شارەوانیی سلێمانی ڕایگەیاند، بەهۆی بەردەوامبونی كار لە یەکتربڕی ژمارە 11ی شەقامی 100 مەتری، ڕێگەی سلێمانی بەرەو كەركوك لە ناوچەی تاسڵوجە بۆ ماوەیەك دادەخرێت. شۆفێران دەبێت ڕێگەی جێگرەوە بەكار بهێنن بۆ پاراستنی سەلامەتییان و ئاسانكاریی هاتوچۆ.
ئاوێنە: بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێكی سەرۆكایەتیی شارەوانیی سلێمانی، بەهۆی ئەنجامدانی كارەكان لە یەکتربڕی ژمارە 11ی شەقامی 100 مەتری كە دەكەوێتە ناوچەی تاسڵوجە، شەقامی سەرەكیی ڕۆیشتن لە ئاراستەی سلێمانییەوە بەرەو كەركوك بەربەست دەكرێت.
ئەم پڕۆسەیە بە هاوكاری لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی سلێمانی ئەنجام دەدرێت و لە دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ دوشەممەوە دەستپێدەكات. ئامانج لەم داخستنە كاتییە، ڕەخساندنی ژینگەیەكی گونجاوە بۆ تیمەكانی ئەندازیاری تاوەكو كارەكانی ئەو یەکتربڕە تەواو بكەن.
شارەوانیی سلێمانی داوا لە شۆفێران دەكات كە بەپێی ئەو نەخشە و هێمایانەی لە شەقامەكەدا دانراون، ڕێگە جێگرەوەكان بەكار بهێنن تاوەكو كارەكانی پڕۆژەكە بە كۆتا دێت و دەشڵێت، "بۆ پاراستنی سەلامەتیی هاوڵاتیان و شۆفێران، داواكارین هاوكاریی تیمەكانمان بكەن".
پڕۆژەی شەقامی 100 مەتریی سلێمانی كە بە "شاڕێی بابان" ناسراوە، یەكێكە لە گەورەترین پڕۆژە خزمەتگوزارییەكانی هەرێمی كوردستان كە ئامانج لێی كەمكردنەوەی قەرەباڵغیی ناو شار و بەستنەوەی دەروازەكانە بە یەكترییەوە.