ئا: بارام سوبحی
نوسه‌رێكی فه‌ڕه‌نسی جه‌خت له‌وه ده‌كاته‌وه له‌مه‌ودوا شیعه‌گه‌ری ده‌بێته یه‌كێك له‌كاراكته‌ره سه‌ره‌كییه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی نێودهوڵهتیو جیهان. هه‌روه‌ها رایده‌گه‌یه‌نێت ئایندهی خۆرهه‌ڵاتی نزیك تائاستێكی زۆر په‌یوه‌ندی هه‌یه به‌گۆڕانی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان عهلهوییهكانو به‌شه‌كه‌ی دیكه‌ش به‌دانیشتوانی سوریا خۆیه‌وه.
كتێبی جیۆپۆله‌تیكی شیعه له‌نوسینی ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پیرانی فه‌ره‌نساو مامۆستا له‌زانكۆی سۆربۆن فرانسوا تواله، به‌ختیار ئه‌حمه‌د ساڵح له‌دوتوێی (180) لاپه‌ڕه‌دا كتێبه‌كه‌ی له‌فارسیه‌وه كردوه به‌كوردی. كتێبه‌كه له‌دو به‌شی سه‌ره‌كی پێكدێت، به‌شی یه‌كه‌م باس له‌تایبه‌تمه‌ندی ئاینزای شیعه به‌ر له‌شۆڕشی ئیسلامی له‌ساڵی (1979)دا ده‌كات. له‌به‌شی دوه‌میشدا هه‌وڵده‌دات ئه‌و خاڵه بخاته‌ڕو شیعه‌گه‌ری هه‌ر له‌سه‌ره‌تای دروستبونیه‌وه تاكاتی ئێستا دیارده‌یه‌كی عه‌ره‌بی نه‌بوه، سه‌رباری بونی باڵی جیاجیای تایبه‌ت به‌عه‌ره‌به‌كان.
سهرههڵدانو دابهشبونهكانی شیعه
له‌سه‌ره‌تای كتێبه‌كه‌دا، نوسه‌ر به‌وردی باس له‌سه‌رهه‌ڵدانی ئاینزای شیعه‌و پاشان ئه‌و جیابونه‌وه‌و باڵه جیاوازانه ده‌كات كه سه‌ریانهه‌ڵداوه. له‌وباره‌یه‌وه ده‌نوسێت: ئاینزای شیعه هه‌ر له‌یه‌كه‌مین رۆژی پهیدابونییهوه به‌سه‌ر سێ گروپی نایه‌كساندا دابه‌ش بوه، كه هه‌ریه‌كه‌یان چاره‌نوسێكی جیاوازیان هه‌بوه. گروپی یه‌كه‌میان زه‌یدییه كه زیاتر له‌ناو یه‌مه‌نن.
گروپی دوه‌م شیعه‌ی حه‌وت ئیمامیه، كه به‌سه‌ر گروپگه‌لی جیاوازدا دابهشبونو زیاتر به‌ناوی ئیسماعیلیه‌كان ده‌ناسرێن. له‌ئێستادا ژماره‌ی ئیسماعیلییه‌كان به(15) ملیۆن كه‌س مه‌زه‌نده دهكرێتو كه‌سێك به‌ناوی (ئاغاخان) رابهرابهتیان ده‌كات. له‌ساڵی (1021) باڵی ده‌روز لهئیسماعلییهكان جیاده‌بێته‌وه. دواتر له‌سه‌ر جێنشینی (ئهلموستهنیر) دو باڵی دیكه به‌ناوه‌كانی موستهعلیو نزار له‌یه‌ك جیابونه‌وه. له‌گروپی نزارییهكانیش حه‌شاشه‌كان جیاده‌بنه‌وه، كه به‌رده‌وام كاری یاخیگهریو تاوانیان له‌دژی خه‌لیفه‌كانی عه‌باسی ئه‌نجامداوه‌و ته‌واوی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستیان هێناوه‌ته له‌رزه.
