دادگای فیدراڵی ئەندامێتی محەمەد حەلبوسی لە پەرلەمانی عێراق هەڵوەشاندەوە
  2023-11-14       639       

دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە، بڕیاریدا بە هەڵوەشاندنەوەی ئەندامێتی محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی پەرلەمان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.

ئاوێنە: دادگای باڵای فیدراڵی لە راگەیەندراوێكدا وتی، دادگاكەیان ئەمڕۆ سێشەممە، لە دانیشتنی خۆیدا لەبارەی سكاڵایەك بڕیاریدا بە كۆتاییهێنان بە ئەندامێتی محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و هەروەها پەرلەمانتار لەیس مستەفا لە پەرلەمانی عێراق.

دادگای باڵای فیدراڵی رایگەیاندوە، كۆتاییهێنان بە ئەندامێتی لەیس مستەفا لە پەرلەمانی عێراق لەسەر بنەمای دەستلەكاركێشانەوەی خۆی بڕیاری لێدراوە.

لەیس دلێمی كە بەهۆی سكاڵاكەیەوە ئەندامێتی حەلبوسی لە پەرلەمان كۆتایی پێهێنرا، رایگەیاند، ئەمڕۆ دادگەی باڵای فیدراڵی بەتۆمەتی "ساختەکردنی نوسراوی رەسمی" بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ئەندامێتی محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراقی دەرکرد.

دادگای فیدراڵی جەحتی كردۆتەوە كە لە رۆژی دەرچونییەوە، دەبێت سەرجەم دەسەڵاتەكان پابەندیی تەواویان بە بڕیارەكەوە هەبێت.

بڕیاره‌كه‌ی دادگای فیدڕاڵی تایبه‌ته‌ به‌دۆسیه‌ی ساخته‌كاری سه‌باره‌ت به‌نامه‌ی ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی له‌یس مسته‌فا دلێمی ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عێراق كه‌ پێشتر نامه‌یه‌كی ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی به‌واژۆی حه‌لبوسی بڵاوكرایه‌وه‌، به‌ڵام دواتر ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ سكاڵای تۆماركرد و رایگه‌یاند، ئه‌و نامه‌ی ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌یه‌ ساخته‌یه‌ و سه‌رۆكی پەرلەمان خۆی نوسیویه‌تی و هه‌ر خۆشی واژۆی له‌سه‌ركردوه‌.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×