وەزیری دەرەوەی ئێران، عەباس عێراقچی، ئەجێندای کۆبوونەوەی بڕیاردراوی سبەینێ (دووشەممە)ی لە وڵاتی عومان ڕاگەیاند، کە تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکە تایبەت دەبێت بە تاوتوێکردنی گۆڕانکارییەکانی بواری ئاسایشی دەریایی و دۆسیەی گەرووی هورمز.
ئاوێنە: بەپێی زانیارییە بڵاوکراوەکانی میدیاکانی ئێران، ئامانجی سەرەکیی ئەم کۆبوونەوەیە بریتییە لە پێدانی ڕوونکردنەوەی پێویست و خستنەڕووی زانیاری بۆ نوێنەرانی عێراق و وڵاتانی کەنداوی عەرەبی. ئەم هەنگاوەش تایبەتە بە ناساندنی ئەو ڕێڕەوە دەریاییە نوێیەی کە لە چوارچێوەی ئاوەکانی گەرووی هورمزدا لەلایەن ئێرانەوە دیاری کراوە.
لە پاڵ ئەمەشدا، حکومەتی ئێران هەڵوێستی خۆی سەبارەت بە هاتوچۆی دەریایی لە ناوچەکەدا ڕوون کردووەتەوە و جەخت لەوە دەکاتەوە کە دووبارە کرانەوەی تەواوەتی و ئاساییکردنەوەی دۆخی هاتوچۆ لە گەرووی هورمز، مەرجدارە. بەپێی لێدوانەکان، تاران ئەم هەنگاوە دەبەستێتەوە بە گەڕانەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ جێبەجێکردنی ئەو ئەرک و پابەندبوونانەی کە لە چوارچێوەی "یاداشتی ئیسلامئاباد"دا ئاماژەیان پێکراوە.
ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدان کە ناوچەی کەنداو بە دۆخێکی هەستیاری گرژییە هەرێمییەکاندا تێدەپەڕێت و پرسی ئاسایشی دەریایی بووەتە خاڵی جێگەی سەرنج و گرنگیپێدانی سەرەکیی وڵاتانی دراوسێ. لەم سۆنگەیەوە، چاوەڕوان دەکرێت کۆبوونەوەکەی عومان وەک دەرفەت و پردێکی پەیوەندی سەیر بکرێت بۆ کەمکردنەوەی ئەو نیگەرانییانەی لای حکومەتی بەغداد و وڵاتانی کەنداو دروستبوون، بەتایبەتی لە پەیوەندی بە داهاتووی ئاراستە نوێیەکانی گواستنەوەی نەوت و جموجووڵی بازرگانی لەو ناوچە ستراتیژییەدا.