سەرۆك كۆمار: گرتنەوەی ئاو لەلایەن وڵاتانی دراوسێوە هۆكاری وشكەساڵی عێراقە
  2023-10-24       235       

سەرۆك كۆماری عێراق ڕایگەیاند، چەند هۆكارێك هەیە كاریگەری لە سەر قەیرانی ئاو و وشكەساڵی عێراق هەیە، یەكێك لەو هۆكارانە گرتنەوەی پشكی ئاوی عێراقە لەلایەن وڵاتانی دراوسێوە، كە ڕێگری دەكەن لە بەردانەوەی ئاو بۆ ناو هەردوو ڕووباری دیجلە و فورات.

وەزارەتی ژینگەی عێراق  وۆرك شۆپێكی بە بەشداری چەندین سەركردە و كەساییەتی ئەنجامدا، لەو وۆرك شۆپەكەدا جەمال ڕەشید سەرۆك كۆماری عێراق وتارێكی پێشكەش كرد.

سەرۆك كۆمار ڕایگەیاند، هۆكارەكانی كەمی ئاو دەگەڕێتەوە بۆ چەند هۆكارێكی بنەڕەتی پەیوەست بە كەشوهەوا وەك كەمی ڕێژەی بارانبارین، پلەی گەرمی بەرز، وشكەساڵی و بیابانبوون، ئەمانەش لە دەرەوەی توانایی مرۆڤە و كارێكی سروشتییە.

ئاماژەی بەوەش كرد، هەوڵی جدی بۆ كۆكردنەوەی ئاو بۆ سوود وەرگرتن لە باران و بارینی بەفر لە ناوچەكانی هەرێم هەیە، هەروەها هەوڵ هەیە بۆ پەیڕەوكردنی شێوازی سەردەمیانە بۆ كۆكردنەوەی ئاو لە دەریاچەكاندا لە ڕێگەی درووستكردنی بەنداوەكان.

دەشڵێت: هۆكارێكی تری كەمی ئاو گرتنەوەی پشكی ئاوی عێراقە لەلایەن وڵاتانی دراوسێوە، كە ڕێگری دەكەن لە بەردانەوەی ئاو بۆ ناو هەردوو ڕووباری دیجلە و فورات، هەروەها عێراق لە ڕێگەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، هەوڵ دەدات پشكی ئاوی خۆی وەربگرێت.

لە كۆتاییشدا وتی: هۆكارێكی تری كەمی ئاوی بە فیڕۆچوونی ئاوە، بۆیە پێویستە بەڕێوەبردنی بەكارهێنانی ئاو و شێوازە مۆدێرنەكان لە سیستەمی ئاودێری و كشتوكاڵیدا بەكاربهێنرێت.

دەوڵەتی داگیركەری تورك ئاوی ڕووباری دیجلە لە ڕێگەی بەنداوی ئیلیسۆوە و ئاوی ڕووباری فورات لە ڕێگەی بەنداوی ئەتاتوركەوە دەگرێتەوە، دەوڵەتی تورك ماوەی پێنج ساڵە پشكی  ئاوی سووریا و عێراق بە ڕێژەی ٦٠٪ بۆ ٧٠% لە ڕووبارەكانی دیجلە و فورات دەدزێت، ئەمەش كاریگەریی لەسەر ژیانی ملیۆنان هاوڵاتی درووست كردووە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×