گروپی سێیه‌م شیعه‌ی دوانزه ئیمامین، كه لهئێرانو لوبنان‌و عێراقدا هه‌ن. دو گروپی دوانزه ئیمامی هه‌ن، یه‌كێكیان خاوه‌ن پیاوانێكی ئاینی رێكخراو پێكهاته‌یه‌كی هاوئاهه‌نگه وه‌ك ئێران، ئازه‌ربایجان، عێراق. گروپه‌كه‌ی دیكه‌ش هه‌ن كه پیاوانی ئاینی كه‌متر هه‌ژمونیان هه‌یه.
شیعه‌ی عهرهبیو ئێرانی
دوای خستنه‌ڕوی ئه‌و پێشه‌كییه مێژوییه، نوسه‌ر رایده‌گه‌یه‌نێت جیهانی شیعه جیهانێكی یه‌كپارچه نییه‌و ده‌ڵێت: نابێت نمونه‌ی ئێران توشی هه‌ڵه‌مان بكات. دواتر باس له‌جیاوازیی نێوان شیعه‌ی عهرهبیو ئێرانی دهكاتو ده‌ڵێت: شیعه‌گه‌ری له‌م دو جیهانه سیاسییه‌دا یه‌ك جۆر كارایی نییه. ئه‌و ئاینه‌ی كه له‌جیهانی عه‌ره‌به‌كاندا جیهانی به‌شمه‌ینه‌تان‌و ئاینی چاوه‌ڕوانیكردنی ده‌ركه‌وتنه. له‌جیهانی ئێرانی‌دا له‌سه‌رده‌می ئیمپراتۆریه‌ته‌وه تائێستا ئاینی فه‌رمی ده‌وڵه‌ت بوه.
سه‌باره‌ت به‌ڕۆڵی شیعه‌كانی جیهانی عه‌ره‌بی له‌قۆناغی ئێستادا، نوسه‌ر ده‌ڵێت: به‌ئاگاهاتنه‌وه‌ی ئه‌م چینه بێبه‌شه به‌هه‌وڵدانی تایبه‌تی له‌جیهانی عه‌ره‌بدا بۆ سه‌قامگیری ئه‌و رژێمانه‌ی كه له‌ده‌سه‌ڵاتدان، ده‌ره‌نجانی قورسی ده‌بێت. چونكه نزیكه‌ی (70%) ناوچه‌ی كه‌نداوی فارس كه سێ له‌سه‌ر چواری ئه‌نباری نه‌وتی جیهانی تێدایه، شیعه‌ن.
نوسه‌ر به‌پێویستی ده‌زانێت، نه‌ك ته‌نها كه‌سانی پسپۆڕ‌و چاودێرانی نێونه‌ته‌وه‌یی، به‌ڵكو رابه‌ره سیاسیه‌كانیش د‌رك به‌و راستیه بكه‌ن: جێگیربونی ئاشتی له‌رۆژهه‌ڵاتی ناوهڕاستو جیهان، له‌ڕاستیدا په‌یوه‌ندی به‌مامه‌ڵه‌ی دروسته‌وه هه‌یه له‌گه‌ڵ ئه‌و هێزه تازه‌یه‌ی كه پێی ده‌وترێت كۆمه‌ڵگای شیعه‌كان.
شیعه‌و ده‌سه‌ڵات
نوسه‌ر باس له‌وه‌ده‌كات له‌جیهانی ئیسلامی‌دا شیعه‌كان به‌رده‌وام له‌ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات نه‌بون، به‌ڵكو له‌سه‌ده‌ی یانزه‌هه‌می زاینی‌دا بۆ یه‌كه‌مجار شیعه‌كان ده‌سه‌ڵات ده‌گرنه‌ده‌ست. بۆ ماوه‌ی یه‌ك سه‌ده زنجیره یه‌كله‌دوای یه‌كه‌كانی شیعه له‌ناوچه جیاجیاكانی جیهاندا سوننه‌كان ده‌خه‌نه حاڵه‌تی به‌رگرییه‌وه. به‌جۆرێك فاتمییه‌كان كه شیعه‌ی ئیسماعیلین له‌میسر، بوهیهیهكان كه شیعه‌ی دوانزه ئیمامین له‌به‌شه‌كانی باشور‌و كه‌ناراوه‌كانی عێراق، قرمتیهكان كه هه‌ر ئیسماعیلین له‌ڕێگه‌ی حكومه‌تی به‌حره‌ینه‌وه ته‌واوی ناوچه‌ی كه‌نداوی فارسیان خسته ژێر كۆنترۆڵی خۆیانه‌وه.
