جەمال كۆچەر لەبارەی ناجێگیری نرخی دۆلار: "هەنگاوەکانى حکومەتی عێراق جێى دڵخۆشى نین"
  2023-02-16       643       

جەمال كۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق پێی وایە، هەنگاوەكانی حكومەتی عێراق لەبارەی ناجێگیری نرخی دۆلار، "جێی دڵخۆشی نین." دەشڵێت، تا ئێستاش ئەو دۆلارەی دەخرێتە بازاڕەکان دەچێتە دەستى گەندەڵەكان و ئەو کەسانەى کە پارە بە قاچاغ دەبەن. جەختیش دەكاتەوە كە عێراق تێگەیشتوە جگە لە پابەندى بە بڕیارەکانى ئەمەریکا هیچ چارەیەکى دیکەى نییە.

ئاوێنە: جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەى دارایی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لەبارەی هۆكاری ناجێگیری نرخی دۆلاری و دۆخی ئابوری عێراقەوە، بە میدیای رەسمی گۆڕانی راگەیاند: "چەند هۆکارێکى سەرەکى هەن کە سەربارى هەمو هەوڵەکان وایانکردوە تا ئێستا بەهاى دۆلار لە عێراق ناجێگیربێت، ئەوانیش ئەو جیاوازییەیە کە لەنێوان خواست و خستنەڕو هەیە لە وڵاتەکە لەگەڵیشیدا گەندەڵى هۆکارێکى دیکەیە."

وتیشی: "خواستى عێراق بۆ خستنەبازاڕى دراو لەلایەن بانکى ناوەندیییەوە رۆژانە 200 بۆ 250 ملیۆن دۆلارە، لەگەڵ ئەوەشدا گەندەڵى نەوەستاوەو پارەسپیکردنەوە نەوەستاوە، هەر ئەمەش وایکردوە رۆژانە 250 ملیۆن دۆلار نەچێتە بازاڕەکان لەگەڵ ئەوەشدا ئەو پارەیەی دەخرێتە بازاڕەکان ناچێتە دەستى بازرگانە راستەقینەکان و دەچێتە دەستى گەندەڵ و ئەو کەسانەى کە پارە بە قاچاغ دەبەن."

ئەو هەنگاوەکانى حکومەتیشی بۆ چارەسەر بە لاواز ناوبردو وتی"تا ئێستا هەنگاوەکانى حکومەت جێگەى دڵخۆشى نین، بۆ نمونە هەنگاوەکانى فرۆشتنى دۆلار لە فڕۆکەخانەکان بە هەرزانتر لاوازە، چونکە قەرەباڵغییەکى زۆر دروست دەبێت و هەمو گەشتیاران ناتوانن سودمەند ببن."

جەمال كۆچەر، هۆکارێکى دیکەی ئەو دۆخەش بۆ ناڕێکى دۆخى سیاسى گەڕاندەوەو وتی"ئێستا گۆڕەپانى سیاسى لە عێراق بوەتە دو بەرە، بەرەیەک لە عێراق هەنگاوەکانى زۆر لاوازەو لە بەرامبەردا بەرەیەکى دیکە هەیە کە نایەوێت هەنگاوەکان بۆ چارەسەر سەربگرن."

جەمال کۆچەر باسیشى لەو هەنگاوانە کرد کە پێویستن تا ئەم جیاوازییە لەنێوان بەهاى دۆلار نەمێنێت یان کەم ببێتەوەو وتی، بۆ ئەوەى ئەم جیاوازییە لەنێوان بەهاى دۆلار لەنێوان بازاڕو بانکەکان نەمێنێت، دەبێت حکومەتى عێراق هەوڵبدات خواست و خستنەڕو هاوتا بکاتەوە، جەختیشی كردەوە، تا ئەم دوانە هاوتا نەبنەوە کێشەکە چارەسەر نابێت.

وتیشی، حکومەت ناتوانێت خواست و خستنەڕو هاوتا بکاتەوە تا پابەندى ئەو رێکارانە نەبێت کە ئەمەریکا بۆى داناوە. لەگەڵ ئەوەش ئاماژەی بەوەدا كە "پەسەندکردنى پڕۆژەیاساى بودجەى 2023 دەتوانێت هاوکار بێت لەڕێگەى پارەدارکردنى کەرتە تایبەت و گشتییەکان و بوژاندنەوەى بازاڕەوە."

