ئەمریکاو ئێران، دو هاوپەیمانی شاراوەو دو دژەیەکی ساختە
  2023-11-16       736       

نوسینی: بەختیار نامیق - سەرکەوتی جیهاز

 

بەرژەوەندی باڵا لەنێوان ئەمریکاو ئێراندا زۆر گەورەترە لە دژایەتی و ململانێیان، ئەمریکا بۆ ڕاگرتنی یەکێتی ناوەکی خۆی پێویستی بە زیاد لە هێزێک هەیە وەک دوژمن، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئێران وەک دۆستی نزیکی خۆی ڕۆڵی ئەو دوژمنەی بۆ دەبینێ، لە ئێستادا ئەمریکا بەدەر لە قۆڵی شەڕی ڕوس و ئۆکراین و ململانێی لەسەر تایوان و کۆریای باشور، جەنگی حەماس و ئیسرائیل بوە بە ئەولەویەتی، ئەوەی مەترسییە لەسەر ئەمریکا ترسی فراوانبون و گواستنەوەی شەڕە بۆ وڵاتانی ترو بەتایبەتیش عێراق، وەک چۆن نەیانهێشت جەنگی ئۆکرانیا بڵاوە بکات و بچێتە وڵاتانی ترەوەو قەتیسیان کرد لەناو ئۆکرانیا، ئاواش دەیانەوێ جەنگەکە لە غەززە تێنەپەڕێ.

لەعێراقدا ترسی سوننەکان بۆ ئەمریکا دو فایلە (قەومچییە عەرەبە سوننییەکان بەهەمان فۆرمی بەعس، ئیسلامی سوننی کە هێڵێکی ئیخوانەکانن و دەچێتەوە سەر حەماس و قاعیدە)، لە ئێستای ترسی فراوانبونی جەنگی حەماس و ئیسرائیل بۆ عێراق، ئەمریکا شیعە زۆر بە باشترو نزیک لە بەرژەوەندییەکانی دەبینێ وەک لە سوننەکان، دژایەتی ئێران زیاتر ئیعلامی بوە وەک لە جەنگی گەورە، تەنها پێکدادانی بچوک هەبوە، تا ئەو ڕادەیەی کە ئاغای سلێمانی کوژرا پەرچەکردارەکان لە یاری منداڵان دەچون، وەک ئەوەی ئێران خۆی گڵۆپی سەوزی بۆ ئەمریکا هەڵکردبێ، ئیتر ئەوەی دەوترێ ئەمریکا جەنگ دژی ئێران بەرپا دەکات، ئەگەر ڕێککەوتنێکی ئیعلامی نەبوایە لەنێوان خۆیاندا دەبو لە کوشتنی سلێمانی و موهەندیسەوە جەنگەکە ببوایەو بەقسەی هەندێ محەلیل ئێستە ئێران وێران بوایە.

بەکورتی ئەمریکا لە عێراقدا بۆ ئەوەی ئیسلامییە سوننە توندڕەوەکان و وێنەی دوەمی حەماس و قەومچی عەرەب و بەعسیسەکان دروست نەبنەوە پێویستی بە ئێران هەیە، لەم کاتەی جەنگدا ئەم سیناریۆیەی زەرەری کەمترە، هەر بۆیە گڵۆپی سەوزی بۆ شیعەی ئێرانی لە عێراقدا هەڵکردوە تا درۆنەکان و هەڕەشەی قاعیدەو حیزبی نوێی تری ئیسلامی سوننەو حەماسی عێراقی نەهێڵێت و ڕێگر بێت لە گواستنەوەی جەنگ بۆ عێراق و هەڕەشە بێت لەسەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە عێراقدا، ئێرانیش چەندین ساڵە سوننە بەکاردێنێ و ئەم حیزبانە وەک مریشک بەخێو دەکات لە پێش هەمویانەوە حەماس و ئێستە لەسەر سفرەی میوانداری ئەمریکا سەریان دەبڕێ، پێشتریش لەسەر سەدر ئەم ڕێککەوتنە کراو سەدر فرۆشرا، ئیتر هەڵبژاردن و کورسی زۆر درۆیەک و مکیاجێکی ناشیرینەو هیچ ناکات ئەگەر لەسەر هێڵێکی ئیقلیمی نەبێت، لەئێستادا دوای ڕێککەوتنی نهێنی ئەمریکاو ئێران کە دەزانین عێراق لەژێر هەژمونی ئێراندایەو سوریاش بۆ تورکیایە، درۆنەکانی عێراق و مەترسی ئەگەری دژە ئەمریکاو ئیسرائیل لای سوننەکان و حەلبوسی، بۆ ئەم مەبەستە چی ڕودەدا:

١-دادگای فیدڕاڵی حەلبوسی و سوننەکان ڕاپێچی دادگا دەکات.

٢-کڕینی غاز لە ئێران درێژدەکاتەوە.

٣-بانکەکان پڕ دەکاتەوە لە دۆلار.

٤-پارەی بلۆککراوی ئێران دەداتەوە...هتد.

لە بەرامبەریشدا بۆ ئەوەی ئێران بازنەی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا نەبڕێ و نەبێتە هێزێکی گەورەی چینی بۆ ڕێگای ئاوریشمی گەمارۆی زیرەک و گەمارۆی کۆمپانیاو کەسایەتییە دەستەڵاتدارەکانی ئێران بەکاردێنێ، واتا ئێران لە چوارچێوەی بازنەیەکدایەو بۆ پێویستبونی ئەمریکا بە ئێران (بچوک ببێتەوە هاوکاری دەکات، ئەگەر گەورەتربو هێڵی سوری بڕی لێیدەدات).

شیعەکان سیاسەت دەکەن و دەزانن چۆن مەلەفەکان بەجیا کاری لەسەر دەکەن، دەکرێ لە مەلەفێکدا شەڕیان هەبێت و لە مەلەفێکی تردا هاوپەیمانی، لەئێستای پەیوەندی نێوان ئەمریکاو ئێراندا ئەوەی لەسەر شاشەکان دەگوزەرێ هیچ نییە جگە لە بە کارتکردنی ڕاگەیاندن و سیناریۆ، بەرژەوەندییان گەورەترە لە ناکۆکی و ململانێیان.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×