نوسه‌ر ده‌ڵێت: ئه‌م زنجیرانه ئه‌و ئیسلامه‌یان بڵاوده‌كرده‌وه كه خۆیان ده‌یانویست، به‌ڵام خۆیان ده‌پاراست له‌وه‌ی كه به‌زۆر بۆچونه‌كانیان به‌سه‌ر گه‌لانی دیكه‌دا بسه‌پێنن.
شیعه ده‌بێته ئاینی فه‌رمی
ده‌رباره‌ی كردنی شیعه به‌ئاینی فه‌رمی ده‌وڵه‌ت، نوسه‌ر مێژوه‌كه‌ی ده‌گێڕێته‌وه بۆ سه‌رده‌می شا ئیسماعیلی سه‌فه‌وی كه له‌ساڵی (1501)، شیعه‌ی دوانزه ئیمامی كرد به‌ئاینی فه‌رمی دهوڵهتو پهیڕهولێكردنی كرد به‌كارێكی ناچاری.
یه‌كێك له‌سیماكانی ئێران به‌هێزی پیاوانی ئاینییه له‌كایه‌ی سیاسه‌تدا، نوسه‌ر مێژوی هاتنه ناوه‌وه‌ی پیاوانی ئاینی بۆ ناو كایه‌ی سیاسی بۆ كۆتایی سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌م ده‌گێڕێته‌وه، ئه‌وه‌ش له‌ده‌ره‌نجامی ململانێی نێوان هه‌ردو باڵی ئهخبارهكانو سوڵییهكان، كه به‌سه‌ركه‌وتنی باڵی دوه‌م كۆتایی دێت. نوسه‌ر ده‌ڵێت: ئه‌م سه‌ركه‌وتنه‌ش هۆكار بو بۆ گه‌یشتنی پیاوه ئاینیه‌كان به‌جۆرێك لهئۆتۆنۆمیو ئازادی‌و سه‌ربه‌خۆیی، له‌به‌رامبه‌ر حكومهتو دهوڵهتو كۆمه‌ڵگادا.
له‌سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌مدا زاناكان پله‌به‌ندییه‌كی تۆكمه داده‌مه‌زرێنن. له‌م قۆناغه به‌دواوه تیۆره‌ی زنجیره‌ی پلهبهندییهكان له‌سێ پله‌دا دروست ده‌بێت، كه بریتین له: حوجه‌ت ئه‌لئیسلام، ئایهتوڵاو ئایهتولعوزما. نوسه‌ر ده‌ڵێت: ئه‌مه‌ش هۆكار بو بۆ چه‌سپاندنی ده‌سه‌ڵاتی سه‌رچاوه ئاینییه‌كان به‌سه‌ر ته‌واوی خه‌ڵكیدا. لێره‌وه هه‌رچی داهاتو ده‌رامه‌تی ده‌وڵه‌ته یه‌كڕاست به‌ئاراسته‌ی پیاوه ئاینییه‌كان سه‌ره‌و ژێر ده‌بێته‌وه.
له‌ساڵی (1979) دا شۆڕشی خومه‌ینی سهردهكهوێتو بۆ یه‌كه‌مین جار پیاوانی شیعه توانییان له‌وڵاتێكدا ده‌سه‌ڵات بگرنه ده‌ست كه تیایدا شیعه زۆرینه بون، نوسه‌ر ئه‌و روداوه به"گرنگترین روداو له‌مێژوی شیعه‌دا"، ناوده‌بات. به‌ڵام دواتر ده‌ڵێت: ئه‌گه‌ر بۆ شیعه‌كانی دوانزه ئیمامی، شۆڕشی ئیسلامی ئێران وه‌ك جهمسهرێكو مه‌رجه‌عێك سه‌یر ده‌كرا، ئه‌م مه‌رجه‌عه ئێستا له‌لایه‌ن تێكڕای شیعه‌كانی جیهانه‌وه قابیلی قبوڵ نییه.
