كۆمپانیای ئاسیاسێڵ: ئه‌و شۆفێره‌ی له‌بۆردومانه‌كه‌ی‌ پێنجوێندا گیانیله‌ده‌ستدا كارمەندی ئێمە بو
  2023-08-12       690       


راگەیاندنی كۆمپانیای ئاسیاسێڵ بڵاویكرده‌وه‌، ئه‌و شۆفێره‌ی له‌بۆردومانه‌كه‌ی‌ دوێنێی‌ سنوری‌ قه‌زای‌ پێنجوێندا گیانیله‌ده‌ستدا كارمەندی ئه‌وان بووه‌. ئه‌وه‌ش ده‌خاته‌ڕو كه‌ هه‌رسێ قوربانییه‌كه‌ كه‌ له‌بۆردومانه‌كه‌ گیانیانله‌ده‌ستدا عه‌ره‌بن‌و حه‌ڵكی‌ شاری‌ موسڵن.

ئاوێنه‌: دوێنێ هه‌ینی‌، ئۆتۆمبێلێك لەسەر رێگەی ملەی نەڵمە لەناحیەی ناڵپارێزی قەزای پێنجوێن بەدرۆن کرایە ئامانج؛ سێ كه‌س له‌ئوتۆمبێله‌كه‌دا بون‌و سه‌رجه‌میان شه‌هیدبون.

دوای‌ ڕوداوه‌كه‌ دژە تیرۆری كوردستان (پارتی) رایگەیاند، ئەو سێ كەسەی لەهێرشەكەی پێنجوێندا كوژراون پێكدێن لە"بەرپرسێکی باڵای پەکەکەو چەکدارێکی دیکەو شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە."

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌، كۆمپانیای ئاسیاسێڵ لەراگەیەندراوێكدا بڵاویكردۆته‌وه‌، "دوێنێ فڕۆكەیەكی بێ فڕۆكەوان نزیك ناڵپارێزی قەزای پێنجوێن، بۆردومانی ئۆتۆمبێڵیكی كرد كە سێ كەسی تێدابوو، بەشۆفێرەكەوە كە فەرمانبەری ئاسیا سێل بوو لەپارێزگای موسڵ. خوالێخۆشوبو ناوی (حەسەن ئەحمەد كەشمولە)یەو عەرەبی موسڵاویە، هاتبوو سەردانی كچەكەی بكات لەسنوری باشماخ كە خوێندكارە لەكۆلیجی پزیشكی شاری سنەو بیهێنێتەوە بۆ موسڵ".

راشیگه‌یاندووه‌، "دوو كەسەكەی تریان باوك و كچێك بوون بەناوی (زیاد مستەفا خدر)و كچەكەی لەدایكبوی 2006 بوو دانیشتووی رەشیدیەی موسڵە بۆ هەمان مەبەستی حەسەن كەشمولە كە دراوسێیان بووه‌و بۆ هێنانەوەی كچەكەیان بۆ موسڵ."

كۆمپانیای ئاسیاسێڵ ده‌شڵێت، "ئەمانە هەموویان بەهۆی باری نا هێمنی لەموسڵدا هاتبونە دهۆك، هەمووشیان عەرەبی موسڵن، بەداخەوە ئەم هێرشە كۆتایی بەژیانیان هێنا."

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×