سودانی دەستلەكاركێشانەوەی سێ وەزیرەكەی حزبەكەی حەلبوسی رەتكردەوە
  2023-11-20       475       

وتەبێژی حكومەتی عێراق رایگەیاند، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق دەستلەكاركێشانەوەی سێ وەزیرەكەی حزبەكەی حەلبوسی رەتكردۆتەوە.

ئاوێنە: باسم عەوادی، وتەبێژی رەسمی حكومەتی عێراق، ئەمڕۆ دوشەممە، لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرایكرد، سەرۆك وەزیران محەمەد شیاع سودانی ئەو دەستلەكاركێشانەوانەی رەتكردنەوە كە لەلایەن وەزیرانی پلاندانان و پیشەسازی و رۆشنبیرییەوە پێشكەشكرابون.

وتیشی، هەر سێ وەزیرەكە دەست دەكەنەوە بە كارەكانیان.

ئاماژەی بەوەشداوە، رەتكردنەوەی دەستلەكاركێشانەوەكان لەپێناو جەختكردنەوەیە لەسەر رێبازی حكومەت لە گەرەنتیكردنی نوێنەرایەتی سیاسی بۆ سەرجەم خەڵك بە پێكهاتەو هێزە سیاسییەكانییەوە تا لەگەڵ پابەندییەكانی حكومەت بۆ پشتیوانی لە سەرقامگیریی سیاسی و بەردەوامبونیدا بگونجێت و كارنەكاتە سەر یەكگرتویی كۆمەڵگەو كەشێكی سەقامگیر بڕەخسێنێ بۆ جێبەجێكردنی بەرنامەی حكومەت.

ئەوەش لەكاتێكدایە كە لەدوای هەڵوەشاندنەوەی ئەندامێتی محەمەد حەلبوسی لە پەرلەمانی عێراق لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە، ئەو سێ وەزیرەی حزبی تەقەدومی نیشتمانی كە حەلبوسی سەرۆكایەتی دەكات، دەستلەكاركێشانەوەی خۆیان لە حكومەتی عێراق راگەیاندبو.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×