فواد حسێن: لەگەڵ هاكان فیدان باسمان لە هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم كرد
  2023-08-22       447       

فواد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە بەغدا دوای كۆبونەوەی لەگەڵ هاكان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، لە كۆبونەوەكەدا باسیان لە چەند پرسێك كردوە لەوانە پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە و دەشڵێت: "هیوادارین بگەینە چارەسەر بۆ ئەو کێشەیە."

 ئاوێنە: فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی توركیا، وتی، لە کۆبوونەوەکەدا باسیان لە چەندین پرس کردوە لەوانە؛ پەیوەندیی نێوان هەردو وڵات، دۆخی دەروازە سنورییەکان، گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا، بەشە ئاوی عێراق لە روباری دیجلە و فورات و هەناردەرکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە.

وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند، لە ماوەیەکی سنورداردا پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتەکەی و تورکیا گەشەی کردوە و "بەردەوام لە گەشەکردندایە."

وتیشی، "هەردو وڵات روبەڕوی گۆڕانکاریی کەشوهەوا دەبنەوە"، بەڵام گۆڕانی کەشوهەوا، هەڕەشە لە کشتوکاڵ و دانیشتوانی عێراق دەکات، بۆیە لەو روەوە پێویستیان بە هەماهەنگیی تورکیایە بۆ روبەڕوبونەوەی ئەو قەیرانە.

بەپێی قسەی فواد حسێن، یەكێكی دیكە لە تەوەرەكانی كۆبونەوەكەیان لەگەڵ وەزیری دەرەوەی توركیا، دۆخی ئەمنی بووە. لەوبارەوە وەزیری دەرەوەی عێراق وتی، "ئێمە پابەندین بە دەستوری عێراق و باوەڕی تەواومان پێی هەیە کە رێگە بە هیچ رێکخراو، یان حیزب و لایەنێک نادات خاکی عێراق بەکاربهێنێت بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دیکە."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×