بایدن و سودانی پلانی ئابوریی حكومەتی عێراق تاوتوێ دەكەن
  2023-02-03       558       

جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمریكا و محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا چەند پرسێك لەوانە، پلانی ئابوریی حكومەتی عێراق تاوتوێ دەكەن.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی كۆشكی سپی، بایدن و سودانی پەیوەندییەكی تەلەفۆنییان ئەنجامداوەو لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا شا عەبدوڵای دوەم، شای ئوردن بەشداریی كردوە كە بەسەردانێك لە واشنتۆنەو لە كاتی پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا لە كۆشكی سپی بوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، سەرۆكی ئەمریكا لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا جەختی لە پابەندیی واشنتۆن بە رێككەوتننامەی ستراتیژی نێوان هەردو وڵات كردۆتەوە.

هەربەپێی راگەیەندراوەكە، بایدن جەختی لە پابەندیی وڵاتەكەی بەرامبەر بەعێراق و راوێژ لەگەڵی لەبارەی پەرەسەندنەكانی ناوچەكە كردۆتەوەو ستایسی هەوڵەكانی سودانی كردوە بۆ بەهێزكردنی سەروەری و سەربەخۆیی عێراق.

لە بەشێكی دیكەی راگەیەندراوەكەی كۆشكی سپیدا، ئاماژە بەوەدراوە كە لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا، بایدن و سودانی گفتوگۆیان لەبارەی كارنامەی ئابوریی سەرۆك وەزیرانی عێراق و هەروەها پلانەكانی بۆ گەرەنتیكردنی ئەوەی كە ئابوریی عێراق خزمەتی گەلی عێراق بكات، تاتوێ كردوە، كە بەپێی راگەیەندراوەكە، ئەمریكا ئامادەیە بەتەواوەتی پشتیوانی لەو پلانانە بكات.

وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، بایدن پێشوازی لە سەردانە چاوەڕوانكردنەوەكەی وەفدی حكومەتی عێراق بەسەرۆكایەتی فواد حسێن، وەزیری دەرەوە بۆ واشنتۆن كردوە كە بڕیارە لە هەفتەی ئایندەدا ئەنجام بدرێت.

لە بەشێكی دیكەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا بایدن و سودانی دوپاتی پابەندبونی وڵاتەكانیان كردۆتەوە بۆ دەستەبەركردنی سەرهەڵنەدانەوەی هەڕەشەكانی داعش.

لە راگەیەندراوەكەدا ئەوەش هاتوە كە بایدن سەردانی شا عەبدوڵای دوەمی بۆ واشنتۆن قۆستەوە بۆ ئەوەی بانگهێشتی بكات بۆ بەشداریكردن لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەی لەگەڵ سودانی و لە پەیوەندییەكەدا شای ئوردن پشتیوانی وڵاتەكەی بۆ عێراق دوپاتكردەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×