بەموشەك هێرشكرایە سەر بنكەیەكی سەربازیی ئەمریكا لە نزیك فڕۆكەخانەی بەغدا
  2023-10-20       511       

درەنگانی شەوی رابردو، بە موشەك هێرشكرایە سەر بنكەیەكی سەربازیی ئەمریكا لە نزیك فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا.

ئاوێنە: ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئەمنییەوە بڵاویكردۆتەوە،درەنگانی شەوی رابردو لانیکەم دو موشەکی کاتیۆشا لە دەورووبەری بنکە سەربازییەکە کەوتونەتە خوارەوە، بەڵام هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانیی نەبوە.

 هێرشەكەی سەر ئەو بنكە سەربازییە ئەمریكییە كە بە بنكەی سەربازیی ڤیكتۆری ناسراوە، چەند سەعاتێك دوای هێرشكردنە سەر بنكەی ئاسمانی عەین ئەسەد هات لە ئەنبار كە هێزەكانی ئەمریكاو هاوپەیمانان لەخۆدەگرێت.

 شەوی پێنجشەممە، بە درۆن و موشەک هێرشکرایە سەر بنکەی ئاسمانیی عەین ئەسەد لە عێراق و دەنگی چەند تەقینەوەیەک لە نێو بنکەکە بیسترا.

گروپی چەکداریی "مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، بنکەی عەین ئەسەدی "داگیرکاریی" ئەمریکایان بە ژمارەیەک موشەک کردوەتە ئامانج و بەهۆیەوە ئامانجەکانیان بە"وردی و راستەوخۆ" پێکاوە.

رۆژی چوارشەممەش، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەكانی ئەمریكا لە راگەیەندراوێكدا وتی، لەماوەی 24 سەعاتی رابردو، بە سێ درۆن دو هێرشی جیا كراوەتە سەر هێزەكانیان لە عێراق.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، هێرشی یەكەمیان بە دو درۆن بوە بۆ سەر بنكەی ئاسمانی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبارو یەكێك لە درۆنەكان تێكشكێنراوەو گورزیش لە درۆنی دوەم وەشێنراوە، لە هێرشەكەدا هێزەكانی هاوپەیمانان برینداری سوكیان هەبوە.

 هەر بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، هێرشی دوەم بۆ سەر هێزەكانیان بوە لە بنكەی سەربازیی هەریر لە پارێزگای هەولێر كە لە رێگەی درۆنێكەوە ئەنجامدراوە، هێزەكانی ئەمریكا درۆنەكەیان تێكشكاندوەو هێرشەكە هیچ زیانی گیانی و ماددی لێ نەكەوتۆتەوە.

ژمارەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق بە نزیکەی 2500 سەرباز مەزەندە دەکرێت، کە بە شێوەیەکی سەرەکی لە بنکەی ئاسمانیی عەین ئەسەد، کەمپی ڤیکتۆریا و بنکەی سەربازی هەریر لە هەولێر جێگیر کراون.

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×