وەزیری دارایی عێراق بە بڕیارێک هەزاران حساب بانکی ڕاگرت
  2023-08-13       601       

 تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق رایگەیاند، بەهەزاران هەژماری بانكیان هەڵوەشاندۆتەوە بەتایبەت ئەو هەژمارانەی هیچ بڕە پارەیەكیان لەسەر نەبوە.

ئاوێنە: ڕۆژی/١٢ی ئابی ٢٠٢٣، لەمیانەی دانیشتنی پەرلەمانی عێراقدا و سەبارەت بە پرسیاری پەرلەمانتاران لەبارەی ئەو هەژمارە بانكیانەی بەشێوەی نایاسایی كراونەتەوە تەیف سامی رایگەیاند، بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران، ڕاسپاردەیان ئاڕاستەی بانكی ناوەندی كردوە، بۆئەوەی كار بە سیستەمی ئۆتۆماتیكی بكات لە بانكەكان و بە پشت بەستن بەو سیستمەش گرێبەست لەگەڵ كۆمپانیا تایبەتەكان ئامادە دەكات.

وتیشی، هەزاران هەژماری بانكی خاڵی لە باڵانس هەڵوەشێندراونەتەوە، كاركردنیش بەردەوامە بۆ جێبەجێكردنی سیستەمی ئۆتۆماتیكی لە بانكەكان و بەشەكانی دیكەی وەزارەتی دارایی.

ئاماژەی بەوەدا، وەزارەتی دارایی كارمەندەكانی دەنێرێت بۆ خولی ڕاهێنان لەسەر كاركردن لە سیستمی ئۆتۆماتیكی تاوەكو زانیاریان لەبارەی ئەو سیستمەوە هەبێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×