ساڵڕۆژی دابەشکردنی کۆریا، چۆن لەکۆریای باکور هەڵدێیت؟
  2023-07-18       895       

دانا حەمەعەزیز

 

٦٩ ساڵ بەر لە ئەمڕۆ، نیمچە دورگەی کۆریا دابەش کرا.

 

کۆتای مانگی شەش ی ١٩٥٠، یەکێتی سۆڤێت بەبەکارهێنانی کیم ئێڵ سۆنگ ی باپیری دکتاتۆرە خرپنەکەی ئێستای کۆریای باکور(کیم جۆنگ ئون)، زۆربەی نیمچە دورگەی کۆریای داگیرکرد، بەڵام لە ژێر چەتری نەتەوە یەکگرتوەکاندا، دوای سێ ساڵ جەنگی خوێناوی (١٩٥٠-١٩٥٣)، ئەمریکا بەشی باشوری کۆریای لەدەستی یەکێتی سۆڤێت و کۆمۆنیستەکان دەرهێنا.

لە هاوینی ١٩٥٣دا، جەنگ بەدابەشکردنی نیمچە دورگەی کۆریا کۆتایی هات، لە ٢٧ ی تەموزی هەمان ساڵ، هێڵی پانیی ٣٨ ی باکور کرا بە سنوور لە نێوان کۆریای باشوری سەر بە ئەمریکا و کۆریای باکوری کۆمۆنیستی سەر بە مۆسکۆ.

جیاوزی لەنێوان ئەم دوو بەشەی کۆریادا لە هەموو ڕویەکەوە، هێندە گەورەیە، بە هیچ پێوەرێك بەروارد ناکرێت.

کۆریای باشور، ڕووبەرەکەی ١٠٠ هەزار کیلۆمەترە(دوو ئەوەندەی هەرێمی کوردوستان)، دانیشتوانەکەی ٥٢ ملیۆنە، خاوەنی سیستەمێکی ڕون و کراوەی دیمۆکراسی یە، ئابوریەکی گەورەی هەیە کە لەسەر پیشەسازی قورس و پاك دامەزراوە. یەکێکە لە وڵاتە هەرە پێشکەوتوەکانی دنیا و دەیەم گەورەترین ئابوری جیهانە کە کۆی بەرهەمی ناوخۆی لە ئێستادا نزیکەی ١٧٠٠ ملیار دۆلارە لە ساڵێکدا، داهاتی مانگانەی هاوڵاتی یەکی کۆریای باشور نزیکەی سێ هەزار دۆلارە. کۆریای باشورلە ناوچەی گەشتی ئازاد دایە، هاوڵاتیانی بەبێ ڤیزە سەردانی ئەوروپا و ئەمریکا و ژاپۆن و ئوسترالیا و سینگاپور و تایوان دەکەن.

بەپێی دەستوری کۆریای باشور، هەموو هاوڵاتیانی کۆریای باکوریش هەڵگری ڕەگەزنامەی کۆریای باشورن و لە هەموو مافێکدا یەکسانن. هاوڵاتیانی کۆریای باکور بە گەیشتنیان بە هەر وڵاتێكی ئازاد یان هەرکونسڵخانەیەکی کۆریای باشور لە هەر شوێنێکی دنیا، یەکسەر دەگوازرێنەوە بۆ کۆریای باشور و خولی ڕاهێنانەوە و ئاسایکردنەوەی ژیانیان بۆ دەکرێتەوە.

کۆریای باکور، ڕوبەرەکەی ١٢٠ هەزار کیلۆمەترە و دانیشتوانەکەی ٢٢ ملیۆنە. کۆریای باکور مەترسیدارترین شوێنی جیهانە، ڕژێمێکی داخراوی دڕندە حوکمی دەکات کە تاڵیبان و داعش لە چاویدا پەپولەن. خەڵکی کۆریای باکور، لەژێر هێڵی برسێتی یەوە دەژین، داهاتی خێزانێك لە مانگێکدا لە خوار ١٠٠ دۆلارەوەیە. لە کۆریای باکور تەنها یەك پرەنسیپ هەیە بۆ ژیان ئەویش زەلیلی و برسێتی و سوپاسگوزاریی وکڕنوشبردنە بۆ دیکتاتۆرێکی دڕندەی بەناو کۆمۆنیست کە خۆی خاوەنی دەیان ملیار دۆلارە. ئەم دڕندەیە کە لە باوك و باپیری یەوە دەسەڵاتی بۆ ماوەتەوە، وڵاتی لە هەموو شارستانی یەك دابڕیوە، خەڵکەکەی لە بچوکترین مافی ژیان بێ بەری کردوە بەجۆرێك مافی بینینی تەلەفزیۆن و گوێگرتن لە ڕادیۆشیان نیە. ئەم کابرایە بە درێژایی ١٥٠ کم سنور لەگەڵ کۆریای باشور، بە قوڵیی چوار کیلۆمەتر، مەترسیدارترین ناوچەی ئەمنی سەربازی دروستکردوە کە هاوڵاتیانی کۆریای باکور بە خەونیش دەرفەتی گەیشتنیان بە کۆریای باشور نیە.

