وەفدی هەرێم لە بەغدا گەڕایەوە هەولێرو وتەبێژی حكومەت وردەكاری گفتوگۆكانیان دەخاتەڕو
  2022-11-30       514       

وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگەیاند، وەفدی هەرێمى كوردستان لەبەغداوە گەڕاوەتەوە هەولێرو دەشڵێت، له‌باره‌ی چوار دۆسییه‌ی هه‌ڵپه‌سێردراوی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا، لێكتێگه‌یشتنی باش دروستكراوه‌.

ئاوێنە: جوتیار عادل، وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە میدیای پارتی راگەیاند، وەفدی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان گه‌ڕایه‌وه‌ هه‌ولێر و له‌باره‌ی دۆسییه‌كانی بودجه‌، نه‌وت، ده‌روازه‌ سنورییه‌كان و دروستكردنی هه‌ماهه‌نگی له‌كاره‌كانی چاودێری دارایی له‌نێوان هه‌ولێر و به‌غدا، له‌ كه‌شێكی ئه‌رێنیدا گفتوگۆی جددی كراوه‌.

وتیشى كۆبونه‌وه‌كانی نێوان حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی فیدراڵی كۆتایی نه‌هاتوه‌و به‌رده‌وامده‌بن، ئه‌وان به‌ نیه‌تی باشه‌وه‌ له‌ رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ی رابردوه‌وه‌ له‌ به‌غدان و ئه‌گه‌ر پێویست بكات، ئه‌و وەفده‌ یان وەفدی هونه‌ری تایبه‌ت به‌ كاركردنی ئه‌و دۆسیانه‌ی گفتوگۆی له‌باره‌وه‌ ده‌كرێت، له‌ داهاتویه‌كی نزیكدا ده‌چنه‌وه‌ به‌غدا.

له‌باره‌ی پرسی داڕشتنه‌وه‌ی بودجه‌ی 2023، جوتیار عادل ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، له‌گه‌ڵ هه‌مو لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان له‌ حكومه‌تی فیدراڵی گفتوگۆكراوه‌و جه‌خت له‌سه‌ر شایسته‌ی ده‌ستوری هه‌رێمی كوردستان له‌ بودجه‌ی 2023 كراوه‌ته‌وه‌.

جوتیار عادل وتیشی، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌راشكاوی تێڕوانینی خۆی له‌باره‌ی پشكی هه‌رێمی كوردستان له‌ بودجه‌ راگه‌یاندوه‌ كه‌ رێژه‌ی 17% له‌ بودجه‌ی گشتی حكومه‌تی فیدراڵی به‌ شایسته‌ی هه‌رێمی كوردستان ده‌زانن و دیاریكردنی پشكی 12.67% بۆ هه‌رێمی كوردستان به‌ "سته‌ملێكردن" وه‌سفكردو رونیكرده‌وه‌، هیچ بنه‌مایه‌ك یاخود سه‌رژمێرییه‌ك نییه‌ بۆ دیاریكردنی ئه‌و رێژه‌یه‌ له‌ بودجه‌ی فیدراڵی بۆ هه‌رێمی كوردستان.

 هە‌روه‌ها سه‌باره‌ی به‌ دۆسییه‌ی نه‌وت و غاز، وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان جه‌ختی له‌سه‌ر پابه‌ندبونی هه‌ولێر به‌ ده‌ستوری عێراق و كارنامه‌ی په‌سه‌ندكراوی كابینه‌كه‌ی سودانی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق كرده‌وه‌و رایگه‌یاند، دانانی ئه‌و میكانیزمه‌ی له‌ كارنامه‌ی حكومه‌تدا ئاماژه‌ی پێكراوه‌ بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ئه‌و دۆسیه‌یه‌ تاوه‌كو یاسای نه‌وت و غاز له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق په‌سه‌ندده‌كرێت، پێویسته‌ قابیلی جێبه‌جێكردن بێت و پێچه‌وانه‌ی ده‌ستورنه‌بێت.

لە‌ به‌شێكی دیكه‌ی قسەكانیدا، جوتیار عادل باسی له‌ گفتوگۆكانی چه‌ند رۆژی رابردو كرد له‌نێوان هه‌ردو لیژنه‌ی باڵای حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی فیدراڵی له‌باره‌ی ده‌روازه‌ سنوورییه‌كان، رایگه‌یاند، سیاسه‌ت حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌وباره‌یه‌وه‌ رونه‌و به‌ حكومه‌تی عێراقیش راگه‌یه‌ندراوه‌، كه‌ هه‌رێمی كوردستان بۆچون و تێگه‌یشتنی خۆی هه‌یه‌ بۆ كاركردن له‌گه‌ڵ پرسی ده‌روازه‌ سنورییه‌كان.

وتیشی، هه‌رێمی كوردستان پێویسته‌ یاسای تایبه‌ت به‌خۆی هه‌بێت بۆ به‌ڕێوه‌بردنی ده‌روازه‌ سنورییه‌كان یان ده‌بێت میكانیزمێكی هاوبه‌ش بۆ دروستكردنی هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی فیدراڵی هه‌بێت، بۆ به‌ڕێوه‌بردن و كۆنترۆڵكردنی ده‌روازه‌ سنورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌مه‌شی به‌ مافێكی ده‌ستوریی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌قه‌ڵه‌مدا.

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاشكرایكرد، به‌ڕاشكاوی به‌ وەفدی حكومه‌تی فیدراڵی راگه‌یه‌ندراوه‌ كه‌ پێویسته‌ پێداچونه‌وه‌ به‌ بڕیاری ژماره‌ (13)ـی ساڵی 2019 له‌باره‌ی به‌ ده‌روازه‌ سنورییه‌كان بكرێت و ئاماده‌باشی هه‌ولێریشی بۆ هه‌ماهه‌نگیكردن له‌باره‌ی چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و دۆسیه‌یه‌ دوپاتكرده‌وه.

 له‌باره‌ی دۆسیه‌ی چاودێری دارییه‌وه‌، جوتیار عادل ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، له‌ گفتوگۆكاندا جه‌خت له‌سه‌ر رێكخستن و دروستكردنی هه‌ماهه‌نگی له‌نێوان كاروباره‌كانی چاودێری داریی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی فیدراڵی كراوه‌ته‌وه‌. 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×