوپاس بۆ خەمخۆری كاك خۆگرو كاك مەجید‌و پەروەردەی سلێمانی.

زەهرا یاموڵكی ژنێكی ناوداری كوردستانەو لەرێی خوێندن‌و فێربوونەوە خزمەتێكی زۆری بەخوێندكارانی كچی سەردەمی خۆی كردووە، وەك ژنێكی رووناكبیر‌و پێشەنگ لەكۆتایی ساڵانی بیستەكانی سەدەی رابردوو،رۆڵی دیاری لەكایەی خوێندن‌و پەروەردە لەشاری سلێمانی سەدان كچ لەرێی قوتابخانەكەی ئەوەوە فێری خوێندن‌و نووسین بوون‌و مەكتەبیان تەواو كرد.

زەهرا كچی مستەفا پاشا یاموڵكی كەسایەتیی نیشتمانی‌و روناكبیر‌و وەزیری پەروەردەی حكومەتەكەی شێخ مەحمودە.زەهرا ساڵی 1892 لەشاری سەڵماسی ئێران لەدایك بووە، چونكە ئەوكات مستەفا پاشای باوكی،سەركونسڵی عوسمانی بووە لەو شارە.زەهرا لەگەڵ باوكی گەڕاوەتەوە شاری سلێمانی، ئافرەتێكی جوان‌و شۆخ‌و شەنگ بووە، زۆربەی شاعیرانی ئەو سەردەمە پێی سەرسام بوون،رەمزی مەلا مارف شەیدای بووە‌و شیعرێكی غەزلی جوانی بۆ نوسیوە كە ئەڵێ‌:
تەعاڵڵا لەزیبایی قەدی رەعنایی زەڕین تاج
كە عیشەوە‌و ناز‌و لەنجە‌و غونجە‌و سەرتاپیی زەڕین تاج
كەچاوی كەوت بەنەخلی قامەتی سەرووی چەمەن، دەرحاڵ
سەری شۆڕ كردەوە بۆ سوجدەی بەر باڵای زەڕین تاج

زەهرا وەك مامۆستا خزمەتی بەمناڵانی كوردستان كردووە‌و لەبەر زیرەكی‌و لێهاتوویی قوتابخانەیەكی كچان بەناوی ئەوەوە ناونراوە، بەناوی قوتابخانەی زەهرای كچانی سلێمانی، ساڵی 1929 بووە بەبەڕێوەبەری ئەو قوتابخانەیە‌و رۆژنامەی ژیان لە ژمارە(205)ی رۆژی 17ی تشیرینی یەكەمی 1929، هەواڵی بوون بەبەرێوەبەری زەهرای بڵاو كردۆتەوە.

زەهرا ئەو ماوەیەی بەرێوەبەر بووە خزمەتێكی زۆری بەرەوتی خوێندن كردووە‌و بایەخی بەبوارەكانی ئەدەب‌و هونەری شانۆ داوە‌و كچانی لەو سەردەمەدا بردۆتە سەر تەختەی شانۆ.

لەساڵی 1930 خوێندنی شەوانی بۆ ژنانی نەخوێندەوار لە قوتابخانەكەی كردۆتەوە، چەندین ژنی فێری خوێندەواری كردووە. ئەو بابەتە بۆتە جێگەی سەرنجی رۆژنامەی ژیان‌و هەوڵێكی لەسەر بڵاو كردۆتەوە.

پاش خزمەتێكی زۆر بە بوارەكانی خوێندن‌و پەروەردە، ساڵی 1972 لەشاری بەغداد كۆچی دوایی كرد‌و چووە ریزی سەروەرانی نیشتمانەوە. درودی رێزو وەفا‌و ئەمەكداری بۆ رۆحی پاك‌و بێگەردی مامۆستا زەهرا یاموڵكی سەرمەشقی ژنانی كوردستان.

زۆرترین بینراو
گۆڕانکاری لە نرخی فەرمیی دۆلار بازاڕەکانی عێراقی شڵەژاند
پژاک پەیامێک ئاراستەی ئێران دەکات: بژاردەکانتان یان جەنگ و وێرانییە یان ئاشتی و دیموکراسی
بانکی ناوەندی عێراق: بەرزکردنەوەی نرخی دۆلار لە خزمەتی هاووڵاتییاندایە
فراكسیۆنی ده‌وڵه‌تی یاسا: به‌ به‌رزكردنه‌وه‌ی نرخی دۆلار، موچه‌ی هاوڵاتیان به‌ڕێژه‌ی 20% كه‌م ده‌بێته‌وه‌
لە بەغداد خۆپیشاندان دژی بەرزکردنەوەی نرخی دۆلار دەستیپێکرد و بەشێک لە بازاڕەکان داخران
وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌: هیچ سیسته‌مێكی به‌رگریی ئاسمانیمان وه‌رنه‌گرتوه‌
بە فەرمی وەزارەتی دارایی عێراق گۆڕانکاری لە نرخی دۆلاردا کرد و بڕیارێکی گومرگیشی هەڵوەشاندەوە
شاخه‌وان عه‌بدوڵا: په‌رله‌مان ناتوانێت نرخی دۆلار دیاری بكات
حوسییەکان فڕۆکەخانەی عەدەنیان موشەکباران کرد؛ گرژییە سەربازییەکان لە یەمەن و سنوورەکانی سعودیە پێ دەنێنە قۆناغێکی نوێوە
بانکی ناوەندی ئاشکرای دەکات: چەندین نوسراومان بۆ وەزارەتی گواستنەوەی هەرێم کردووە و وەڵامیان نەداوینەتەوە
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×