لە زۆرینەی ناوەندەكانی خوێندن لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان ئەمڕۆ سێشەممە دەوام ڕاگیرا و خوێندكاران و مامۆستایان چونە پاڵ مانگرتنی گشتی.
ئاوێنه: بەپێی زانیارییەكان، زانکۆی ئازادی سنە، زانکۆی کوردستان، زانکۆی تەكنیك و پیشەیی یەزدانپەنا،
زانکۆی تەكنیكی کچان، زانکۆی “علمی کاربردی” سنە و زانکۆی پەیام نووری سنە مانگرتنیان ڕاگەیاندووە و خوێندكاران و مامۆستایان چوونە پاڵ ئەو مانگرتنە گشتییەی ئەمڕۆ ڕاگەیەندراوە.
لە بەیانی ئەمڕۆوە لە شارەکانی مەهاباد، بۆکان، سنە، سەقز، مەریوان، بانە، دیواندەرە، جوانڕۆ، شنۆ و دێولان دووكان و بازاڕەكان داخراون و كاسبكاران لەماڵەكانیان ماونەتەوە، نەچوونە سەر كارەكانیان.
لەلایەكی دیكەوە خوێندکارانی زانکۆی ڕازی کرماشان مانگرتنیان ڕاگەیاند و نەچوونە هۆڵەكانی خوێندنەوە.
مانگرتنەكە لەسەر داوای ناوەندی هاوكاری حیزبەكانی كوردستانی ئێرانە لە بەرامبەر هێرشەكانی دوێنێی ئێران بۆ سەر هەرێمی كوردستان كە بارەگاكانی حیزبە ڕۆژهەڵاتییەكانی بە ئامانج گرت و بەهۆیەوە دوو پێشمەرگە شەهید و ژمارەیەكی دیكەش بریندار بوون.