مێژووی کورد لەگەڵ عەباو پەچە...
  2022-10-19       3437       

غەفور رەشید داراغا

 

کێشە هەنووکەیەکان هەمیشە پەیوەندی بە ڕەگ و ریشە مێژووەکەیەوە هەیە ، ناکرێت بەبێ گەڕانەوە بۆ مێژوو شیکاری دروستی بۆ بکەین .

لە ئێستادا ناوچەکە لە بەردەم گۆڕانکاری گەورەدایە ، بە تایبەتی گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی کە خۆی ئەبینێتەوە لە ئازادی تاک و مافی ئافرەتان کە بووە بە پێویستیەکی گرنگی نێو کۆمەڵگە .

تائێستا بەم شێوەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕووی نەداوە ، گرێدانی مافی ئافرەت بە هەموو کایەکانی نێو کۆمەڵگەوە ( ژن ژیان ئازادی ) کە بووە بە رەمزی بەرخودان لە پێناوی ئازادی تاکی مرۆڤدا و دروست بوونی پرسیاری جددی و گرنگ لەسەر ناسنامە و خودئاگایی و سەربەخۆیی لە نێوان کولتوری کوردی و کولتوری ئێستای ناوچەکەدا ، گرێدانەوەی کایە کۆمەڵاتیەکان بە کایەی سیاسی و ئابووریەکانەوە ، هەوڵێکی تازەیە بۆ تێگەیشت و ڕاڤەکردنی کێشە ئاڵۆزەکانی هەنووکە و دۆزینەوەی جارەسەر .   

بابەتی ( عەبا و پەچە ) چەند لە ڕواڵەتدا شتێکی سەتحی و لاوەکییە ئەوەندە لە قولێدا رەمزی ستەم و پیاوسالاریە کە هەمیشە دەسەڵاتی سیاسی لەو ڕێگەیەوە کۆمەڵگەی قۆرخ کردوەو ، ڕوداوەکانی ڕابوردوو شایەت حاڵی ئەم بابەتەیە.            

لە پەرتوکی یاداشتنامەکانی نووسەر ( غفور ڕشید داراغا ) دا چەند جارێ ئاماژەی بۆ باری کۆمەڵایەتی خەڵکی شاری سلێمانی کردوە کە چۆن گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە بە پێی گۆڕانکاری لە قۆناغەکانی دەسەڵاتی سیاسی شارەکە .

لێرەدا بە گرنگی ئەزانم لە ئێستادا چەند نموونەیەکی مێژووی شاری سلێمانی بخەمە ڕوو ، بە تایبەتی لە سەرەتای حەفتاکانی سەدەی ڕابوردووە .

شاری سلێمانی و هەرێمی کوردستان لە دوای بڵاو کردنەوەی بەیاننامەی ( 11 ئازار ) گۆڕانکاری بەرچاوی خۆیەوە بینی ، بە تایبەتی لە ڕووی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و کولتوریەوە.

سەرەتا باس لە کاریگەری دەسەڵاتی عثمانی دەکات لەسەر ژیانی کۆمەڵایەتی کورد و دەرکەوتەی کاریگەری ئەو گۆڕانکاریە لەسەر کایەی ئەدەبی و شعری فۆلکلۆری کوردی کە لە ماوەی ( 50 ) ساڵدا کە هەوڵی گۆڕینی شوناسی کوردیان داوە لە ڕێگەی دینەوە بۆ چەسپاندنی دەسەڵاتی خۆیان و بڵاو کردنەوەی کولتوری پیاوسالاری کەمکردنەوە و ڕۆڵی ئافرەت لە نێو کۆمەڵگەی کوردیدا ، ئەمەش بە ڕوونی دەرئەکەوێت لەو کۆپلە شعرانەی کە نووسەر هێناویتەوە بە نموونە .

لە هەمان کاتدا بە وردی باس لەو گۆڕانکاریە کۆمەڵایەتیە ئەکات کە لە سەرەتاکانی ساڵانی حەفتای سەدەی ڕابوردوودا ڕوویانداوە ، کرانەوەی شاری سلێمانی لە ڕووی زانست و زانکۆ و هاتنی خەڵکی بیانی بۆ شارەکە .

بە باوەڕی من ئەم یاداشتنامانەی نووسەر کە ڕۆژانە تۆماری کردون لە ماوەی ژیانی خۆیدا ، ئەکرێت زۆر سود بەخشبن بۆ خوێندنەوە شیکاری و لێکۆڵینەوە بۆ ئەو کێشانەی کە ئێستا ڕوو ئەدەن لە نێو کۆمەڵگەی کوردیدا وە ئەتوانرێت ڕەگ و ڕیشەی زۆربەی زۆری کێشەکانی نێو کۆمەڵگەی ئێمە بدۆزرێتەوە بە تایبەتی لە ڕووی مێژووی سیاسی و ئابووری و کولتوریەوە ، کاریگەری لەسەر کۆمەڵگە بە هەمان شێوە دۆزینەوەی جیاوازی و تایبەتمەندێتی نەتەوەی کورد وەک ناسنامەیەکی سەربەخۆ لەگەڵ نەتەوەکانی تری دراوسێمان لە ڕووی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی کولتوریەوە . 