بۆ هاوڵاتیەکی کۆریای باکور (ئەگەر بەخت و پارە یاوەری بێت) ڕێگای گەیشتنی بە کۆریای باشور لە ڕؽگەی تایلاندەوە، ٧ هەزار کیلۆمەتر و بیست هەزار دۆلارە کە داهاتی نزیکەی بیست خێزانی کۆریای باکورە لە ساڵێکدا. هاوڵاتیانی کۆریای باکور ناتوانن سەردانی هیچ وڵاتێك بکەن، هەرچەندە بۆ ڕوسیا و چین ڤیزەیان ناوێت!

کۆریای باشور جگە لە کۆریای باکور، دراوسێ ی نیە، بەڵام کۆریای باکور جگە لە کۆریای باشور، لەگەڵ ڕوسیا و چین دراوسێ یە و لەگەڵ هەردوکیاندا باشترین پەیوەندی دیپلۆماتی هەیە و هەردو وڵات پشتیوانی مانەوەی ڕژێمی کۆریای باکور دەکەن.

کۆریای باکور، ١٧ کم سنوری لەگەڵ روسیادا هەیە، بەڵام هەر هاوڵاتیەک بگاتە ڕوسیا، حکومەتی روسیا ڕادەستی کۆریای باکوری دەکاتەوە و لەوێش نەك هەرخۆی، یەکسەر هەرچی کەسوکارەکەشی هەیە دەرخواردی سەگ ئەدرێن. هاوکات حکومەتی ڕوسیا پشتێنەیەکی ئەمنی قورسی بە چواردەوری کونسوڵگەری کۆریای باشور دا لە شاری ڤلادیڤۆستك دروست کردوە تاوەکو هاوڵاتیانی کۆریای باکور نەخەڵەتابن بگەنە دەروازەکانی کونسوڵگەری یەکە.

کۆریای باکور ١٣٠٠ کم سنوری بە چین ە وە هەیە، بەڵام دەسەڵاتدارانی چین بەهەمان شێوەی ڕوسیا لەگەڵ هاوڵاتیانی کۆریای باکوردا ڕەفتار دەکەن، ئەگەر دەربازی چین ببن. چین هاوشێوەی ڕوسیا، هەر هاوڵاتی یەکی کۆریای باکور بگرێ، یەکسەر ڕادەستی دەکاتەوە، هاوکات پشتێنەیەکی ئەمنی توندی دروست کردوە بە چواردەوری سەرجەم باڵوێزخانە و کونسوڵگەریەکانی کۆریای باشور و وڵاتانی ئازاد دا، لە سەرجەم شار و ناوچەکانی چین.

ئەگەر کەسێك توانای بیست هەزار دۆلاری هەبێت، ڕەنگە بتوانێ لە چین ەوە بە قاچاغ بگاتە تایلاند، دیارە (ڤێتنام و لائوس) یش هاوشێوەی چین و ڕوسیا ڕەفتار لەگەڵ پەنابەرانی کۆریای باکور دەکەن و یەکسەر ڕادەستی ڕژێمی ئەو وڵاتەیان دەکەنەوە. تاکە دراوسێی چین کە هاوسۆز بێت لەگەڵ پەنابەرانی کۆریای باکوردا، مەنگۆلیا یە، بەڵام گەیشتن بە مەنگۆلیا زۆر سەختە و تا ئێستا تەنها دایك و کچێك بە قاچاخ بە وڵاتی چین دا بە پێ و بە سواری حوشتری بیابانە ساردەکانی مەنگۆلیادا گەیشتونەتە مەنگۆلیا.

تاکە ڕیگەی سەلامەت، ڕێگەی ژاپۆنە، بەگەیشتنی هەر هاوڵاتیەکی کۆریای باکور بە خاکی ژاپۆن یان ئاوی ئیقلیمی ژاپۆن، لە کەمتر لە ٢٤ سەعاتدا ژاپۆن دەیانگوازێتەوە بۆ کۆریای باشور، بەڵام دەریای ژاپۆن کە لە قوڵترین دەریاکانە، دووری نێوان کەنارەکانی لە هەردو بەری کۆریای باکور و ژاپۆنەوە هەزار کم ە. بە درێژایی ٦٩ ساڵی ڕابردوو تەنها سێ کەس بە بەلەمی بچوك گەیشتونەتە ژاپۆن.

هاوشێوەی پلانی جۆرج مارشاڵ بۆ بنیاتنانەوەی ئەڵمانیا و ئەوروپا، ئەمریکا ویستی سیستەمێکی تازەی ئابوری-سیاسی لە خۆرهەڵاتی دوور بەتایبەتی لە ژاپۆن و کۆریا و چین و دورگەی تایوان و ڤێتنام دابمەزرێنێت، یەکەم هەنگاویشی بە گۆڕینی دەستوری ژاپۆن لە ئیمپراتۆریەتی ڕەهاوە بۆ ئیمپراتۆرێتی دەستوریی دەستپێکرد. بەڵام نەخشەکەی بەهۆی یەکێتی سۆڤێت و سەرکەوتنی کۆمۆنیستەکان لە شەڕی ناوخۆی چین دا، لە کۆریای باکور و ڤێتنام شکستی هێنا. سیستەمی ئابوری و ستایلی پێشکەوتنی ژاپۆن ١٠٠ ساڵ و، دورگەی تایوان و کۆریای باشوریش بە دەیان ساڵ لە پێش (چین)ەوەن.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×