سەنتەری میترۆ: ئاسایشی‌ سلێمانی‌ چونەتە سه‌ر ماڵی رۆژنامەنوس رەوا بورهان‌و ده‌ستگیریانكردووه‌
  2022-11-26       611       
رەوا بورهان


رەحمان غەریب، رێکخەری سەنتەری میترۆ رایگەیاند، بەبێ ئاگاداركردنەوەی پێشوەخت، ئاسایشی‌ سلێمانی‌ چونەتە سه‌ر ماڵی رۆژنامەنوس رەوا بورهان‌و ده‌ستگیریانكردووه‌. 

ئاوێنه‌: ئەمڕۆ شەممە رەحمان غەریب لەلێدوانێکیدا رایگەیاند، سەنتەری میترۆ لەبەیانی ئەمرۆوە دەیەوێت لێدوانێكی رەسمی لەلایەنی پەیوەندیدار یانن خێزانی، سەبارەت بەدەستگیكردنی رۆژنامەنوس (رەوا بورهان) وەربگرێت، كەس ئامادەنییە.

ئاماژەی بەوەش کرد، "بەڵام بەشێوەی نارەسمی پێمانوتراوە" ئاسایش بەفەرمانی دادوەر بەتۆمەتی بەرێوەبردنی پەیج و ئەكاونتی نەناسراو دەسگیریانكردوە، بەیانی واتە یەكشەممە دەبرێتە بەردەم دادوەر".

بە وتەی رەحمان غەریب، "شێوازی دەستگیركردنی رەوا بورهان، بەبێ ئاگاداركردنەوەی پێشوەخت بووە، هێزێك چونەتە ماڵی و راپێچیان كردوە بۆ زیندانی ئاسایش".

رەحمان غەریب دەڵێت، "ئەم شێوازی دەستگیركردنە كە لەدوا كاتژمێرەكانی كۆتایی دەوامی فەرمییە، یەكسەر كەیسەكە دەباتە یەكەم رۆژی دەوام كە یەكشەممەیە، ئینجا دەستگرتن بەسەر مۆبایل‌و كەرەستەی رۆژنامەوانیی چەند رێوشوێنێكن لەگەڵ بەندەكانی یاسای رۆژنامەوانی یەكناگرنەوە". 

رێکخەری سەنتەری میترۆ باس لەوە دەکات، "ئێمە پێمان باشە ئەدمین و بەرێوەبەری پەیج و ئاكاونتەكان ناسراوبن، بەتایبەتیش مەبەستمان لەوانەن كە كاری میدیایی دەكەن، بەڵام كام حزب و دەزگای‌ ئەمنیتان خەریكی ئەم ئەتواره‌ نیین، دەستهەڵبڕن؟".

ده‌شڵێت، "ئەوەی جێگەی سەرسوڕمانە، ئەو دەزگا رۆژنامەوانیانەی كە زۆرن و (رەوا بورهان) كاری تێدا كردووە، بێدەنگییان هەڵبژاردووەو تەنانەت ئەم ماوەی دەستبەسەرە لەرای گشتییان شاردۆتەوە". 

رەحمان غەریب باس لەوە دەکات، "لە رابردویەكی نزیكدا دەستگیركردنی رۆژنامەنوس بەهۆی كارەكەی بەتایبەتیش لەسلێمانی، وەك دەستبردن بوو بۆ شارە زەردەواڵە، هەموو رۆژنامەنوسان وەك خێزانێك دەورژان و هەر یەك لە شوێنی خۆیەوە جۆرێك لەهەڵوێستی دەربڕی ئێستا دەبێت بگرین بۆ ئەو رابردووە جوانە".

وەک رەحمان غەریب دەڵێت، "ئەگەر خێزان و كەسوكاری پاساوێكیان هەبێت، لەترسی چارەنوسی رەوا بێدەنگیان هەڵبژاردووە، ئەوە ئەو پاساواوە بۆ ئەو دەزگایانە هیچ رەوایەتییەكی نییە".

سەنتەری میترۆ دوپاتیشی کردووەتەوە، "دەنگمان دەخەیەنە پاڵ ئەو كەمینە لەهاوكارانمان كە دوای ئازادكردنی (روا بورهان) دەكەن، داواش لەو زۆرینەیە دەكەین كە بێدەنگییان هەڵبژاردووە، بێدەنگییەكەیان بشكێنن و لانی كەم وەك هەواڵێك بڵاویبكەنەوە".

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×