دیبلۆماسیه‌تی ئێران
له‌باره‌ی سیاسهتو دیبلۆماسیه‌تی ئێران له‌دوای سه‌ركه‌وتنی شۆڕشه‌كه‌ی ساڵی (1979)، نوسه‌ر ده‌ڵێت: ئێران لهدیبلۆماسیهتی خۆیدا زیاتر پشت به‌و گروپه شیعانه ده‌به‌ستێت كه له‌ڕوی نه‌ته‌وه‌وه ئێرانی نین، وه‌كو هه‌زاره‌كانی ئهفغانستانو شیعه‌كانی باشوری لوبنان‌و ئازه‌رییه‌كان، تا ئه‌و نه‌ته‌وه ئێرانییانه‌ی كه ئێرانی ره‌سه‌نن وه‌ك كورده‌كان‌و تاجیكه‌كان. به‌ڵام ئێران ناتوانێت سود له‌پشتیوانی ته‌واوی كه‌مینه شیعه‌كانی جیهان وه‌ربگرێت، له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌میشه پێكهاته‌یه‌كی گرێدراوی ئێران نه‌بون.
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: له‌ڕوی جوگرافیای ئاینییه‌وه، زیاترین هه‌ژمونی ئێران له‌جیهانی شیعه‌دا به‌سه‌ر ئه‌و ناوچانه‌وه‌یه كه په‌یڕه‌وی شیعه‌ی دوانزه ئیمامین، ده‌توانرێت بوترێت كه ئێران هیچ هه‌ژمونێكی به‌سه‌ر ئیسماعیلییهكانهوه نییه.
شیعه‌ی ئازهریو توركی
له‌به‌شێكی دیكه‌ی كتێبه‌كه‌دا، نوسه‌ر باس له‌دابه‌شبونی جوگرافی شیعه‌كان‌و رۆڵیان له‌مێژوی ئه‌و وڵاتانه‌دا ده‌كات. یه‌كه‌م وڵات باس له‌ئازه‌ربایجان دهكاتو ده‌ڵێت: ئازه‌ربایجان ئه‌وه‌نده لایه‌نگری ئاینزای شیعه‌ی هه‌یه كه ناتوانێت لایه‌نگری توركیا بێت، له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه به‌ئه‌ندازه‌ی پێویست شیعه‌گه‌را نییه كه بتوانێت په‌یڕه‌وی له‌ئێران بكات. به‌ڵام ئه‌م ئاینه له‌ئازه‌ربایجان ئه‌وه‌نده به‌هێزه كه رێگری بكات له‌وه‌ی جارێكی‌تر ئازه‌ربایجان بگه‌ڕێته‌وه بۆ باوه‌شی روسیای نوێ.
له‌ناو توركیادا دو گروپی شیعه هه‌ن، بهكتاشیهكانو عه‌له‌وییه‌كان، عه‌له‌وییه‌كان یه‌ك له‌سه‌ر چواری دانیشتوانی توركیا پێكده‌هێنن، نوسه‌ر ده‌ڵێت: حه‌زی زۆریان بۆ زمانی توركی عه‌له‌وییه‌كانی كرده نه‌ته‌وه‌په‌رست، نه‌ته‌وه‌په‌رستێكی چه‌پڕه‌و و به‌گومان له‌هێزه بێگانه‌كان.. ئه‌وان زۆر دورن له‌شیعه‌ی باو و فه‌رمییه‌وه، ئه‌مه‌ش دیارترین شێوه‌ی چه‌پگه‌رایی شیعه‌یه له‌جیهانی ئه‌مڕۆماندا.