ئەو پەرلەمانتارە بە پێویستیشى دەزانێت کە حکومەت سزاى ئەو کەسانە بدات کە پارە لە عێراقەوە بە قاچاغ دەبەنە دەرەوە تا رێگری لە دوبارەبونەوەى ئەو حاڵەتە بکات، جەختیشی كردەوە، تا ئەو هەنگاوانە جێبەجێ نەکرێن دۆخەکە ئاسایی نابێتەوە.

جەمال كۆچەر باسیشى لەو جیاوازییە کرد کە لە خستنەڕوى دۆلار لەلایەن بانکى ناوەندیییەوە هەیە، لە رۆژێک بۆ رۆژێکى دیکە وتى: هەر فاتورەیەک کە دەگاتە بانکى ناوەندیی عێراق، دەنێردرێت بۆ بانکى فیدراڵى ئەمەریکى، زۆربونى ئەم فاتورانە وادەکات خستنەڕوى دۆلار لەلایەن بانکەکەوە رۆژێک زۆربێت و رۆژێک کەم بێت، تەنها هۆکار ئەوەیە، چونکە بانکى ناوەندى عێراق ئەو ئازادییەى نییە کە رۆژانە چەندى بوێت ئەوەندە بخاتە بازاڕەکانەوە.

لەبارەى ئەوەى ئایا چەندى دەوێت تا دۆخى عێراق ئاسایی ببێتەوە، جەمال کۆچەر وتی: پڕۆسەى ئاساییبونەوەى بەهاى دۆلار لانیکەم ماوەى دو مانگى دەوێت، تا ئەوکاتەى هەمو بازرگانەکان دەگەنە ئەو بڕوایەى کە هیچ رێگەچارەیەکیان نییە جگە لەوەى کە مامەڵە بە سیستمى سویفت بکەن، حکومەتیش دەبێت نەهڵێڵێت لە خاڵە سنورییەکانەوە هیچ شتێک داخڵى وڵاتەکە ببێت تا ئەوکاتەى دڵنیا دەبێتەوە کە کار بە سیستمى سویفت دەکرێت، چونکە ئەمەریکا عێراقى ناچار کردوە کە پابەند ببێت بەم سیستمەوە.

لەبارەی کۆبونەوەکانى نێوان وەزارەتى گەنجینەى ئەمەریکا و شاندى عێراق وتى: ئەمەریکا لە کۆبونەوەکەدا بەهەمو شێوەیەک مامەڵەى دراوى عێراق و ئێرانى رەتکردوەتەوەو هیچ رێگایەکى بۆ مامەڵەکانى ئەو دو وڵاتە نەهێشتوەتەوەو عێراقیش جگە لە پابەندى هیچ رێگەچارەیەکى بۆ نەماوەتەوە. ئەوەشی خستەڕو"بڕیارى کۆتایی ئەوەیە کە عێراق پابەندى سێ خاڵ بێت ئەوانیش ئەوەیە کە نابێت عێراق بەشێوەى نایاسایی پارە حەواڵە بکات و دەبێت مامەڵەکان لە دەستێکى دیارەوە بۆ دەستێکى دیار بێت و کۆتایی بە بەقاچاغبردنى دۆلار بهێنرێت و عێراقیش مامەڵەکانى لەگەڵ ئێران و سوریاو لوبنان و یەمەن و روسیا رابگرێت."

بەپێی قسەی ئەو پەرلەمانتارە "عێراق تێگەیشتوە لەوەى چارەیەکى دیکەى نییە جگە لەوەى پابەندى بڕیارەکانى ئەمەریکا ببێت، چونکە دەزانێت پێچەوانە هەڵسوکەوت بکات ئەمەریکا پارەى پێویستى ناداتێ، چونکە رازى نییە پارە بدات بە وڵاتێک سور بزانێت ئەو پارەیە دەچێتە گیرفانى دوژمنەکەیەوەو رەنگە لە کۆتاییشدا بخرێتە لیستى رەشى ئەمەریکاوەو دۆخەکەى لەوەى هەیە خراپتر ببێت."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×