زامۆئا داراغا

 

دەقی بیرەوەری نووسەر لە پەرتوکی یادەوەریەکانیدا ...

کورد ئەڵێت :

یەکەم حوکمی عثمانیەکان ئعدامی نالە پێ پان بوو ، دووەم عەبای ژنان بوو ...

وەک ڕوون و ئاشکرایە کە ( عەبا ) پۆشاکی ئافرەتی کورد نەبووە ،

بەڵکو ئەم پۆشاکە تورکەکان لەگەڵ خۆیان هێنایان ، کاتێ کە ( میرنشینی بابان )یان  لەناوبرد وە ڕاستەوخۆ  فەرمان ڕەوایەتی سلێمانیان گرتە دەست لە ساڵی ( 1851 ) زاینی دا .

وە بەلایەنی منەوە ئەم پۆشاکەیان بۆ نەچەسپا تا چەند ساڵێک دوای داگیر کردنی شاری سلێمانی ، واتە تا دوایی سەدەی نۆزدەیەم ئەوساش تەنها توانیان لە  شارەکانی کوردستان ئەم پۆشاکە بچەسپێنن .

کەواتە ئەم بڕە شعرەی خوارەوە لە سەرەتای سەدەی بیستەوە هاتۆتە کایە

1/ دوای یە بەسەریا سەرپۆش و عەبا

بۆ تەواف ئەچێ بۆ سەر کانی با

2/ عەبای کەتان چینی مەڕۆ لە دواتم

ڕووتم نەدیوە ئاشقی باڵاتم

3/ تازە داهاتووە عەبای کەتانی چینی

بێ بەریت کردم لە ئیمان و دین

4/ بارانی هێنا بە ڕەشە باوە

یارم وەستاوە بە جووت عەباوە .

ڕێکەوتی 19/04/1970 ڕۆژی پێنج شەممە

هەواکەی تابڵێی خۆش بوو ، بڕێک گەرم بوو .

شار لە هەموو لایەکی عێراقەوە سەیرانکەر ڕووی تێ کردوە .

لە ناو شەقامەکاندا ، خەڵک بە گۆرانی و چەپڵە و سەماوە تێ ئەپەرێ لە ناو گەرەکەکاندا ، بە تایبەتی ئاوارەکان و خەڵکەکەی خۆشمان .

زۆرتر بە هۆی زانستگەوە ( یونیڤرسیت ) ( زانکۆ ) وردە وردە ،

سفور ( بێ عەبا و پەچە ) بڵاو بۆتەوە ، هەروەها ئەو ئافرەتانەی کە لە دەرەوەی سلێمانی یەوە دێن ، بە تایبەتی لە خوارووی عێراقەوە ، بەبێ ( عەبا و پەچە ) دێنە شارەکەمانەوە ، ئەم کارە خەڵکی لای ئێمەش هان ئەدا ،

کە بە ڕووتی ( بێ عەبا و پەچە ) بسووڕێنەوە ، هەر چەندە ئەمانەی کە باسم کرد ڕووکەشە وە نیمچە کاریگەری هەیە ، بەڵام هۆی کاریگەری تەواو بۆ ( سفوری ) ئەگەرێتەوە بۆ ژیانی ( ئابووری ) کاتێک کە ژیانی ئابووری لە پێشکەوتندابێ ، کارگە و فابریک بکرێتەوە وە ئافرەت بێتە کوڕی پێشەوە ،

ئەو کاتە ( عەبا و پەچە ) فڕێ ئەدرێت و ئافرەت شان بە شانی پێاو و دێتە کوڕی ژیانەوە .

ئەمڕۆ لە سلێمانیدا تاک و لۆکە ( پەچە ) ماوە ، بەڵام ( عەبا ) زۆرە وە بێ عەبا تاک و لۆکە یەکە .

ڕێکەوتی 16/06/1970 ڕۆژی سێ شەممە .

هەواکەی زۆرگەرم بوو ، ڕەنگە پلەی گەرما لەلای ئێمە ( سلێمانی ) گەیشتبێتە ( 38 ) و پتر .

باری شار زۆر باشە و هێمنە و ئاسایش بەردەوامە .

باری کۆمەڵایەتی شارەکەمان ( سلێمانی ) لە گۆڕانێکی تەواو دایە ، لەبارەی ڕەوشت و خووەوە .

پەچە لە نوون دایە ، ( عەبا ) خەریکە باوی نەمێنێ ، سفور ( بێ عەبا ) بڵاو بۆتەوە ، جلی مۆدە ( ئەوروپی ) بە جۆرێکی وەها تەشەنەی کردوە ...

تەنانەت لادیەکانی ناو شاریشی گرتۆتەوە ...

خواردنەوە وەکو کارێکی ئاسایی لێ هاتووە ، باڕەکانی ( سەرجنار ) جمەی دێ.

شووکردن و ژن هێنان خەریکە لە دەست دایک و باوک دەرئەچێ .

 

تێبینی : نووسەر لە سەرەتای ساڵانی شەستەکانی سەدەی ڕابوردووە ڕۆژانە یاداشتنامەی خۆی تۆمارکردوە تا ساڵی ( 1976 )

نووسەر غفور ڕشید داراغا ( 1923 – 1976 ) لە شاری سلێمانی لەدایک بووە.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×