حكومەتی عێراق لەبارەی چەككردنی هێزەكانی رۆژهەڵات: پابەندبونی خۆمان بەرامبەر ئێران جێبەجێكردوە
  2023-08-28       422       

وتەبێژی حكومەتی عێراق دەڵێت، وڵاتەكەی پابەندبونی خۆی لە رێككەوتنی ئەمنی لەگەڵ ئێران جێبەجێ كردوە، كە بەپێی رێككەوتنەكە پابەندییەكانی بریتین لە: رێگریی لە دزەكردنی چەكداران، رادەستكردنی داواكراوان، چەكداماڵین و لابردنی كەمپەكانی چەكداران، ئەوەش وەك ئاماژەیەك بۆ هێزەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لە هەرێم.

ئاوێنە: باسم عەوادی، وتەبێژی رەسمی حكومەتی عێراق، ئەمڕۆ دوشەممە، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس(تویتەری پێشو)، نوسیویەتی"گرنگترین بنەمای سیاسەتی دەرەوە ئەوەیە كە عێراق لایەنێك نییە بۆ زیانگەیاندن بە دراوسێكانی و سەروەری عێراقیش پێویستی بە لێكتێگەیشتنی ئەمنی هەیە بۆ پاراستنی سنورەكانی عێراق لەهەر دەستدرێژییەك."

ئەوەشی وتوە"بۆیە عێراق رێككەوتنێكی لەگەڵ ئێران ئیمزاكردوە بۆ (رێگریی لە دزەكردنی چەكداران، رادەستكردنی داواكراوان، چەكداماڵین و لابردنی كەمپەكانی چەكداران)، عێراق پابەندییەكانی خۆی لەمڕوەوە جێبەجێكردون."

ئەوەش لەكاتێكدایە كە ئەمڕۆ ناسر كەنعانی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، رۆژی 19ی ئەیلول دوا وادەیە بۆ داماڵینى چەک لە هێزەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان كە لە هەرێمی كوردستانن و بە هیچ شێوەیەك وادەكەی درێژ ناكرێتەوە و پێویستە هەرێم و بەغدا ڕێککەوتنەکە جێبەجێ بکەن.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×