شیعه‌كانی كه‌نداو
ده‌رباره‌ی شیعه‌كانی كه‌نداو، نوسه‌ر ده‌ڵێت: شیعه عه‌ره‌به‌كانی كه‌نداو واته له‌سنوره‌كانی عێراقه‌وه تاسنورهكانی عوممان، له‌یه‌ك كاتدا چه‌ند كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌یان دروستكردوه... ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر خواسته‌كانی عه‌ره‌به شیعه‌كانی كه‌نداو له‌كه‌یسی ئێران جیابكرێته‌وه، هێشتا هه‌ر هۆكارێكی كاریگه‌رن بۆ له‌به‌ر یهكههڵوهشاندنهوهی ئه‌و كۆمه‌ڵگه نوێ‌و بێجوڵهو ئیفلیجانه، كه هه‌ڵقوڵینی نه‌وت له‌ماوه‌ی چه‌ند ساڵه‌دا فڕێی داونه‌ته ناو سه‌رده‌می نوێوه.
سه‌باره‌ت به‌ئاینده‌ی شیعه‌كانی یه‌مه‌نیش، ده‌ڵێت: كۆمه‌ڵگه‌ی شیعه گۆشه‌گیره‌كان له‌یه‌مه‌ن، له‌ڕوی جیۆپۆله‌تیكییه‌وه له‌گۆڕانه‌كانی ئایندهی ئه‌م ناوچه‌یه‌دا رۆڵێكی سه‌ره‌كیان ده‌بێت.
عه‌له‌وییه‌كانی سوریا
كاتێك نوسه‌ر باس لهشیعهكانی سوریا "عه‌له‌وییه‌كان" ده‌كات، كه ماوه‌ی چوار ده‌یه زیاتره ده‌سه‌ڵاتی سوریایان به‌ده‌سته‌وه‌یه، ده‌ڵێت: له‌ئه‌گه‌ری مانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات له‌ده‌ستی عه‌له‌وییه‌كان چه‌ند سیناریۆیه‌ك هه‌ن، یه‌كێكیان دابه‌شبونی سوریایه‌و دروستبونی یه‌ك ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی عه‌له‌وییه كه ره‌نگه سنوره‌كانی تا ده‌ریای ناوه‌ڕاست فراوان بكات‌و ناوچه‌ی عه‌له‌وی نشینی تهرابلوسیشی بخاته‌سه‌ر... ئایندهی خۆرهه‌ڵاتی نزیك تا ئاستێكی زۆر په‌یوه‌ندی هه‌یه به‌گۆڕانی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان عهلهوییهكانو به‌شه‌كه‌ی دیكه‌ش به‌دانیشتوانی سوریا خۆیه‌وه.
ئایندهی شیعه به‌ره‌و كوێ؟
له‌كۆتایی كتێبه‌كه‌دا، نوسه‌ر ده‌ڵێت: شیعه‌گه‌ری هه‌روه‌ك چۆن له‌سه‌ره‌تای دروستبونیه‌وه گۆڕانی به‌سه‌رداهات، له‌ناواخنیشدا گۆڕانی به‌سه‌ردا دێت، به‌ڵام له‌به‌ر یه‌ك هه‌ڵناوه‌شێت. شیعه‌كان به‌ئاراسته‌ی سه‌لماندنی جیاوازی خۆیان له‌گه‌ڵ سوننه‌كاندا جه‌ختی زیاتر ده‌كه‌نه‌وه. سوننه‌كانیش لهجڵهوكردنی شیعه‌كاندا رۆژ له‌دوای رۆژ دوچاری كێشه‌ی زیاتر ده‌بنه‌وه. به‌هه‌رحاڵ شیعه‌گه‌ری چ لهتوركیاو چ له‌ئێران، چ لهكهنداوی فارس‌و ته‌نانه‌ت چ لههیندستانو پاكستان، له‌مه‌ودوا ئیدی ده‌بێته یه‌كێك له‌كاراكته‌ره سه‌ره‌كییه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی نێودهوڵهتیو جیهان.