بەهۆی بانگەشەكردن بۆ حزبی بەعس ٧٥ كەس لە عێراق دەستگیركران
  2023-10-24       345       

دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق ڕایگەیاند، هێزە ئەمنییەكانی عێراق ٧٥ كەسیان لە پارێزگاكانی نەینەوا، دیالە، ئەنبار، سەڵاحەدین و قادیسیە دەستگیركردووە كە بانگەشەیان بۆ حزبی بەعس کردووە.

دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق لەبارەی دەستگیركردنی ژمارەیەك هاوڵاتییەوە بە تۆمەتی بڵاوكردنەوەی بیری حزبی بەعس ڕاگەیاندراوێكی بڵاوی كردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەكەدا هاتووە، بە ئامانجی پاراستنی سەقامگیریی كۆمەڵگە، دوای پڕۆسەی چاودێریی و بەدواداچوونی ورد و بەدەستهێنانی ڕەزامەندی دادوەر، هێزە ئەمنییەكانی عێراق توانیان ٧٥ كەس لە پارێزگاكانی نەینەوا، دیالە، ئەنبار، سەڵاحەدین و قادیسیە دەستگیر بكەن، كە لە ڕێگەی وێنە و ڤیدیۆ لە سۆشیال میدیا بانگەشەیان بۆ حزبی بەعس دەركرد.

ئاماژە بەوەش كراوە، وتەی تۆمەتباران وەرگیراوە و كەلوپەلەكانیان دەستی بەسەرداگیراوە و ڕەوانەی دەسەڵاتی دادوەریی كراون، بۆ ئەوەی ڕێكاری پێویستیان بەرامبەر بگیرێتەبەر، هەروەها دەستگیركردنی ئەو تۆمەتبارانە بە پشتبەستن بە یاسای ژمارە ٣٢ی ساڵی ٢٠١٦ی قەدەغەكردنی حزبی بەعس بووە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×