سێیەم دانیشتنى دادگا بۆ تاوتوێکردنى سکاڵاکانى دژى سەرۆکایەتییەکانى هەرێم بەڕێوەچوو
  2022-10-20       700       


سێیەم دانیشتنی دادبینی داواى یاسایی ماڵپەڕى پەرەگراف کە لەسەر سێ سەرۆکایەتییەکەى هەرێم تۆماری کردووە لە دادگاکانی سلێمانی و هەولێر بەڕێوەچوو.  

سەرنووسەری ماڵپەڕەکە، بەپێی یاسای مافی دەسکەوتنی زانیاریی داوای یاسایی لەسەر ھەرسێ سەرۆکایەتییەکەی ھەرێم تۆمارکردووە بەھۆی پێنەدانی زانیاریی لەبارەی بودجەو خەرجییەکانیان بەپێی یاسای مافی دەسکەوتنی زانیاریی.  

بەپێی ماڵپەڕەکە، ئەمڕۆ سێیەم دانیشتنی دادبینی سکاڵاکانى سەر سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەت لە دادگای ھەولێر، سکاڵاکەى سەر رێواز فایەق سەرۆکى پەرلەمان لە دادگاى سلێمانى بەڕێوەچوو.  

لە دانیشتنەکاندا سورکێو محەمەد سەرنووسەری پەرەگراف و کارزان فازڵ سەرۆکی ڕێکخراوی پەرەپێدانی دیموکراسی و مافی مرۆڤ(DHRD) کە پارێزەری پەرەگرافە لەم دۆسیەیەدا لەگەڵ پارێزەرانی ھەریەکە لە نێچرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی ئامادەبوون و دادگا وتەکانیانی وەرگرت.

پاشان دادوەر بڕیاریدا بە دواخستنی ھەردوو دانیشتنەکە بۆ ١٦-١١-٢٠٢٢ لە پێناو دیراسەکردنی داواکان و وەڵامدانەوەی ناوەڕۆکی داواکان لە لایەن داوالەسەرکراوان.  

لەسەر داوای پارێزەرەکانیان داواکانی سەرۆکی ھەرێم و سەرۆکی حکومەت لە سلێمانییەوە گوازرانەوە بۆ ھەولێرو داواکەی سەرۆکی پەرلەمان لە دادگای سلێمانی ماوەتەوە.  

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×