دەستەی دەستپاکیی عێراق: بەرپرسێك و چەند فەرمانبەرێك ملیۆنێک دۆلاریان دزیوە
  2023-11-14       252       

دەستەی دەستپاکیی فیدراڵی ڕایگەیاند، لە یاریكردن بە نرخی دۆلار لە گرێبەستێكدا، بەرپرسێك و چەند فەرمانبەرێكی پارێزگای بابل ملیۆنێك دۆلاریان دزیوە.

 ئەمڕۆ سێشەممە 14/11/2023 دەستەی دەستپاکیی عێراقی فیدراڵ بڵاوی کردەوە: "لەسەر دزینی یەک ملیۆن دۆلار، فەرمانگەی لێکۆڵینەوەی دەستپاکی فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ شەش تاوانبار لە دیوانی پارێزگای بابل جێبەجێ كرد.''

سەبارەت بە وردەكاریی زیاتر هاتووە: "تیمی لێکۆڵینەوە ئەو دزییەی لە ژمێرەی پلانی وەبەرهێنان ئاشکرا کردووە، تاوانباران لە میانەی زیادکردنی نرخی دۆلار لە هەزار و 190 دینارەوە بۆ هەزار و 460 دینار کە لە گرێبەستەكەدا جێگیر کراوە، پارەكەیان دزیوە.''

ئاماژەی بەوەش کردووە: "بۆ پەردەپۆشكردنی كردەوەی دزییەكە مێژووی كۆن بە خەرجکردنی پارەکە دراوە، ئەوەش بەپێچەوانەی ڕێنماییەكانی خەرجکردن بووە، لیژنەی خەرجییەکان زیاتر لە یەك ملیۆن دۆلاریان خەرج کردووە، وەکوو جیاوازی بۆ نرخی هەردوو پێشینەکە ئەویش پاش گەمەکردن بە پێشینەکە و گۆڕینی نرخەکەی كراوە.''

دەستەی دەستپاكی ئاشكراشی كردووە: "فەرمانی دەستگیرکردن بۆ هەریەک لە بەڕێوەبەری گرێبەستەكان و ئەندازیار و بەڕێوەبەری پێشووی گرێبەستەكان و سێ کەس لە ئەندامانی لێژنەکە دەرکراوە.''

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×