رەیان کلدانی: عێراقییەکان له‌به‌رامبه‌ر به‌ئامانجگرتنی‌ سوپاكه‌یان بێدەنگ نابن
  2023-10-22       885       
رەیان کلدانی

له‌كاردانه‌وه‌ی‌ ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌كانی‌ نێوان هێزی پێشمەرگە‌و سوپای عێراق لەچیای قەرەچوغ، رەیان کلدانی ئەمینداری گشتی بزوتنەوەی بابلیۆن ده‌ڵێت، "سوپا هێڵی سورەو عێراقییەکان له‌به‌رامبه‌ر به‌ئامانجگرتنی‌ سوپای عێراق بێدەنگ نابن".

ئاوێنه‌: ئێواره‌ی‌ ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌، لەسەر شوێن‌و بارەگا چۆڵكراوه‌كانی پەكەكە لەچیای قەرەچوخی‌ سنوری قه‌زای‌ مەخمور شەڕ لەنێوان سوپای عێراق‌و پێشمەرگە رویدا، له‌ئه‌نجامدا پێشمه‌رگه‌یه‌ك له‌ڕوبه‌ڕبونه‌وه‌كاندا گیانیله‌ده‌ستداو چواری‌ دیكه‌ش برینداربون. هاوكات ناوەندی هەواڵی نیشتمانی عێراقی بڵاویكردەوە كه‌ سێ سەربازی سوپای عێراق لەشەڕەكەدا كوژراون.

لای‌ خۆیه‌وه‌ رەیان کلدانی له‌تۆڕی‌ ئێكس نوسیویه‌تی‌، "بەتەواوی متمانەوە زۆر بەرونی دەیڵێن، هەر لایەنێک سوپای عێراق بەئامانجبگرێت، ئەوا عێراقییەکان بێدەنگ نابن‌و زەوی لەژێر پێی دەستدرێژکاراندا دەهێننە لەرزە.. سوپا هێڵی سورە".

پێكدادانه‌كه‌ی‌ نێوان سوپای عێراق‌و پێشمەرگە دوای‌ ئه‌وه‌ ڕویدا كه‌ هێزێکی پێشمەرگە داوایان لەسوپای عێراق كردووه،‌ ئەو خاڵە سەربازییانەی پەکەکە چۆڵی کردووە، رادەستی پێشمەرگە بکرێنەوە، چونكه‌ لەسنوری ئەواندایە، بەڵام سوپای عێراق رەتیانکردووەتەوەو بەو هۆیەوە شەڕ لەنێوان هەردولا دروستبووه‌.

چه‌ند ڕۆژێك له‌مه‌وبه‌ر هێزەکانی فیرقەی 14ی سوپای عێراق چوار خاڵی سەربازیی چاودێرییان لەسەر چیای قەرەچوخ لەپەکەکە وەرگرتەوە کە بەپێی رێککەوتنێک لەلایەن سوپای عێراق وەرگیرایەوە.

پێشتریش فەرماندەیی ناوەندی پاراستنی گەل (هەپەگە) كشانه‌وه‌ی‌ سەرجەم هێزەکانی‌ لەکەمپی مەخمور ڕاگه‌یاند بۆ ناوچەکانی پاراستنی میدیا کە مەبەست لێی قەندیل‌و ناوچەکانی دیکەی هه‌رێمی‌ کوردستانە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×