محەمەد حاجی مەحمود: ماوەیەكی تر پەلاماری بیرە نەوتەكان دەدەن، دەبێ كورد خۆی بۆ بەرگری ئامادەبكا
  2023-06-13       476       

محەمەد حاجی مەحمود، سەرۆكی پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان پێی وایە، لە یاسای بودجەی عێراقدا كورد "خنكێنراوە" دەشڵێت، ئەوان بەوەوە ناوەستن ماوەیەكی دیكە پەلاماری بیرە نەوتەكانی سنوری كەركوك و موسڵ دەدەن و دەبێت كورد خۆی بۆ بەرگری ئامادەبكات.

ئاوێنە: محەمەد حاجی مەحمود، ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە، لەدوای بەشداریكردنی لە چلەی ماتەمینی "حەیدر شێخ علی" لە شاری هەولێر، لە لێدوانێكدا لەبارەی روداوەكانی نێو پەرلەمانی عێراق و پەسەندكردنی بودجە وتی"ئەوەی لە بەغدا رویدا لە قاڵبدانی كورد بو، شۆڤێنیەتی عەرەبی نیەتی خۆیان ئاشكراكرد بەرامبەر بە كوردو دۆسیەی كورد، من پێموایە ئەوەی لە بەغدا گوزەرا، نیەت لێی لەناوبردنی هەرێمی كوردستان و نەهێشتنی كورد بو."

سەرۆكی پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان وتیشی"بەشێكی زۆری ئەو كێشانە بۆ كورد خۆی دەگەڕێتەوە، چونكە كورد بەردەوام لە شەڕدا بردویەتییەوە بەڵام لەسەر مێزی گفتوگۆ دۆڕاندویەتی وەكو ئەوەی لە پەرلەمان دۆڕاندی."

هەروەها ئەوەشی خستۆتەڕو"ناكۆكی نێوان كورد وایكرد ئەوانیش لە بەغدا یاری بە عەقڵی كورد بكەن."

لەبارەی بڕیارەكانی دادگای فیدراڵیش وتی"من ئەو دادگایە بە دادگای فیدراڵی نازانم، بەڵكو دادگایەكی عەرەبی شۆڤێنی عیراقییە."

محەمەد حاجی مەحمود لەبارەی ئەوەی كورد دەبێت لەدوای ئەو روداوانە چی بكات؟ وتی"من پێموایە دەبێ كورد خۆی كۆبكاتەوە، چونكە (بەغدا) بەوەوە ناوەستێت، ماوەیەكی تر بە بڕوای من پەلاماری بیرە نەوتەكانی سنوری كەركوك و موسڵیش دەدەن و دەبێت كورد خۆی ئامادەبكات بۆ بەرگری."

وتیشی"لە بودجەدا كوردییان خنكاندوە، بۆیە كورد دەبێ ئاگای لەخۆی بێت."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×