بانكی ناوەندیی عێراق و بانكە توركییەكان رێككەوتنێك ئەنجامدەدەن
  2023-11-15       414       

ئاژانسی رەسمی هەواڵی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە زاری سەرچاوەیەكی رێگەپێدراو لە بانكی ناوەندیی عێراقەوە بڵاویكردەوە، بانكی ناوەندیی عێراق لەگەڵ بانكە توركییەكان رێككەوتوە لەسەر كردنەوەی ئەژمار بۆ بانكە عێراقییەكان، ئەوەش "بە ئامانجی بەرزكردنەوەی ئاستی حەواڵەی دەرەكی بە یۆرۆ"

ئاوێنە: سەرچاوەكە رایگەیاندوە، بانكی ناوەندیی عێراق لەگەڵ بانكە توركییەكان رێككەوتنێكی ئەنجامداوە بۆ كردنەوەی ئەژمار بۆ بانكە عێراقییەكان بۆ مەبەستی حەواڵەی دەرەكی و بەرزكردنەوەی ئاستی باڵانسی پارەداركردنی بازرگانی دەرەكی بە یۆرۆ.

سەرچاوەكەی بانكی ناوەندیی عێراق ئاماژەی بەوەشداوە كە رێككەوتنەكە لەمیانی دیدارێكی عەلی عەلاق، پارێزگاری بانكی ناوەندیدا هاتوە لەگەڵ باڵیۆزی توركیا، سەرۆكی ئەنجومەنی كاریی توركی و بەڕێوەبەرانی لقەكانی بانكە توركییەكان لە عێراق.

بەپێی قسەی سەرچاوەكە، لە دیدارەكەدا چەند پێشنیارێكی دیكە خراونەتەڕو كە لە كۆتایی ئەم مانگەدا لە ئیستانبوڵ بە بەشداری بانكی ناوەندیی عێراق و نوێنەرانی بانكە عێراقییەكان تاوتوێ دەكرێن.

سەرچاوەكە ئەوەشی وتوە، رێككەوتنەكە لەپێناو كارئاسانییە بۆ پڕۆسەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان عێراق و توركیا بەتایبەت كە قەبارەی بازرگانی نێوان هەردو وڵات زۆر بەرزەو هەروەها رێككەوتنەكە ئاسانكاری دەكات لە فراوانكردنی دەروازەكانی حەواڵەی دەرەكی بۆ هاوردەكاران بە دراوی یۆرۆ.

هەروەك ئاماژەی بەوەشداوە كە رێككەوتنەكە لەچوارچێوەی ستراتیژییەتی بانكی ناوەندی و جێبەجێكردنی پلانەكەیدایە بە گواستنەوە لە پلاتفۆرمی ئەلیكترۆنییەوە بۆ حەواڵەكردن لەڕێگەی بانكەكانەوەو دروستكردنی كەناڵی جیاجیا بۆ حەواڵەی دەرەكی.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×