ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان تارانو ڕیاز بەسەرپەرشتی حکومەتی چین دەسەڵاتدارانی ئیسرائیلیان بەتەواوەتیی نیگەرانکردوەو بەرپرسانی ئەمریکاش بەگومانەوە لەو هەنگاوە دەڕوانن، بەوپێیەی پێیانوایە، تاران لەپابەندبون بەڕێککەوتنەکان مێژویەکی خراپی هەیە.
ئاوێنە: لەو چوارچێوەیەدا یایر لاپید ڕێبەری ئۆپۆزسیۆنی ئیسرائیل، گەڕاندنەوەی پەیوەندییە دیبلۆماسییەکانی نێوان سعودیەو ئێرانی بە"شکستێکی کارەساتبارو مەترسیدار لەسیاسەتی دەرەوەی حکومەتی ئیسرائیل" وەسفکرد کە لەئێستادا بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆکایەتی دەکات.
هەروەک، بەگوێرهى ڕاپۆرتێکی کەناڵی جەزیرەی قەتەری، نەفتالی بینێت، سەرۆک وەزیرانی پێشوی ئیسرائیل ڕایگەیاندوە، "ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان سعودیەو ئێران پێشهاتێکی مەترسیدارە بۆ ئیسرائیلو سەرکەوتنێکی سیاسییە بۆ ئێران".
بینێت پێیوایە، ئاساییکردنەوەی پەیوەندییە دیبلۆماسییەکانی ئێرانو سعودییە لێدانێکی کوشندەیە بۆ هەوڵەکانی دروستکردنی هاوپەیمانێتییەکی ناوچەیی دژ بەئێرانو شکستێکی گەورەی حکومەتەکەی بنیامین ناتانیاهۆیە کە تێکەڵەیەکە لەکەمتەرخەمیی سیاسییو لاوازی گشتییو ململانێی ناوخۆیی.
هەروەک، یولی ئیدلشتاین سەرۆکی لیژنەی کاروباری دەرەکیی لەکنێستی ئیسرائیل باسی لەوەکردوە، ئاسایبونەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئێرانو ئیسرائیل کارێکی زۆر خراپە بۆ ئیسرائیلو جیهان بەگشتیی.
لەبەرامبەردا، بێنی گانتز وەزیری بەرگریی پێشوی ئیسرائیل ڕێککەوتنەکەی بەپێشهاتێکی نیگەرانکەر وەسفکردوەو ئاماژەی بەوەداوه، ئەو تەحەدایە ئەمنییە سەختانەی کە ئیسرائیل دەبێت مامەڵەیان لەگەڵدا بکات، لەزیادبوندان.