سبه‌ینێ پارتی یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه‌ی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی به‌سه‌رۆكایه‌تی بارزانی ئه‌نجام ده‌دات
  2022-11-11       343       


بڕیارە سبەینێ شەممە 12ی تشرینی دووه‌می 2022، یەکەم کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان بەڕێوەبچێت و بڕیار لە سەردانی شاندی حزبەکە بۆلای یەکێتی بدرێت.  

بڵند ئیسماعیل، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان بە میدیای فه‌رمی حزبه‌كه‌ی راگەیاند: سبەینێ شەممە یەکەم کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی لە سەری بڵند بەسەرپەرشتیی مەسعود بارزانی، سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان بەڕێوەدەچێت.  

بڕگەی سەرەکیی کۆبوونەوەی سبەینێ شەممەی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی هەڵبژاردنی مەکتەبی سیاسی دەبێت و تیایدا باس لە هەڵبژاردنی مەکتەبی سیاسی دەکرێت.  

سەبارەت بە پەیوەندییەکانی پارتی لەگەڵ یەکێتی کە ماوەیەکە هەندێک گرفت لەنێوانیان دروستبوو، ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی پارتی ئاماژەی بەوەکرد: "سبەینێ لە کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندیدا گفتوگۆ لەبارەی ناردنی شاند بۆ لای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و لایەنە سیاسییەکانی دیکە دەکرێت و بڕیاری پێویست دەدرێت".  

رۆژی پێنجشه‌ممه‌ 3ی تشرینی یه‌كه‌می 2022، كۆنگره‌ی 14ی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ پارێزگای دهۆك ئه‌نجامدرا و تیایدا مه‌سعود بارزانی، به‌ سه‌رۆكی حزبه‌كه‌ و نێچیرڤان بارزانی به‌ جێگری یه‌كه‌م و مه‌سرور بارزانی، به‌ جێگری دووه‌می سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان هه‌ڵبژێردران.
 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×