جارێكی تر هێرش كرایە سەر بنكەی ئاسمانی عەین ئەسەد لە ئەنبار
  2023-10-24       320       

ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە، جارێكی دیكە هێرش كرایە سەر بنكەی ئاسمانی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار كە هێزەكانی ئەمریكاو هاوپەیمانان لەخۆدەگرێت. هێرشەكە بە موشەك ئەنجام دراوەو گروپێكی چەكدار بەرپرسیارێتییەكەی هەڵگرت.

ئاوێنە: بەپێی میدیا عێراقییەكان، ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە، بنكەی ئاسمانی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار بە دو موشەك كراوەتە ئامانج.

بەگوێرەی سەرچاوە ئەمنییەكانی عێراق، موشەكەكان لە جۆری گراد بون و لە دەوروبەری بنكە سەربازییەكە كەوتونەتە خوارەوەو لەدوای هێرشەكەش هێزە ئەمنییەكان دەستیان كردوە بە گەڕان بەدوای سەرچاوەی هاویشتنی موشەكەكاندا، دەستگیراوە بەسەر چەند سەكۆیەكی هەڵدانی موشەكی جۆری گراددا.

"موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق"، كەمێك لەمەوبەر لە راگەیەندراوێكدا بەرپرسیارێتی هێرشەكەی لە ئەستۆ گردو رایگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ بە زنجیرەیەك موشەك هێرشیان كردۆتە سەر بنكەی ئاسمانیی عەین ئەسەد لە ئەنبارو  موشەكەكان "ئامانجی خۆیان پێكاوە."

هێرشەكەی ئێوارەی ئەمڕۆ لە چوارچێوەی ئەو زنجیرە هێرشانەدا دێت كە ماوەی چەند رۆژێكە دەكرێنە سەر بنكەی سەربازیی عەین ئەسەد، بنكەی ڤیكتۆری لە نزیك فڕۆكەخانەی بەغداو بنكەی ئاسمانی هەریر لە هەولێر كە هەمو بنكەكان هێزەكانی ئەمریكا لەخۆدەگرن.

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×