دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق تا کۆتایی مانگی ئەیلول مۆڵهت دەداتە بەکارهێنەرانی سیمكارتی کۆڕەک تیلیكۆم بۆ پاراستنی هەژمارە دیجیتاڵییەکانیان بەر لە کوژاندنەوەی بهدالهكانی کۆمپانیاکه.
ئاوێنه: دهستهی راگەیاندن و گهیاندنی عێراقا، ئهمشهو یهكشهممه، له راگهیهندراوێكدا داوا له بەکارهێنەرانی سیمکارتی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم دهكات، ئەوانەی ژمارەکانیان بۆ سهلماندنی هەژمارەکان یان وەرگرتنی کۆدی پشتڕاستکردنەوەو چونەژورەوەی خزمەتگوزاری و پلاتفۆڕمە دیجیتاڵییەکان بەکاردێنن، ئهو رێکارە خۆپارێزییانه تەواو بکەن کە پێشتر دەستەکە ڕایگەیاندبون، ئەوەش لە ماوەیەکدا کە له کۆتایی ئەم مانگە (ئەیلول) تێنەپەڕێت.
دەستەکە جەختیشی كردۆتهوه کە دوای تەواوبونی مۆڵەتە دیاریکراوەکە، ڕاستەوخۆ دەستدەکات بە کوژاندنەوەی بهدالهكانی کۆمپانیاکەی کۆڕەک تیلیکۆم لە بەغدای پایتەخت و پاشان له پارێزگاکانی تری عێراق، لە چوارچێوەی ئهو ڕێکارانهی كه بەرامبەر کۆمپانیاکە گیراونەتەبەر، کە ئەمەش دەبێتە هۆی وەستانی خزمەتگوزارییە پەیوەندیدارەکان بەم بهدالانهوه.
ههروهها دهستهكه دەستەکە داواشی لە بەکارهێنەرانی کۆڕەک كردوه کە ئەم ماوەیەی تا کۆتایی مانگ ماوەتەوە بقۆزنەوە بۆ زیادکردنی ژمارەیەکی سەر بە کۆمپانیا مۆڵەتدارەکانی تری مۆبایل بۆ سەر هەژمارە دیجیتاڵییەکانیان لهو بەرنامەو پلاتفۆڕمانەی کە ڕێگە دەدەن زیاتر لە ژمارەیەک بنوسرێت و بیکەنە ژمارەی بنەڕەتی بۆ وەرگرتنی کۆدی سەلماندن و کورتەپەیامی چونەژورەوە و گەڕاندنەوەی هەژمارەکان.
وتوشیهتی، سەبارەت بەو بەرنامە و پلاتفۆڕمانەشی کە ڕێگە نادەن زیاتر لە ژمارەیەک بنوسرێت، دەستەکە داوا لە بەکارهێنەران دەکات ژمارەی پەسەندکراوی بەکارهاتو بۆ پشتڕاستکردنەوە و گەڕاندنەوەی هەژمارەکان نوێ بکەنەوە و ژمارەیەکی سەر بە یەکێک لە دو کۆمپانیا مۆڵەتدارەکەی تر (ئاسیاسێڵ یان زێن عێراق) بەکاربهێنن، لەلهگهڵ هێشتنەوەی ژمارەی کۆڕەک و دەستبەردارنەبونی تا ئەو شوێنەی بلوێت.
هەروەها دەستەکە جەختی لەسەر گرنگیی کاراکردنی ڕێگەکانی تری پشتڕاستکردنەوە و گەڕاندنەوەی هەژمارەکان كردۆتهوه کە پلاتفۆڕمە دیجیتاڵییەکان دابینی دەکەن، لەوانە ئیمەیڵ و بەرنامەکانی پشتڕاستکردنەوە و ڕێگە بەردەستەکانی تر و دڵنیابونەوە لە کارکردنی کردارییان بەر لە بەسەرچونی وادەکە.
هەروەها دوپاتیشی كردۆتهوه كه ئەم مۆڵهتی تا کۆتایی مانگی ئەیلولی ئەمساڵ دراوه دەرفەتێکە بۆ بەکارهێنەران تا ڕێکاری پێویست بگرنەبەر بۆ کۆنتڕۆڵکردن و گەیشتن بە هەژمارە دیجیتاڵییەکانیان بەر لە دەستپێکردنی کوژاندنەوەی بهدالهكان و داواشی كردوه بە زویی دەست بە نوێکردنەوەی ئامرازەکانی پشتڕاستکردنەوە بکەن و نەیخەنە ڕۆژانی کۆتایی مۆڵهتهكهوه.
دەستەی ڕاگەیاندن و گهیاندنی عێراق ئاماژەی بەوەش داوه کە ئەم ڕێکارانە بە مانای داواكردن له بهكارهێنهران نییە بۆ لهناوبردنی سیمکارتی کۆڕەک یان دەستبەرداربونی ژمارە ئەسڵییەکانیان، بەڵکو ئامانج لێی بەخشینی کاتی پێویستە بە بەکارهێنەران بۆ پاراستنی هەژمار و خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییەکانیان، لەگەڵ بەردەوامیی ڕێکارە یاسایی و ڕێکخستنکارییەکانی تایبەت بە کۆمپانیاکە و سامانە دیجیتاڵییەکانی، بە شێوازێک کە مافی دەوڵەت و بەکارهێنەران بەپێی یاسا بەرکارەکان بپارێزێت.